لەتیف رەشید: تاڵەبانی بەكردنەوەی هۆتێلەكەی سلێمانی زۆر خۆشحاڵ بوو

09-04-2014
هێڤیدار ئەحمەد
نیشانەکردن مام جەلال
A+ A-

هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد

چەند رۆژێك بوو لای تاڵەبانی گەڕابووەوە، رەنگە هەموو كەس چاوەڕێی ئەو بێت كە چ هەواڵێكی نوێی پێیە لەبارەی رەوشی تەندروستیی تاڵەبانی و گەڕانەوەی. لەتیف رەشید، ئاوەڵزاوای تاڵەبانی لەگەڵ كامەران قەرەداخی كە راوێژكاری تاڵەبانی بوو، لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر كتێبی دەكڕی و هەر لەوێ قسەی بۆ (رووداو) كرد. كاتێك گەیشتە دەزگای مەدا بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە و كتێبێكی جەواهیری بەناوی (قصائد و تأریخ و مواقف) بینی، گوتی "ئەم كتێبەم لەگەڵ خۆم بۆ تاڵەبانی برد" و دانەیەكی لە كتێبەكە كڕی. لەتیف رەشید لەم هەڤپەیڤینەدا زانیاری نوێ لەبارەی تەندروستیی تاڵەبانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "لە هەندێك رووەوە بووەتەوە بە مام جەلالەكەی جاران".

رووداو: ئەمجارە كەی بوو سەردانی تاڵەبانیت كرد؟

لەتیف رەشید: من لە 19/3/2014 چووم بۆ بەرلین، ئەو رۆژە درەنگ گەیشتم و كاتی ئەوە نەبوو سەردانی مام جەلال بكەم، بەڵام رۆژی دواتر لە كاژێر 11ی سەرلەبەیانی سەردانم كرد، تەماشام كرد خۆی ئامادە كردووە بچێتە دەرەوە، بۆیە رۆژی 20/3 چووینە دەرەوە، چونكە كەشناسی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو كە 21ی مانگ باران دەبارێت. برادەرانی ئەوێش چێشتخانەیەكیان بە كرێ گرتبوو، وەكو خانوو وابوو، باخچەی هەبوو، چێشتخانەكە لەسەر لێواری دەریاچەیەك بوو، مام جەلال دەچوو بۆ سەر دەریاچەكە.

رووداو: دەركەوتنی تاڵەبانی لەسەر راسپاردەی پزیشكەكانیەتی یان خۆی داوا دەكات؟

مام جەلال ئێستا زۆر حەزی لە خوێندنەوەیە

لەتیف رەشید: پزیشكەكان رێگری لەوە ناكەن مام جەلال دەربچێ و پیاسە بكات، ئەمە یەكەمجاریش نییە بەڵكو دوو جاری دیكەش چووەتە دەرێ.

رووداو: چیت لەگەڵ خۆت بردبوو بۆ مام جەلال؟

لەتیف رەشید: مام جەلال زۆر حەز لە خوێندنەوە دەكات، كە چووم كاسێتی جەواهیری و موزەفەر نەواب و كتێبێكی جەواهیریم بۆ برد، چونكە مام جەلال بەردەوام حەزی لە شیعرە و هەر ئەو سێ شتەشم بردبوو. مام جەلالیش ئەو رۆژانە سەیری ئینتەرنێت و ئایپاد و تەلەڤزیۆن دەكات و سێرچیش دەكات.

رووداو: موتابەعەی دۆخی هەرێمی كوردستان دەكات؟

لەتیف رەشید: بەڵێ.

رووداو: لە دوایین وێنەكانی تاڵەبانیدا هەندێ كەسی لەگەڵ دەرچوون، ئەوانە كێ بوون لەگەڵ تاڵەبانی؟

لەتیف رەشید: خوشكێكی هیرۆخان بوو لیلۆز خان، كچەكەی دیكە ژنەكەی هەڵۆیە كە برای هێرۆ خانە، كچەكەی من كە ناوی سارایە، هەروەها دكتۆرێكی كوردیشی لەگەڵە.

رووداو: لە یەكێك لە وێنەكانیدا كەسێك لە پشت سەری تاڵەبانییە و كاغەزێكی بەدەستەوەیە و خراوەتە بەردەمی، چی لەسەر ئەو كاغەزە نووسرابوو، بۆچی بە نووسینی سەر كاغەز شتی پێدەڵێن؟
مام جەلال هەموو كاتێك زانیویەتی وەزعی یەكێتی چۆنە

لەتیف رەشید: ئەو كوڕە یەكێكە لەوانە كە بەردەوام لەگەڵ تاڵەبانییە و بەردەوام خواردن و ئاوی بۆ دێنێ، لەسەر كاغەزەكەش نووسرابوو ئایا شەكرت پێویستە یان نا بۆ نێو چایەكەت. وەكو دیكە مام جەلال گوێیەكانی هیچ عەیبی نییە و بەباشی گوێ دەگرێ.

رووداو: تاڵەبانی هیچ پرسیارێكی هەبوو لەبارەی هەرێمی كوردستان؟

لەتیف رەشید: خۆم باسی دۆخی كوردستانم بۆ كرد، باسی ئەوەم كرد كە ماوەیەكی دیكە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەكرێ، بە مام جەلالم گوت تاوەكو ئێستا كورد وەزعی باش رۆیشتووە و كۆمەڵێك كاندیدی باشمان هەیە لە كەركووك، سلێمانی، هەولێر و دهۆك. كۆمیسیۆنیش كەوتووەتە كار و ئەمساڵ كارتی ئەلیكترۆنییان چاپ كردووە بۆ دەنگدان. هەروەها سەلامی ئەو كەسانەم پێگەیاند كە سەلامیان هەبوو بۆ مام جەلال. هەروەها مام جەلال زۆر موهتەمە بە وەزعی دەغڵ و دان، منیش گوتم ئەمساڵ شوكر باران زۆرباشە و دەغڵ و دانیش زۆرباش دەبێ.
كاسێتی جەواهیری و موزەفەر نەواب و كتێبی جەواهیریم بۆ مام جەلال برد

رووداو: سەلامی كام لە سەركردەكانت پێگەیاند؟

لەتیف رەشید: وەڵلا تەقریبەن سەلامی هەموویان، مالیكی، خوزێر خوزاعی، وەزیرەكان، سەید عەممار حەكیم، هادی عامری...

رووداو: قوباد تاڵەبانی پێشتر بە (رووداو)ی گوتبوو تاڵەبانی حەز دەكات بگەڕێتەوە، كەی دەگەڕێتەوە؟

لەتیف رەشید: خۆی حەز دەكات و ئێمەش حەز دەكەین بگەڕێتەوە، بەڵام نابێ لە بیرمان بچێت كە ئەمە بەدەست ئێمە و خۆی نییە، بەڵكو بەدەست دكتۆرەكانە و دەبێ ئەوان بڕیار بدەن.

رووداو: ئێستا دۆخی تەندروستی تاڵەبانی چۆنە؟

لەتیف رەشید: زۆر زۆر باشە، ئێستا لەهەندێ شت تەبیعی بووەتەوە وەك مەسەلەی خواردن و جوڵە و مەسەلەی زاكیرەی و سەیركردن وەكو مام جەلالی جاران وایە، لە هەندێ شتدا لەبەر ئەوەی ماوەیەك خواردنی كەم بوو، پێویستی بە پشوودان هەیە.

رووداو: تاڵەبانی خۆی باسی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، نەوشیروان مستەفای نەكرد؟

لەتیف رەشید: وەڵڵا سەلامی هەموویانم پێگەیاند، چونكە بەردەوام پەیوەندی دەكەن و دەڵێن سەلام بگەیێنە. بە مام جەلالم گوت ئەو ماوەیە كاك نێچیرڤان هاتە سلێمانی و هۆتێلەكەی كردەوە، ئەویش زۆر پێی خۆش بوو، ئەو شتانەی پێخۆشە و گوتم ئێستا جۆرەها هۆتێل لە هەولێر كراونەتەوە، لەوەتەی تۆ لەوێ نیت، چەند هۆتێلێكی نوێ كراونەتەوە.
 
رووداو: تاڵەبانی خۆی قسە دەكات؟

لەتیف رەشید: بەڵێ قسە دەكات، بەڵام رای خۆی نادات، چونكە دوورە لە وەزعەكە.

رووداو: لای تاڵەبانی باسی نەوشیروان مستەفات كرد؟
لای تاڵەبانی نەخێر باسی كاك نەوشیروانم نەكرد


لەتیف رەشید: نەخێر باسی كاك نەوشیروانم نەكرد، مام جەلال بۆخۆی لێرە بوو، دەزانێ وەزعەكە چییە.

رووداو: باشە مام جەلال دەزانێ ئێستا یەكێتی لە قەیراندایە؟

 لەتیف رەشید: هەموو كاتێك زانیویەتی وەزعی یەكێتی چۆنە، لەو ماوەیەدا و یەكێتیش هەر وابووەو ناكەومە وردەكارییەوە كە كێ چی گوت و كێ باسی چی كرد، بەڵام ئێستا ئاگادارە كە یەكێتی بەشدارە لە هەڵبژاردنەكاندا.

رووداو: مادام ئێستا تەندروستی تاڵەبانی باشە و قسەدەكات، ئەی بۆ قسەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر دۆخی یەكێتی ناكات و بڵێ تا دەگەڕێمەوە فڵان كەس با شوێنی من بگرێتەوە؟

لەتیف رەشید: ئەمە بڕیاری مام جەلال نییە، بەڵكو دەبێ كۆنگرە ئەو بڕیارە بدات، یەكێتی بڕیار بدات، مام جەلال ئێستا نەخۆشە و لەژێر چارەسەریدایە، خۆ ئەگەر لەسەر ئەو بابەتە قسە بكات، ئێ دەبێ بگەڕێتەوە و لەسەر شتی دیكەش بڕیار بدات. خۆی موتابەعەی هەموو شتێك دەكات و من بەناوی ئەوەوە هیچ كۆمێنتێك نادەم.

رووداو: ئەی كەی دەگەڕێتەوە؟

لەتیف رەشید: ئەوە نە من و نە دكتۆرەكانی دەزانن كە كەی دەگەڕێتەوە.

رووداو: هەر لە نەخۆشخانەی چاریتییە؟

لەتیف رەشید: لە شوقەیەكدا دەمبینی كە نزیكە لەو نەخۆشخانەیەی پێشتر و تاقمی دكتۆرەكەشی هەر ماوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە