هەڤپەیڤین: گوڵستان پەروەر
هونەرمەند شڤان پەروەر، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (رووداو) كە گوڵستان پەروەری هاوسەری لەگەڵی كرد، باسی سەردانەكەی خۆی بۆ باكووری كوردستان دەكات و دەڵێت پێشتر بارودۆخەكە لەبارنەبووە بگەڕێتەوە باكووری كوردستان و گۆرانی “كینە ئەم” بڵێت، “چونكە دەترسام نەژادپەرستێك پەلامارم بدات و بڵێت بۆچی باسی ئاشتی دەكەی”. ئەو كە هاوسەفەری مەسعود بارزانی بوو بۆ ئامەد و هەر لەسەر داوای ئەویش گەڕایەوە ئامەد، دەڵێت هەرگیز قسەی بارزانی ناشكێنێت، بەڵام دەڵێت “ئەگەر نێچیرڤان بارزانی ئەو داوایەی لێكردبام موناقەشەم لەگەڵ دەكرد”.
گوڵستان: چوونی ئێوە بۆ باكووری كوردستان زۆر دەنگی دایەوە. پێش ئەوەی بگەڕێیتەوە زۆر لە بەرپرسانی حكومەتی توركیا داوایان لە تۆ دەكرد بگەڕێیتەوە، بەڵام تۆ نەگەڕایتەوە. ئەوە چی بوو وایكرد كە لەناكاو گەڕایتەوە شاری ئامەد؟
شڤان: باشە وەڵامت دەدەمەوە، بەڵام منیش پرسیارێك دەكەم: تۆ دەزانی لەسەرەتای ساڵی 1979 كە تۆ هاتیتە ئەوروپا، ئێمە لەو وەختەوە كەوتینە نێو خزمەت، ئێمە بۆ ئەوەی خەباتی كۆمەڵایەتی بەهێز ببێت، بۆ ئەوەی كۆمەڵگای كورد بێتەوە سەریەك و بەهێزبێت، ساڵۆنمان خاوێن دەكردنەوە و یارمەتی ئەوانمان دەدا، لە ئەمریكاوە تاوەكو ئوسترالیا، ئاسیا و ئەفریقیا و هەموو جیهان گەڕاین. سەرخۆبوونی كوڕمان منداڵ بوو بەپشتمانەوە بوو و لەهەموو كۆبوونەوە و كۆنفرانسێكدا لەگەڵ خەڵكی كورد دادەنیشتین و قسەمان دەكرد. بۆچی ئەو سەرنجڕاكێش نەبوو ئەم گەڕانەوەیە سەرنجڕاكێشە. بەڕاستی من لێرە تووشی سەرسوڕمان دەبم. هەڵبەت ئەم گەڕانەوەیە ئەو ساڵانە و زۆر شتی دیكەش لەخۆدەگرێت. لێرە دەپرسم ئایا ئەو ساڵانە قیمەتیان هەیە یان نا؟
گوڵستان: ئەو ساڵانە ئەو شتەی دروستكرد كە ئێستا هەیە. ئەگەر ئەو ساڵ و ئەو زەحمەتانە نەبوونایە باوەڕناكەم ئەمەی ئێستا هەبووایە..
شڤان: ئێستا هەڵبەت مەسەلەی گەلی كورد سیاسییە، نەتەوەییە، مرۆڤایەتییە، كەلتورییە، سۆسیالە، فرەلایەنە، ئەگەر كورد لە وڵاتی خۆیان نەبنە خاوەن، كەسی دیكە ناتوانێت ببێتە خاوەنی كوردستان. لەبەر ئەوە لەسەر كوردستان بەتایبەتی لە توركیا ئاسیملاسیون سیاسەتێكی زۆر قورسی هەیە، ئەنتی پڕوپاگەندەیەكی زۆر بەهێز بەرامبەر نەهێشتنی میللەتی كورد هەیە. پروپاگەندەیەكی ئەوەندە بەهێز دژی كورد كراوە كە شەرم لە خۆی بكات بڵێت من كوردم، لە زۆر شوێن كورد ئەوەندە ئەستۆی خوارە ئەگەر ئینگلیزێك بڵێت خەڵكی كوێیت؟ یان ئەڵمانێك وا بڵێت؟ جار هەیە مرۆڤ بیر دەكاتەوە بڵێت من توركم ویژدانی من قەبوڵ ناكات. بڵێم من كوردم لەوانەیە رێزم لێنەگرن و بە چاوێكی سووك سەیرم بكەن. ئەو ئەنتی پڕوپاگەندەیە زوڵمێكی ئەوەندە گەورەی بەسەری كورد هێنابوو. هەموو نیشانە و شێوەی مێژوویی و كۆمەڵایەتی و ئینسانی داگیركردبووین. كوردێك ئەگەر بیگوتبایە من كوردم ئەشكەنجە دەدرا، كوردێك بیگوتبایە كوردستان بەساڵان لە زینداندا دەمایەوە، یان دەربەدەر دەبوو. من وەكو ئەو كوردانە لە زینداندا ئەشكەنجە نەدراوم، بەڵام دەربەدەر بووم. زۆر كورد بۆ ئەوەی گیانی خۆیان رزگاربكەن یان بەردەوامی بەخەباتیان بدەن وڵاتیان جێهێشت و چووونە دەرەوە. هۆكاریش ئەوەیە كە دەوڵەتی داگیركەر بەو شێوەیە و بە ئینكاركردنی میللەتی كورد و بەداگیركاری وایانكرد هەر كوردێك خۆی بە كورد و كوردستانی بزانێت سەد لەسەد بارگرانی بۆ دروست ببێت. لەبەر ئەوەش زۆر كورد چوونە دەرەوە. هەندێكیش چوونە شاخ، هەندێكیشیان شەهیدبوون و هەندێكیشیان لەژیاندا مانەوە. زۆر بەسەر ئەم میللەتە هاتووە. مێژوویەكی دوورو درێژە. مرۆڤ مافی خۆی نەپارێزێت كەس نایپارێزێت. ئەگەر بەدڵ و بەڕاستی خەبات بكەی رۆژێك دێت ئەوانەی كە دوژمنایەتی تۆیان كردووە پەشیمان دەبنەوە، رۆژێك دێت ئەو هەست دەكات كە ئەو بەو زوڵمە بەو داگیركارییە زیانی بەخۆی و بەتۆش گەیاندووە. رۆژێك دێت هەست پێدەكات كە ئەو فشارەی ئەو تەنیا لەسەر ئەو كەسەی كە دەیچەوسێنێتەوە نییە، بەڵكو لەسەر منیشە، ئەو مرۆڤە منیش مرۆڤم، نە ئەو زوڵملێكراوە و نە من زۆردار، كە ئەم خاكە مرۆڤ لەسەری لەدایك دەبێت ناوی كوردستانە ئەناتوڵیایە یان توركیایە. ناوی چی بێت مافی ئەوانیش هەیە كە وەكو خۆیان بژین، كورد ناچار نییە ببێتە تورك یان عەرەب و فارس، چۆن ئەوان بەها تایبەتییەكانی خۆیان خۆشدەوێت كوردیش مافی خۆیەتی بەها تایبەتییەكانی خۆشبوێت و بە سەربەرزی بژیت. ئەوانەی بەهاكانیان لە دەست دەدەن هەموو شتێك لەدەستدەدەن. ئێمە لەوە تێدەگەیشتین بۆیە بۆ ماوەی 37 ساڵ لە دەرەوە ماینەوە. دۆخەكە بەوشێوەیە بوو بۆیە متمانەم بەوان نەبوو. بەڵام پێمباش بوو كە ئەوانەی قوربانییان بۆ كورد و كوردستان داوە هەر لە شێخ عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد بارزانی و بارزانی نەمر و كاك ئیدریس و تاوەكو ئەمڕۆ كە جەنابی كاك مەسعود بارزانی خزمەتی خەڵكی خۆی دەكات لەو بەشە ئازادەی كوردستان و رێبەرایەتیان دەكات. هەڵبەت ئەو كە داوام لێبكات من هەرگیز قسەی كاك مەسعود ناشكێنم.
گوڵستان: بەڕێز سەرۆكی كوردستان چۆن تۆی رازیكرد كە بچیتە باكوور؟
شڤان: ماوەی 10 ساڵە، واتە لەو كاتەوەی كە پارتی دادو گەشەپێدان لەسەر دەسەڵاتە، ساڵانە وەزیر و كاربەدەستیان ناردووە بۆ لام بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە باكوور. منیش هەمیشە دەمگوت چی بووە چی گۆڕاوە بگەڕێمەوە؟ ئەوان دەیانگوت وەرە هەموو شتێك دروست دەبێت، بەڵام متمانەم پێیان نەبوو، دەمگوت ناگەڕێمەوە و قەناعەتم پێی نەبوو. هەستمكرد خاپاندن و بەرژەوەندی سیاسی لەو مەسەلەیەدا هەیە. دەمگوت ئەگەر بگەڕێمەوە گۆرانی كوردستان و كینە ئەم دەڵێم و بۆ ئاشتی دەچڕم. ئەوكاتە لەوانەیە نەژادپەرستێك بێتە پێشەوە و پەلامارم بدات و بڵێ تۆ كێی و باسی ئاشتی چی دەكەیت. بۆیە گوتم ئەگەر بچم با شتێك بۆ گەلەكەمان بەدەست بێت.
بەڵام 10 رۆژ پێش سەردانەكە گوتیان جەنابی سەرۆك داوات دەكات و منیش هاتم و جەنابی سەرۆكم بینی. بەدوور و درێژی قسەمان كرد. سەرۆك گوتی هیچ خەمت نەبێت. پێموایە ئەگەر بچین شتی باش بەدەست دێت و بۆ خۆشم لەگەڵت دەبم و دەمناسیت و دەزانی من رۆڵەی كێم. ئەوە ورەی بە من دا و لەگەڵ خۆم گوتم كەس ناتوانێ بڵێ لەگەڵ فڵان و فیسار چووە. لەگەڵ ئەو كەڵەپیاوە چوومە كە خزمەتی كردووە و مێژووی دروستكردووە و هەموو خەڵك دەیناسن و دەشزانێ چ قسەیەك دەكات. خاوەنی منیش ئەوە.
گوڵستان: كەسێكی دیكە هەبوو كە كاریگەری هەبێت لەسەر تۆ؟
شڤان: نەخێر كەسی دیكە نەبوو. بەڕاستی من كاك نێچیرڤانم خۆشدەوێت. بەڵام ئەگەر ئەو بووایە موناقەشەم لەگەڵ دەكرد.
گوڵستان: شەوی پێش سەفەركردنتان بیرت لە چی دەكردەوە؟
شڤان: دیارە هونەرمەند زۆر هەستیارە و دەكرێ لەبەردەم هەر دۆخێكدا دەست بە گریان بكات. بەڵام من هەمیشە هەوڵدەدەم خۆم رابگرم. چونكە زۆرم بەسەرهاتووە و هیچ شتێكم بەلاوە غەریب نییە. بێگومان شتێكی دڵخۆشكەرە كە بچمە وڵاتی خۆم و بەتایبەتی ئامەد كە قەڵای خۆڕاگری و ئاشتییە و خەڵكەكەی قارەمانە و چوون بۆ ئەوێ شەرەفمەندییە. من هەمیشە دەمگوت ئەگەر بچم دەبێ یەكەمجار لە ئامەد دابەزم و واشمكرد. لە هیچ شوێنێك رانەوەستاین تاوەكو گەیشتمە ئامەد.
راستە خەڵكم بینی و لەبەردەمیان راوەستام، بەڵام بەداخەوە لە كۆڵانەكانی ئامەد نەسووڕامەوە و قسەم لەگەڵ خەڵكی نەكرد و لە ئامێزم نەگرتن. چونكە دۆخەكە هاوكار نەبوو. خەڵكی دڵخۆش و ناحەزیش هەبوو. بەڵام دڵخۆشی لەچاوی خەڵكەكەدا دیاربوو.
گوڵستان: لە خەیاڵی خۆتتدا چیت دانابوو بۆ ئامەد و خەڵكەكەی؟
شڤان: داخێكی زۆر گەورە لە دڵ و خەیاڵمدایە و هەر دەمێنێتەوە. ئەگەر بزانم دەگەڕێمەوە كوردستان و بە ئازادی دەژیم و دەجوڵێم و كۆنسێرت سازدەكەم و بەرژەوەندی سیاسی نابنە بەربەست، ئەوكاتە ئەوەی لەناخمدایە دەریدەبڕم.
گوڵستان: تێبینی ئەوەت كرد كە دەوڵەت پلانێكی هەیە ئێمە وەكو نەتەوە قبوڵ بكات؟
شڤان: دیارە لێرە بە درێژایی مێژوو چەندین دەوڵەت و ئیمپراتۆریەت هەبوون. بەڵام دوایی سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی دەستیپێكرد و هەر كەسێك دەوڵەتی خۆی دامەزراند. تەنیا ئێمەی كورد ماوین. دیارە كورد هەیە و خەبات دەكات و مرۆڤایەتی هەیە، ئەگەر مرۆڤ بەردەوام داوای مافەكانی بكات ئەوە رۆژێك دێت ئەوەی زوڵمت لێدەكات پەشیمان دەبێتەوە و دەڵێ من زوڵمم كردووە و ئەوە كارێكی خراپە. واتە ئەگەر مرۆڤ بە جیدی كاربكات گۆڕانكاری دروست دەبێت. لە توركیاش بەهەمانشێوە گۆڕانكاری دروست دەبێت. هەڵبەت نەژادپەرست و خراپەكاران راناوەستن و بەردەوام دەبن لە دژایەتیكردنی ئەو پرۆسەیە و دژایەتی ئاشتی و دۆستایەتی دەكەن. بەڵام مرۆڤ دەبێ بەردەوام بێت.
گوڵستان: پێش دەرچوونت بۆ ئەوروپا، واتە لەو كاتەی كە تۆ لە ئەنقەرە قوتابی بووی ، زۆر هاتوچۆی ئامەدت دەكرد و كۆنسێرتت سازدەكردن؟ ئەمجارە چ گۆڕانكاری و جیاوازییەكت بینی؟
شڤان: ئەوكاتە، واتە سەرەتای ساڵی 1976 دەهاتمە ئامەد و دەمگوت دۆخەكە دەگۆڕێت. چونكە خەڵكەكە زۆر بە جۆش بوون و بە كوردی گۆرانییان دەگوت و دەهاتنە پێشەوە و گیان فیدایی بوون. ئەوكاتە دەمگوت رۆژێك دێت دێمە ئەو ئامەدە و كۆنسێرت سازدەكەم و خەڵكیش پێشوازیم لێدەكەن و دەڵێن بەخێربێی بۆ وڵاتی خۆت. ئەوە پێش 37 ساڵ بوو. بەڵام رەوشەكە هەرچۆنێك بێت پێویستی بە خزمەتە و وەكو چاندنی دارێكە كە دەبێ چاودێری بكەیت بۆ ئەوەی وشك نەبێت و لەنێونەچێت.
گوڵستان: گۆرانیی “كینە ئەم” زۆر كاریگەری هەبووە و بەهۆی ئەو گۆرانییە زۆر كەس ئەشكەنجەدران، زیندانیكران و لەسێدارەدران. لە ئامەد كە بۆ ئەو گۆرانییە چوویتە سەر سەكۆ هەستت بە چی كرد؟
شڤان: نەك تەنیا ئەو گۆرانییە، زۆر گۆرانیی دیكەم گوتووە كە كاریگەرییان هەبووە، بەتایبەتی هۆنراوەكانی مامۆستای گەورە جگەرخوین كە نەتەوەیی بوون و زۆر گرنگیم پێدەدان و كاریگەرییان لەسەر من هەبوو. ساڵی 1979 كە مامۆستا جگەرخوینم بینی گوتی: هەر كاتێك هۆنراوەیەك دەنووسم بیر لە ئاوازەكەی دەكەمەوە و تۆش هەر وەك بڵێی لەگەڵ مندای و وەكو من بیردەكەیتەوە. ئەوە چۆنە؟ هۆنراوەكەی مامۆستا جگەرخوین بەناوی “كیمە ئەز” بوو من كردم بە “كینە ئەم”، چونكە بۆ گۆرانی زیاتر گوزارشتی لە رەوشەكە دەكرد. زۆر كەس لەسەر ئەوە دەچوونە لای مامۆستا جگەرخوین و دەیانگوت شڤان هۆنراوەكەی تۆی تێكداوە. بەڵام ئەو دەیگوت “نەخێر، وا مەڵێن شڤان تەواوی كردووە”. ئەو گۆرانییە ئاماژەی بە هەموو بوارەكانی ژیان، مێژوو و كەلتووری كورد و كوردستان دەدا. ماوەی 7 ساڵ خەریكی ئەو گۆرانییە بووم تاوەكو تەواوم كرد. ئەوكاتە راپ نەبوو، ئەگەر من هونەرمەندێكی ئەمریكی بوومایە دەیانگوت شڤان پەروەر باوكی راپە، چونكە یەكەمجار من راپم گوت. ساڵی 1983 پەیمانگەی كوردی لە پاریس كۆنسێرتێكی سازكرد ئەو كاتە هەردوو خوالێخۆشبوو جگەرخوین و یەڵماز گونای لەوێ بوون. هەروەها مەحمود باكسی، كەنداڵ نەزان و چەند كەسی دیكەش لەوێ بوون. كە گۆرانیی “كینە ئەم”م گوت مامۆستا جگەرخوین بە جۆش و خرۆش دەبوو و لە شوێنی خۆی هەڵدەستا و چەپڵەی لێدەدا. لە كۆتاییشدا جەماوەر لە جیاتی ئەوەی چەپڵە بۆ من لێبدەن بۆ مامۆستا جگەرخوینیان لێدا. مامۆستا جگەرخوین زۆر دڵخۆشبوو گوتی “سەربەرزت كردم و ئەو دارە زیاتر ئاودەدەیت. هیوادارم گەلەكەمان رێزی ئەو هونەرەت بگرن”.
گوڵستان: هەستت بەچی كرد كاتێك لەبەردەم سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەو گۆرانییەت گوت؟
شڤان: ئەوە سەرخۆبوونی كوڕت بوو كە ئەو گۆرانییەی لێدا، گوتی باوكم هەر كە دێتە سەر سەكۆ لەگەڵ ئەو میوزیكە دێت. ئەوە بۆ من وەكو سوپرایزێك بوو، چونكە ئێمە نەماندەویست كەس بڵێ ئەوانە هاتوون ئاڵۆزی دروست بكەن. بەڵام بە خۆتان بینیتان كاردانەوەی ئامادەبووان چۆن بوو. ئیبۆش گۆرانی بۆ پێشمەرگە گوت و زۆر ئاسایی بوو.
گوڵستان: تۆ بەپێی پرۆتۆكۆلەكە دەڕۆیشتی، بەڵام ئیبۆ بێ كۆنترۆڵ بوو، هەموو گۆرانییەكی دەگوت و سەیری تۆی دەكرد و دەیگوت “كینە ئەم”؟
شڤان: بەڵێ راستە، وەك خۆشتان بینیتان بەڕێز ئەردۆغان زۆر بەڕێزەوە پێشوازی لە ئێمە كرد.
گوڵستان: تۆ كە سەرەتا ئەردۆغانت بینی و سڵاوتان لە یەكدی كرد چۆن بوو؟
شڤان: هەڵبەت یەكەمجار ئەردۆغان و جەنابی سەرۆك چوونە ژوورەوە و باسی سیاسەتیان دەكرد. من و ئیبۆش لە ژوورێكی دیكە دانیشتبووین و گوتیان بەڕێز سەرۆك وەزیران بانگتان دەكات. لەوێ خەڵكەكە و بەتایبەتی نوێنەرانی ئاكەپە و وەزیر و كاربەدەستانی حكومەت كە زۆربەیان كوردبوون، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە ئێمە كرد. كە چوومە ژوورەوە بەڕێز ئەردۆغان زۆر بە جۆش و خرۆش بوو گوتی بەخێربێی سەرچاو. لە مێژە چاوەڕێی رۆژێكی وامان دەكرد كە تۆ لێرە ببینین. باوەڕم كرد كە منی خۆشدەوێ و هیچ مەبەستێكی سیاسی نەبوو. هەروەها گوتی ئەندامانی بنەماڵەكەتان كێ لەگەڵ تۆ هاتوون و ئەوان چۆنن. منیش گوتم سەرخۆبوونم لەگەڵدایە و سڵاوی سەرخۆبوونیشی كرد و بەیەكەوە قسەمان كرد.
گوڵستان: گوتت شتێكی گرنگت هەیە دەتەوێ لەڕێی (رووداو) بە خەڵكی بڵێی، ئەو قسەیە چییە؟
شڤان: ئەوە وابەستەی كوردستانە، واتە باكوور و باشوور و لەسەر هەمان بابەت لەگەڵ جەنابی سەرۆك كاك مەسعود و جەنابی رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیرەكانیشی قسەم كرد. من گلەیی ئەوەم كرد كە كاتێك مرۆڤ دێتە ئیبراهیم خەلیل بە درێژایی چەندین كیلۆمەتر خەڵك بەنۆرە راوەستاوە و چاوەڕێی پەڕینەوە دەكەن لە سنوور. ئەو خەڵكە روودەكەنە ئەو دەروازەیە بۆ كار و بازرگانی. بەڵام بەمشێوەیە هیچ قازانجێكیان بۆ نامێنێتەوە، چونكە بۆ ماوەی چەندین رۆژ لەوێ دەمێننەوە. بەڕاستی نابێت وا لە خەڵك بكرێت و ئەوەندە رابگیرێن. دەبێ دەروازەی تازە و فراوان بكرێنەوە. ئەوە زوڵمە حكومەتی ئێمە و حكومەتی توركیا لەو خەڵكەی دەكەن. دەبێ كارئاسانییان بۆ بكرێت. هەڵبەت ئێمە ئەو كێشەیەمان نەبوو، چونكە ئێمە وەكو شاند چووبووین و والی شرناخ هاتە پێشوازیمان. خاڵی دیكە كە قسەم لەسەر كرد ئەوەیە كە بە درێژایی رێگای نێوان ئیبراهیم خەلیل تاوەكو مێردین و دیاربەكر ئاو هەیە بەبێ ئەوەی سوودی لێوەربگرن ئەو ئاوە بەو دەڤەرەدا دەڕوات و تەنانەت دارێكیش بەدیار ناكەوێت. ئەوە گوناحە و نابێت، دەبێ ئەو ئاوە بەكاربهێنرێت بۆ كاروباری كشتوكاڵی و بەخێوكردنی ئاژەڵ بۆ بەردەوامیدان بەژیان لەو دەڤەرە. مرۆڤ كە سەیر دەكات وا دەزانێت بیابانە و هیچ ژیانی لێ نییە. تێكچوونی دارودرەخت و ئاژەڵ دەبێتە هۆی تێكچوونی ژیانی مرۆڤەكانیش.
گوڵستان: چ داواكارییەكی سیاسیت كرد بۆ كورد؟
شڤان: من لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا باسی ئەوەم كرد كە دەبێ ئاشتی بەرقەرار بێت. هیوادارم زیاتر لەسەر مەسەلەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد رابوەستن. هەروەها بانگم لە خەڵكی تورك و كورد كرد كە كار بۆ یەكسانی بكەن. بە تایبەتیش داوام لە ئەردۆغان كرد كە زمانی كوردی بكاتە فەرمی. چونكە مادام ئەوە قبوڵ دەكەن كە كورد هەیە دەبێ زمانیشی ئازاد بكەن. ئەگەر ئازادی نەبێت ئەگەری ئەوە هەیە لەهەر دەرفەتێكدا شەڕ دەستپێبكاتەوە.
گوڵستان: ئامینە ئەردۆغان زۆر سەیری تۆی دەكرد و قسەی لەگەڵ تۆ دەكرد. چی دەگوت؟
شڤان: راستە من و بەڕێز ئامینە ئەردۆغان قسەی زۆرمان كرد و زۆر گریا. دەیگوت زۆر كەس ئەشكەنجە و دەربەدەرییان بینی. هەروەها دەیگوت دەزانم ئەگەر نەژادپەرستەكان و كەمالیستەكان بێنە سەر دەسەڵات دەرماندەكەن. هەروەها دەیگوت پێویستیمان بە كۆمەكە بۆ بەهێزكردنی دیموكراتی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا. دەبێ بەیەكەوە ئەو كارە بكەین. دیسان گوتی تۆ هاووڵاتی ئەم وڵاتەی و هەموو ناوچەیەك لە خزمەتی تۆدایە و تۆ هونەرمەندی ئێمەی و هیچ جیاوازییەك نییە.
گوڵستان: تێبینی ئەوەت كرد كە ئامینە ئەردۆغان پشتیوانی هاوسەرەكەی دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد؟
شڤان: بەڵێ زۆر پشتیوانی دەكات و ژنێكی زۆر بەڕێزیشە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ