پەرلەمانتارێکی ئەورووپا: میکانیزممان بۆ لێپێچینەوە لە دیمەشق هەیە و روو لە کورد وەرناگێڕین

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هێمن عەبدوڵڵا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری دیاسپۆرا لەگەڵ دانیێل ئاتارد، پەرلەمانتاری ئەورووپا
هەڤپەیڤینی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری دیاسپۆرا لەگەڵ دانیێل ئاتارد، پەرلەمانتاری ئەورووپا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی ئەورووپا دەڵێت، میکانیزمیان بۆ لێپێچینەوە لە دیمەشق هەیە لەسەر پرسی رۆژئاوای کوردستان. باسی ئەوەش دەکات چۆن ئەورووپا دەتوانێت گوشار بکات بۆئەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە خەمی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوە بڕەونەوە و دەشڵێت، "روومان لە کورد وەرناگێڕین."
 
دانیێل ئاتارد، پەرلەمانتاری ئەورووپا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو جەختی لەوە کردەوە، دەبێت کورد هاوبەشی راستەقینە بن لە سووریا، "وەکو باوکێک و مرۆڤێکیش داوام کردووە، نەهێڵین کورد کۆمەڵکوژ بکرێت."
 
دانیێل ئاتارد لەدایکبووی ساڵی 1992ی ماڵتایە، بەڵام بەو تەمەنە کەمەوە ئەزموونێکی گەورەی سیاسی و کارگێڕیی هەیە. ئەو جگە لەوەی نزیکەی دەیەیەک شارەدار بووە لە وڵاتەکەی، نوێنەری وڵاتەکەشی بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا.
 
پاش دەچوونی بڕیارێک لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پشتوانی لە رۆژئاوای کوردستان، دڵخۆشیی خۆی دەربڕیوە بەوەی لەگەڵ هاوکارانی دیکەی توانیویانە سەرکەوتوو بن. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی، "ئایا پاش ئەو بڕیارە باشتر دەخەویت؟" لە وەڵامدا گوتی، "باشتر دەخەوم، بەڵام دڵنیابە رووی خۆمان وەرناگێڕین [لە کورد]. چاومان لەسەر ئەوەی لە سووریا و ئێران یان شوێنی دیکە روودەدات لانابەین، چونکە ئێمە بۆ ئەوە نێردراوینەتە ئێرە. ئەگەر بەڕاستی پشتیوانی لە مافی مرۆڤ دەکەین، نابێ بتوانین بخەوین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری دیاسپۆرا لەگەڵ  دانیێل ئاتارد، پەرلەمانتاری ئەورووپا:
 
رووداو: ڤیدیۆیەکی تۆم بینی لەسەر ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. تێیدا داوا دەکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە نەدات کورد کۆمەڵکوژ بکرێن. کاتێک تۆ ئەو قسەیە بکەیت، هەر ئەوە نییە کە ئەندامێکی ئاسایی پەرلەمان وایگوتبێت، بەڵکو کەسێکە کە خوێندنی یاسای تەواو کردووە، ئەزموونێکی زۆری هەیە کارکردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکانیشی هەیە. چۆن ئەو دەرەنجامگیرییەت کرد کە لە کوردستان و رۆژئاوا کۆمەڵکوژی دەکرێت؟
 
دانیێل ئاتارد: لە سەرووی هەموو ئەو شتانەوە من ئەو قسەیەم وەکو مرۆڤێک کرد. وەکو باوکێک کردم. ئەمە پێش ئەوە بوو کە وەک پارێزەرێک یان ئەندامێکی پەرلەمانی ئەورووپا قسە بکەم. پێش ئەو ئەزموونەش بوو کە هەمە. وەک کەسێک کردم کە بڕوام بە ژیانی مرۆڤەکان و رێزگرتن لێی هەیە. رێزیشم بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە. بۆیەش هەمیشە هەمان ئەو شتانە دەڵێمەوە. ئەوە هەر سەبارەت بەوە نییە کە لە سووریا روویدا، بەڵکو سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەیە کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەودیوی ئەوێش روویانداوە. ئەو بیرکردنەوەیە بەرچاوڕوونم دەکات. ئەمە بیروباوەڕ و پرەنسیپی منە کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرم. هەروەها پێموایە تەنانەت یەک مرۆڤیش بمرێ زۆرە. بڕواشم بەوە هەیە کە ئێمە وەکو یەکێتیی ئەورووپا دەبێت لەبیرمان بێت کێ کۆمەڵگە ئەورووپییەکانی لە شەڕی دژی تیرۆریزمدا پاراست. لە شەڕ لە دژی چەکدارە تووندئاژۆکان. واتە لە شەڕی دژی داعش. بۆیە پێموایە دەبێت ئێمەش هەمان بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی کورد لەئەستۆ بگرین. ئەو گەلەی لە بەرەکانی پێشەوە بوون بۆئەوەی تەنیا ژیانی خۆیان نا، بەڵکو ژیانی ئەورووپییەکان، لێرە لەنێو یەکێتیی ئەورووپاش بپارێزن.
 
رووداو: دیبەیت و دەنگدانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی ئەورووپا زۆری پێچوو. هێرشێکی گەورە و فراوان کرایە سەر کورد لە سووریا. 150 هەزار کورد ماڵەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و بەهۆی هێرشەکەی حکومەتی سووریاوە ئاوارە بوون. بۆچی هێندەی پێچوو؟
 
دانیێل ئاتارد: وەک پێشتریش گوتوومە، زۆر جار، بەداخەوە و زۆر بەداخەوە، یەکێتیی ئەورووپا لەڕووی دامەزراوەییەوە سنووردارێتیی هەیە. بۆچی؟ چونکە زۆر کەس و لایەنمان هەن کە زۆرتر کاریگەریی سیاسی و جیۆپۆلەتیکییان لەسەرە وەک لەوەی قەناعەتی خۆیان هەبێت. دەبێت لەبیرمان بێت کە یەکێتیی ئەورووپا دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە. یەکێتیی ئەورووپا، رووسیا نییە. کۆماری جەماوەریی چین نییە. هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانیش نییە. یەکێتیی ئەورووپا پێکهاتووە لە کۆمەڵێک دامەزراوەی جیاواز. پەرلەمانی ئەورووپا 720 ئەندامی هەن. گرووپی جیاوازی زۆری لەوپەڕی چەپەوە تاوەکو راست تێدایە. جڤاتی ئەورووپا لە 27 وڵاتی ئەندام پێکهاتووە و یەک دەوڵەتی فیدراڵی یان زلهێزێک نییە. پێموایە ئەمە وایکردووە شتەکان دوابکەون، چونکە بۆ هەموو شتێک پێویستە لێرە کۆدەنگی هەبێت. کۆدەنگی لەسەر هەڵوێستوەرگرتن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش. ئەمەش وادەکات یەکێتیی ئەورووپا لەدواوە بێت. بەداخەوە کە وایە، چونکە پێموایە کاتێک مەسەلەکە دێتە سەر مافەکانی مرۆڤ و مادام بەڕاستی بڕوامان بەوەیە مافەکانی مرۆڤ مافی جیهانین، نابێت هێندەمان پێبچێت تاوەکو لەسەریان وەدەنگ بێین، بەڵام ئەو شێوازەی دامەزراوەکانی پێ دانراون و رێککەوتنەکان نووسراونەتەوە، وادەکەن یەکێتیی ئەورووپا نەتوانێت لەمە خێراتر بجووڵێت. بەداخەوە ئەمە واقیعەکەیە. یەکێتیی ئەورووپا لە زۆر بواردا زۆر سەرکەوتوو بووە، بەڵام کاتێک دێتە سەر مژارە جیۆپۆڵەتیکییەکان، بەداخەوە یەکێتیی ئەورووپا زۆرتر لە کەشتییەکی گەشتیاری دەچێت نەک لە بەلەمێکی خێرا. پێموایە ئەوەش حەیفە، چونکە یەکێتیی ئەورووپا واتە پشتیوانی لە مافەکانی مرۆڤ. داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤیش نابێت تەنیا تاوەکو سەر سنوورەکانمان بڕوا، بەڵکو دەبێت بۆ هەموو شوێنێک هەمان شت بێت.
 
رووداو: جا لەبەر ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەوڵەتێکی فیدراڵی نییە و ئەمریکا نییە، زۆر کەس پێیوایە هێزێکی واشی نییە کە بۆ نموونە رێگە لە حکومەتی سووریا بگرێت کورد کۆمەڵکوژ نەکات، (واتە ئەوەی تۆش داواتکرد). دوای دەرچوونی بڕیارەکەی پەرلەمان، ددانی تیژتان هەیە بەرامبەر دیمەشق بۆ جێبەجێکردنی؟
 
دانیێل ئاتارد: دەمەوێت کۆک نەبم لەگەڵ ئەو بۆچوونە. بۆچی؟ چونکە ئەورووپییەکان هێزیان هەیە. بەداخەوە ئەو بەهێزییە زۆرجار لە دژی لاوازییەکانی بەکاردێت. یەکێتیی ئەورووپا بازاڕێکی یەکگرتووی زۆر بەهێز و یەکگرتووی هەیە. ئەمە هێزێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان. بۆ نموونە کە باس بێتە سەر رێککەوتن و دانوستاندنە بازرگانییەکان، یەکێتیی ئەورووپا هێزێکی مەزنە، بەڵام ئەو هێزە بەکاردێت بەرامبەر ئەو لاوازییەی لەسەر ئاستی سیاسی هەیەتی. کاتێک باسی سووریا دەکەین، وەک دەزانیت و زۆربەمان دەیزانین یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی پشتیوانیی دارایی بە حکومەتی راگوزەری سووریا داوە. ئەوە وەک بەها شتێکی زۆر ئەرێنییە، چونکە سووریایەکمان دەوێت کە لە قۆناخی راگوزەردا بچێتە نێو قۆناخی دەوڵەتێکی دیموکراسییانە، کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ، کەمینەکان و پێکهاتەکانی بگرێت. کە خۆیان بڕیار لە ئاییندەی خۆیان بدەن. ئەوە وەک پرەنسیپ زۆر باشە. ئەوەی بە بڕوای من جێی داخە، ئەوەیە کە ئەو پاکێجی هاوکارییە داراییانەی یەکێتیی ئەورووپا و کۆمیسیۆن بەڵێنیداوە بیداتە دیمەشق، هیچ گەرەنتیی کردەیی بۆ وەرنەگیراوە و مەرجدار نەکراوە بە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی هەموو کەمینە و پێکهاتەکان. بەتایبەتیش مافی گەلی کورد، بۆئەوەی بڕیار لە ئاییندەی خۆیان بدەن و بە تەواوەتی بەشدارییان پێبکرێت. واتە نەک بە تیۆری، بەڵکو بە کردەوەش بەشداربن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی سووریای ئاییندە. پێموایە لەوێدا یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت هێزی خۆی بەکاربهێنێت، بەوەی ئەو پارە قەبەیەی وەک یارمەتی دەینێرێت مەرجداری بکات بەو پرەنسیپانەی سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەیەتی. ئەمە ئەو شتەیە کە پێماندەکرێت و ئێمەش لەنێو پەرلەماندا هەوڵی بۆ دەدەین.
 
رووداو: لەڕووی یاسادانانەوە و دوای بڕیارەکەی پەرلەمان، پەرلەمانی ئەورووپا کاری خۆی کرد. دەبێت دوای ئەمە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەورووپا چی بکات؟
 
دانیێل ئاتارد: وەک گوتوومە، دەبێت ئێمە لە پەرلەمانی ئەورووپا و جڤاتی ئەورووپاش گوشار دروست بکەین بۆ مەرجدارکردنی یارمەتییەکان. ئێمە دەمانەوێت ناردنی پاکێجی یارمەتییەکان بۆ حکومەتی راگوزەری سووریا، مەرجدار بێت بە بنەمای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەشداریپێکردنی هەموو کەمینەکان و پێکهاتەکان. کاتێک دەڵێم بەشداریپێکردن، هەر ئەوە نییە دەنگێکیان بدرێتێ، بەڵکو راستەوخۆ بەشدار بکرێن لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. دەوڵەتێک کە رێز لە یەکسانی دەگرێت. یەکسانی لە هەموو بوارێک و هەموو ئاستێکی دەوڵەتی سووریادا. ئەمە ئەو شتانەن کە دەبێت بیانکەین.
 
رووداو: ئەمانە مەرجی زۆر جوان و قسەی جوانن، بەڵام میکانیزم چییە کە جێبەجێ بکرێن؟
 
دانیێل ئاتارد: با هەمان ئەو میکانیزمە بەکاربهێنین کە بۆ پێدانی یارمەتیی دارایی بە وڵاتانی دیکە بەکارمانهێناوە. ئێمە پێش ئەمەش ئەو ئیشەمان کردووە. دەبێ لە سووریاش کار بە هەمان ئەو پرەنسیپانە بکەینەوە.
 
رووداو: پێتوایە ئەمە سەرکەوتوو دەبێ؟
 
دانیێل ئاتارد: دەبێ سەرکەوتوو بێ. بەڵێ. بە پێداگیری و بەردەوامی سەرکەوتوو دەبێت.
 
رووداو: نەوەیەکی نوێ لە کوردستان هەیە. بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان. خۆت دەزانی ئێستا ئەوێ بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق. هەروەها نەوەیەکی نوێمان هەیە لە سووریا. ئەوانە بۆنموونە قەت عێراق حوکمی نەکردوون و لەسایەی حکومەتە کوردییەکاندا گەورە بوونە. لەلایەن ئێوەوە هیچ گەرەنتییەک هەیە کە ئەو دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرییە کوردییانە بپارێزرێن؟
 
دانیێل ئاتارد: ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە داوای دەکەین. ئەمە ئەو شتەیە کە من لێرە لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا داوامکرد، بەڵام وەک گوتم یەکێتیی ئەورووپا کۆمەڵێک دامەزراوەی جیاوازی هەیە. ئێمە لە پەرلەمان ئەوەی لەسەر شانمانە دەیکەین. ئێمە بەردەوام دەنگمان هەڵبڕیوە و دووبارەمان کردووەتەوە، ئەمەشمان بە سەنگەوە کردووە. ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی لەسەر کورد هەر لە حکومەتی سووریا نەپێچینەوە، بەڵکو لە دامەزراوە ئەورووپییەکانیش بپێچینەوە، ئەگەر لەسەر پرەنسیپەکانی ئێمە نەڕۆن. واتە ئەگەر وانەکەن کە هەر یارمەتییەک کە بۆ حکومەتی راگوزەری سووری دەینێرن، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ نییە. ئەمە ئەو شتەیە کە کردوومانە. ئەوەشە کە بەردەوام دەبین لەسەر ئەنجامدانی. دەتوانم بۆ ئەوە بەڵێنت پێبدەم کە وەک پەرلەمانتار بەردەوام دەبم لەگەڵ هاوکارانم لەسەر ئەوەی کە نەک لە حکومەتی سووریا بەڵکو لە دامەزراوە ئەورووپییەکانیش بپێچمەوە.
 
رووداو: تۆ بەڵێنم پێدەدەی کە بەردەوام دەبیت لەسەر ئەو پرۆسەیە، بەڵام لە نێوەوەی کوردستان ترسێکی گەورە هەیە. لەوێ دەڵێن ئەگەر لە گۆشەیەکی دیکەی دنیا شتێک رووبدات، ئێوە فۆکەستان دەگۆڕن. دیسان ئاگاتان لە ئێمە نامێنێت. بەڵێنم پێدەدەیت هەرگیز گەلی کوردستانت لەبیرنەچێت و هەمیشە فۆکەست لەسەر دۆزەکەیان بێت؟
 
دانیێل ئاتارد: من فۆکەسم لەسەر رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ دەبێت، لە هەر شوێنێک پێشێل بکرێت. بە بەردەوامییش داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە کەمینەکان و رێزگرتن لە دیموکراسی و پرەنسیپە دیموکراسییەکان دەکەین. گرنگ نییە لە کوێ بێت. لەم پەرلەمانەدا ئێمە پرۆسەمان هەن. هەمیشە کە کۆبوونەوە هەن، دەتوانین پرۆژە بڕیاری ئاوارتە پێشکێش بکەین و دیبەیتی ئاوارتە بکەین. لەوێ بەردەوام دەبین لە دەنگ هەڵبڕین لەسەر مافەکانی مرۆڤ و رێزگرتن لە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و دێموکراسی، لە هەر کوێیەکی جیهان بێ. ئەمە ئەو شتەیە کە بەردەوام دەبین لەسەری و کردووشمانە. گەرەنتیی ئەوە دەدەم کە دەرگای ئێمە هەمیشە بەکراوەیی دەمێننەوە بۆ دیالۆگ و تێکەڵاوی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە