سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا بۆ رووداو: کورد شایستەی دەوڵەتە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
مەی دۆست
هەڤپەیڤین لەگەڵ د. هاینز فیشەر، سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا
هەڤپەیڤین لەگەڵ د. هاینز فیشەر، سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا بڕیاری وەرگرتنی 96 کورد لە ساڵی 1974 دا بە "بڕیارێکی زێڕین" ناودەبات و دەستخۆشی لە رەوەندی کوردی دەکات کە توانیویانە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو لە ناو کۆمەڵگەی نەمساییدا تێکەڵ ببن و ببنە مایەی شانازی.
 
رۆژی چوارشەممە، 6ـی ئایاری 2026، لە ڤیەننا یادی 50 ساڵەی گەیشتنی یەکەمین شەپۆلی پەنابەرانی کورد بۆ نەمسا کرایەوە. رێوڕەسمەکە لەلایەن نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەمسا ساز کرا و نزیکەی 150 میوان ئامادە بوون.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، د. هاینز فیشەر، سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان ڤیەننا و گەلی کورد.
 
سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا، کە دۆستێکی دێرینی گەلی کوردە، لەم دیدارەدا پشتیوانی خۆی بۆ مافی چارەی خۆنووسینی کورد دەربڕی و رایگەیاند: "کوردیش مافی خۆیەتی وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە لە ناو قەوارەیەکی دەوڵەتیدا بە ئازادی بژیت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەقامگیری و دادپەروەری بۆ کورد، دەبێتە مایەی ئاشتی بۆ تەواوی ناوچەکە، لەوانەش تورکیا، ئێران و سووریا.
 
فیشەر هیواخوازە ئەم ساڵ سەرۆک بارزانی سەردانی ڤیەننا بکات و دەڵێت: "جارێکی دیکە پێکەوە دادەنیشین و باسی دۆخی کورد، نەمسا و ئەورووپا دەکەین."
 
هەڤپەیڤین: مەی دۆست 
 
رووداو: ئێوە لە دۆخێکی زۆر سەختدا 96 کوردتان هێنایە نەمسا، ئەوان لە نەمسا و لە کوردستانیش بوونە کەسی سەرکەوتوو. هەستتان بەرامبەر بەمە چییە؟
 
د. هاینتز فیشەر: ئەمشەو زۆر دڵخۆش بووم. تەنیا دەتوانم پیرۆزبایی لە رەوەندی کوردی لە نەمسا بکەم، چونکە ئەمڕۆ زۆر شتی ئەرێنی گوتران و ئەو رووداوانەی 50 ساڵیان بەسەردا تێپەڕیوە، بە شێوەیەکی زیندوو پێشکێش کران. هەروەها دەرکەوت بڕیارەکەی ڤیەننا بۆ قبووڵکردنی کورد وەکو پەنابەر لە نەمسا، لەبیر نەکراوە. هەموو بەتەمەنەکان ئەمەیان لەبیرە. منیش شانازی دەکەم ئەو کاتە نەمسا بڕیارێکی لەو شێوەیەی دا. ئەو سەردەمە من هاوکاری نزیکی برۆنۆ کرایسکی بووم و لە پەرلەماندا چالاک بووم. ئەوە بڕیارێکی زێڕین بوو.
 
رووداو: هەندێک لەو کوردانەی هاتنە نەمسا، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوونە وەزیر و بەرپرس. ئاییندەی هەرێمی کوردستان چۆن دەبینن؟
 
د. هاینتز فیشەر: من تاوەکو بتوانم لە رێگەی میدیا، رۆژنامە، تەلەڤزیۆن و هەروەها راپۆرتی باڵیۆزەکانەوە چاودێری دەکەم. دۆخەکە هێشتا زۆر سەختە. بەتایبەتی لەم مانگانەی دواییدا، لە ناوچەکە و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە شەڕ و پێکدادانی سەربازی روو دەدەن، نادڵنیاییەکی گەورە هەیە. بەڵام کوردی نەمسا لە ئاسایشدا دەژین. ئەوان لێرە تێکەڵی کۆمەڵگە بوون و لە کارە گرنگەکاندا کار دەکەن. بۆ ئەو کوردانەی هێشتا لە تورکیا، ئێران، سووریا و شوێنەکانی دیکە دەژین، تەنیا دەتوانم هیوای ئەوە بخوازم بتوانن بە ئاشتییانە ژیانیان بەردەوام بکەن و ئەو خواستەیان کە رۆژێک پێکەوە لە ناو یەک قەوارەی دەوڵەتیدا بژین، بێتە دی. نە بەیانی و نە دووبەیانی، بەڵام لە کاتێکدا کە عەقڵ و ژیری سەروەر بێت.
 
رووداو: ئێوە دۆستی سەرۆک مەسعود بارزانین، چ پەیامێکتان بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە؟
 
د. هاینتز فیشەر: هیوادارم تەندروستی باش بێت و بە سەلامەتی بمێنێتەوە و لە ساڵی 2026دا جارێکی دیکە بێتەوە ڤیەننا. ئەو کاتە جارێکی دیکە پێکەوە دادەنیشین و باسی دۆخی کورد، نەمسا و ئەورووپا دەکەین. زۆریش دڵخۆش دەبم ئەو هەمیشە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە نەمسا بڕوانێت.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان بووەتە ناوچەیەکی گەشەسەندوو، بەڵام لایەنەکان لەوێ زۆر ناکۆکن. وەک دۆستێکی کورد، چیتان بۆ ئەوان هەیە؟
 
د. هاینتز فیشەر: ئەزموونێکی کۆنی سیاسییە لە کۆتاییدا هەر گەلێک تەنیا خۆی دەتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات. واتە دەبێت کورد خۆیان بەدوای چارەسەردا بگەڕێن و بیدۆزنەوە. بەڵام ئەوەی من هیوای بۆ دەخوازم ئەوەیە حکومەتەکانی دیکە، نەتەوەکانی دیکە و هێزە چەکدارەکانی دیکە، بەرامبەر بە کورد بە عەقڵانی و دادپەروەرانە ڕەفتار بکەن. مافی مرۆڤ بۆ هەموو مرۆڤەکانە، ئەمە بۆ کوردیش ڕاستە. کوردیش مافی خۆیەتی لە ناو کۆمەڵگەیەکی دەوڵەتیدا بە ئازادی و سەربەخۆیی و بەگوێرەی ڕێساکانی خۆی بژیت. هیواخوازم ئەمە بێتە دی و لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا دەبێت. ئەمە نەک هەر هاوکاری کورد دەکات و ئاشتی دەهێنێت، بەڵکو ئەگەر بۆ گەلی کورد وەکو دەوڵەت فەزایەکی دادپەروەرانە و خۆسەر هەبێت، بۆ ئێران، تورکیا، سووریا و وڵاتانی دیکەش سوودی دەبێت.
 
رووداو: کورد لە رۆژئاوای کوردستان (کوردستانی سووریا) لە سەرەتای ئەمساڵدا رووبەڕووی زۆردارییەکی زۆر بوونەوە، دەبێت ئەورووپا بۆ پاراستنی ئازادیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان چی بکات؟
 
د. هاینتز فیشەر: بەڵێ، بێگومان ئەمە پرسیارێکی زۆر سەختە، چونکە کاریگەریی ئەورووپا بەسەر ئەو وڵاتانەی کورد دەتوانن وەکو نیشتمانی خۆیان بیبینن یان بە ئارامی تێیدا بژین، کەمە، چونکە ئەوان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان هەیە. رەنگە ئەورووپا بتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە کاریگەریی هەبێت، بەڵام ناتوانێت لە رووی سەربازییەوە بیکات.
 
بۆیە دەبێت ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت. ئەگەر دواتر قەوارەیەکی کوردیی نوێ دابمەزرێت و پێویستی بە هاوکاریی ئەورووپا هەبێت، بێگومان ئەورووپا بۆ ئەمە ئامادە دەبێت. بەڵام بۆ گەیشتن بەو قۆناخە و دامەزراندنی دەوڵەت، ئەو کاریگەرییەی ئەورووپا دەتوانێت هەیبێت، سنووردارە. ئەویش بە نیەتێکی باش، بە پشتگیرییەکی دادپەروەرانە و بە ئاماژەدان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی چارەی خۆنووسین دەبێت. بەڵام نابێت مرۆڤ کاریگەریی ئەورووپا بۆ گۆڕانکاریی دەوڵەتی بە زۆر گەورە ببینێت؛ ئەمە تێڕوانینی منە.
 
رووداو: ئاییندەیەکی گەش یان سەخت لەبەردەم هەر چوار پارچەی کوردستانە؟
 
د. هاینتز فیشەر: من فێربووم لە سیاسەتدا مرۆڤ ماف و ئەرکی هەیە گەشبین بێت. ئەگەر لە سەرەتاوە ڕەشبین بم و بڕوام بە هیچ نەبێت، ئەو شتە نایەتە دی. من بڕوام وایە راستە مرۆڤ بە گەشبینییەکی واقیعییەوە لە بەرەوپێشچوونی زیاتری کورد بڕوانێت. گەلی کورد شایستەی ئەوەیە لە کۆتاییدا بگاتە ئەو ئامانجەی کە دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە پێی گەیشتوون. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر دەوڵەت هەن، بۆچی بۆ کورد نەبێت؟ وەڵامەکە ئەوەیە، دەبێت گەلی کوردیش بتوانێت خۆی رێک بخات، دەوڵەتێک بونیاد بنێت و بەگوێرەی ڕێساکانی خۆی بژیت. من ئەمە بۆ هاوڕێکانم لە کوردستان دەخوازم.
 
رووداو: زۆر سوپاس د. هاینتز فیشەر بۆ کاتەکەت و بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
د. هاینتز فیشەر: زۆر سوپاس.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە