فەرید ئەسەسەرد: بەبێ رێککەوتنى پارتى و گۆڕان گشتپرسى سەرناگرێ

18-07-2017
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-
رووداو - سلێمانی‌

وادەی ئەنجامدانی گشتپرسیی سەربەخۆیی لە باشوورى کوردستان نزیک دەبێتەوە و ناکۆکییە نێوخۆییەکانیش هێشتا زۆر و ئاڵۆزن و بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. یەکێتی لەلایەک پێداگیریی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکات بۆ پشتگیریکردنی پرۆسەکە و شاندێکیشی پێکهێناوە تاوەکوو سەردانی وڵاتانی دراوسێ بکات بۆ قسەکردن لەسەر گشتپرسی. فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) پێیوایە رازیبوونى بەغدا بە گشتپرسییەکەى باشوورى کوردستان بەندە بە رەزامەندیى تورکیا و ئێرانەوە. سەبارەت بە کاراکردنەوەى پەرلەمانیش دەڵێت: "لە کۆتاییدا پارتی رازی دەبێ پەرلەمان بەوشێوەیە کارا بکرێتەوە کە حیزبەکانی دیکە دەیانەوێ".

رووداو: هەفتەى رابردوو یەکێتی بڕیاری پێکهێنانی شاندێکی حیزبیی دا کە بۆ مەسەلەى گشتپرسى سەردانی وڵاتان بکات. ئەو شاندە پەیوەندی لەگەڵ کۆمیتەکانی گشتپرسی هەیە کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاریکراون و نوێنەری حیزب و کەمینەکانى تێدایە؟

فەرید ئەسەسەرد: ئەو شاندە شاندێکی تایبەت بە یەکێتییە و لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکێتی پێکدێ و نوێنەرایەتی یەکێتی دەکات. ئەو شاندە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە بڕیاری پێکهێنانی دراوە و پەیوەندی بەهیچ کۆمیتەیەکی پێکهێنراو بۆ گشتپرسی نییە، هەروەها پەیوەندی بە هیچ حیزبێکی دیکەوە نییە. ئەو وڵاتانە دیاری دەکرێن کە شاندەکە سەردانیان دەکات و ئەرکی شاندەکەش بریتییە لە روونکردنەوەی ئامانجی گشتپرسی، هەروەها پەیداکردنی لایەنگر بۆ پرۆسەکە لەو وڵاتانەی سەردانیان دەکەن.
  دوودڵین لە بەشداریکردن لە گشتپرسی

رووداو: یەکێتی لەکاتێکدا شاند بۆ گشتپرسی دروستدەکات و هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی لە وڵاتانی دراوسێ دەدات کە لەهەمانکاتدا پێداگیریی دەکات لەسەر ئەوەی پەرلەمان کارا بکرێتەوە و پەرلەمان یاسا بۆ گشتپرسى دەربکات، چۆن دوو هەوڵی لەم جۆرە لەیەک کاتدا دەگونجێن؟

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە لەسەر هەردوو ئاست کاردەکەین، راستە وامانگوتووە و شاندیش دروست دەکەین، بەڵام بۆچوونی ئێمە لەبارەی گشتپرسی ئەوەیە کە قۆناغی یەکەم دەبێ پەرلەمان کارا بکرێتەوە. چونکە پێمانوایە بەبێ کاراکردنەوەی پەرلەمان گشتپرسی شەرعیەت وەرناگرێ و دوودڵین لە بەشداریکردن لە گشتپرسییەک کە نەتوانێ شەرعیەت بۆ خۆی دابین بکات. ئەوەیە وامان لێدەکات پێداگیریی بکەین لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان.

رووداو: شاندێکى یەکێتى لە ئێرانە، پێتوانییە ئێران هەوڵ بدات گوشار لەسەر یەکێتی دروست بکات بۆ پاشگەزبوونەوە لە گشتپرسی؟
  ئەگەر ئێران و تورکیا رازى بن بە گشتپرسی بەغداش رازی دەبێ

فەرید ئەسەسەرد: هەڵوێستی ئێران روونە و پێویستی بەوە نییە کە یەکێتی بڕوات بۆ ئەوەی بیخەنە ژێر گوشاری خۆیانەوە. ئەوان پێشتر و بە ئاشکرا رایگەیاندووە دژی گشتپرسی و دابەشکردنی عێراقن. پێویست بەوە ناکات یەکێتی بڕوات بەلایەنەکانی دیکە بڵێ ئەم دەوڵەتە بۆچوونی وایە و ئەو دەوڵەتە بۆچوونی وایە، چونکە ئەو دەوڵەتانە بۆخۆیان لەسەر ئاستێکی بڵند هەڵوێستی خۆیان بە ئاشکرا راگەیاندووە.

رووداو: شاندەکەتان بۆ لە سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستپێدەکات؟
  ئێمە تووشی هەڵپەی گشتپرسی بووین ئەگەرنا کاتی نەهاتووە

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە دەبێ سەرەتا لە دراوسێکانمانەوە دەستپێبکەین. کاری دانوستاندن لەپێناو گشتپرسی ئەوەیە سەرەتا لە دراوسێکانتەوە دەستپێبکەی. هەرێمی کوردستان درێژترین سنووری لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە. ئەگەر ئێران و تورکیا رەزامەندی لەسەر گشتپرسی بدەن یان جۆرە نەرمییەک بنوێنن، کاریگەریی دەبێ لەسەر هەڵوێستی بەغداش. بێگومان ئیشکردن لەسەر هەڵوێستی بەغدا وادەکات کە دژایەتی دەوڵەت و هێزە جیهانییەکان هیچ بایەخێکی نەمێنێ.
 
رووداو: واتە کرنەوەی دەرگای ئێران بەمانای کردنەوەی دەرگای رەزامەندیی بەغداش دێ؟

فەرید ئەسەسەرد: ئێران وڵاتێکی کاریگەری ناوچەکەیە و هەڵوێستی خۆی بەفەرمی دووجار راگەیاندووە. جارێک لەسەر زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە کە دژی گشتپرسییە. لە تورکیاش رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆمارى تورکیا دوو جار دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕیوە. لە G20یش، دووپاتیکردەوە کە دژی گشتپرسییە.

رووداو: بەڵام هەندێک دەڵێن 20 ساڵی دیکەش کورد باسی گشتپرسی بکات ئەم جۆرە لێدوانانە هەر دەبیستین لەبارەی دژایەتیکردنی گشتپرسی؟

  شاندەکەى یەکێتی پەیوەندی بە هیچ کۆمیتەیەکی پێکهێنراو بۆ گشتپرسی نییە

فەرید ئەسەسەرد: لەو هەلومەرجەی ئێستا من بۆچوونم ئەوەیە کە ئێمە ئێستا تووشی هەڵپەی گشتپرسی بووین. ئەگینا ئەگەر بەشێوەی واقیعی سەیری مەسەلەکە بکەین، دۆخەکە گونجاو نییە بۆ گشتپرسی. بەو بەڵگەیەی کێشەی نێوخۆیی ئەوەندە زۆرە کە کێشە و تەگەرەی زۆری لەبەردەم گشتپرسی دروستکردووە و ناڕەزایەتیی نێودەوڵەتیش ئەوەندە زۆرە کە تاوەکو ئێستا هیچ دەوڵەتێک پشتگیریی نەکردووین، بەڵام رەنگە پەیوەندی بە هەندێک لایەنی دیاریکراوەوە هەبێ کە دەیەوێ مەسەلەکە بەرەو گشتپرسی ببات. واتە بابەتەکە زۆرتر بە حیزبی و شەخسی کراوە زۆرتر لەوەی کە واقیعەکە خوێندرابێتەوە و بتەوێ بەپێی تێگەیشتن لە واقع گشتپرسی بکەى.

رووداو: کێشەی نێوخۆیی، ململانێی نێوان لایەنەکانە بەگشتی کە ململانێ کۆنەکانیان دەخەنە نێو بازنەی گشتپرسییەوە یان مەبەستت پەرلەمانە؟

فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێستاش دەرفەتی زۆرمان لەبەردەم ماوە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا، بەڵام ئەگەر گوشاری دراوسێکانمان و نێودەوڵەتی زۆرتر ببێ، رەنگە پێویست بەوە بکات دوابخرێ، چونکە رۆژ لەدوای رۆژ گوشارەکان و کاردانەوەکان زۆرتر و توندتر دەبن بەرامبەر گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان.

رووداو: بەبڕوای تۆ لە کۆتاییدا گشتپرسی لەوادەی خۆیدا دەکرێ، یان دوادەخرێ؟
 ئەگەری زۆرە هەڵبژاردن دوابخرێ

فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان وەکو ئێستا بمێنێتەوە و نێوانی لایەنەکان هەروا خراپ بێ، گشتپرسی چانسی ئەنجامدانی نابێ. هۆیەکانیش پەیوەندی بە گوشاری دەرەکی نییە و پەیوەندی بە باری خراپی نێوخۆییەوە هەیە.

رووداو: ئەگەر گۆڕان و یەکێتی بەشێوەیەکی مەبدەئی لەگەڵ گشتپرسی نەبن، لە سلێمانی و هەڵەبجە گشتپرسی سەرکەوتوو دەبێ؟ دەنگی بەڵێ وەک پێویست دەبێ؟

فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر مەبەستت کارانەکردنەوەی پەرلەمان بێ، بێگومان سێ لایەنی سەرەکی کە یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵن، بەشداری لە گشتپرسی ناکەن. ئەوکات بەدڵنیاییەوە ناکرێ گشتپرسی لە دوو پارێزگادا سەرکەوتوو بێت و لە دوو پارێزگادا سەرکەوتوو نەبێ. ئەوکاتە پرۆسەکە هەمووی بەگشتی پەکیدەکەوێ و ناتوانی بڵێی گشتپرسی کراوە.

رووداو: کەواتە لەم دوو پارێزگایە سەرکەوتوو نابێت و دەنگی نەخێر زۆرتر دەبێ؟

فەرید ئەسەسەرد: پێموانییە دەنگی نەخێر زۆر بێ، بەڵکو بایکۆت زۆر دەبێ. واتە خەڵک زۆرتر بەشداریی ناکەن نەک بەشداریی بکەن و بە نەخێر دەنگ بدەن.

رووداو: ماوەیەکە پارتی بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رایدەگەیێنێ کە دەستبەرداری مەرجەکانی بووە و داوا دەکات پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی ئێستا بچنەوە سەر کارەکانیان بۆ ئەوەی گشتپرسی سەرکەوتوو بێت، کەچی هێشتا ئێمە رێککەوتنی لایەنەکان نابینین؟ کێشەی نوێ چییە؟ 
  گشتپرسى بە حیزبى و شەخسی کراوە

فەرید ئەسەسەرد: رەنگە خاڵی رانەگەیێندراوی دیکە لە کاراکردنەوەی بێمەرجی پەرلەماندا هەبن کە وەک مەرج وان و پارتی دەستی لێ بەرنەداون. ناتوانم لەوەش دڵنیابم، چونکە هێشتا پارتی پرۆژەی بێمەرج کاراکردنەوەی پەرلەمانی نەداوەتە یەکێتی و گۆڕان. لەبەرئەوەی مەرج نییە زانیارییەکانم دروست بن، نامەوێ لەو بارەیەوە زۆرتر بڵێم .

رووداو: کەواتە ئەم دۆخە درێژە دەکێشێ و پێش ئەنجامدانی گشتپرسی رێککەوتنی لایەنەکان ئەستەم بووە؟

فەرید ئەسەسەرد: من دڵنیام لە کۆتاییدا پارتی رازی دەبێ بە کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی لایەنەکانی دیکە دەیانەوێ. بەبێ مەرج و بەوشێوەیەی کە یەکڕیزیی نیشتمانی لێ بکەوێتەوە.

رووداو: کەی ئەوە روودەدات؟

فەرید ئەسەسەرد: دڵنیام لەوەی پارتی لە کۆتاییدا ئەوە دەکات، بەڵام خۆی دەبێ ئەوە لەکاتە گونجاوەکەدا بکات. پێش ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ ئەوەی بتوانین هەموومان پێکەوەبین و گشتپرسییەکە سەرکەوتووانە بکەین. ئەگەر پارتی بیەوێ گشتپرسی بەهەر نرخێک بێت بکرێ، دەبێ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رێکبکەوێ و هەموو کێشەکانی لەگەڵ گۆڕان چارەسەر بکات. بەبێ ئەوە بەدڵنیاییەوە گشتپرسی سەرناگرێ.

رووداو: ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان سەرقاڵی دیاریکردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتییە. ئایا پێش دیاریکردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، پارتی دەتوانێ گفتوگۆ بۆ رێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بکات؟ 

فەرید ئەسەسەرد: بەڵێ بزووتنەوەی گۆڕان وەک حیزبێک یان هێزێکی سیاسی پێویستی بە ناوەندی بڕیاردانی یەکگرتوو و یەکلاکەرەوە هەیە، لەم هەلومەرجەدا زۆر ئەستەمە گۆڕان بتوانێ بڕیار بدات و یەکلایی ببێتەوە لەسەر پرسێک، بەڵام کاتێک رێکخەری گشتی هەڵدەبژێرێ و خانەی راپەڕاندن دیاری دەکات، ئەوکات دەتوانێ بڕیار بدات.

رووداو: گۆڕان سەرقاڵی دیاریکردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنە، ئەوەش بە مانای ئەوە دێ کە چیدی یەکێتی باسی یەکگرتنەوەی لەگەڵ نەکات؟

فەرید ئەسەسەرد: ئێمە لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ گۆڕان هیچ کاتێک باسی یەکگرتنەوەمان نەکردووە. هیچ ماددەیەک نییە باسی یەکگرتنەوە بکات و تەنیا باسی یەکخستنی فراکسیۆنەکان دەکرێ.

رووداو: بەڵام باس لە ئەگەری بەهێزی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکرێ؟

فەرید ئەسەسەرد: تاوەکو ئێستا هیچ لایەک ئەم بابەتەی پێشنیاز نەکردووە، بەڵام ئەگەری زۆریش هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. هۆیەکەش ئەوەیە ئێستا لایەنەکان بە گشتپرسییەوە سەرقاڵن. لایەنەکان بەشێوەی نافەرمی پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەردەبڕن، ئێستا لە عێراقیش هەروا پێشنیازی دواخستنی هەڵبژاردن هەیە.

رووداو: کەواتە دواخستنی هەڵبژاردن بەمانای درێژکردنەوەی تەمەنی سەرۆکایەتییەکان دێ؟

فەرید ئەسەسەرد: ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێ، دەبێ پەرلەمان بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و حکومەت بدات، بەڵام بۆ مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێم لەبەر ئەوەی یاساکەی رێگە نادات، دەبێ رێگاچارەی دیکە بدۆزرێتەوە. یان ئەوەتا لایەنەکان دەستدەکەنەوە بە دانوستاندن بۆ چارەسەری یاساکە کە سەرۆک لە پەرلەمانەوە دیاری بکرێ، یان کەسێک دیاری دەکەن ببێتە سەرۆکی هەرێم، یان ئەوەتا چەند مانگێک هەڵبژاردن دوادەخرێ و بەهەڵبژاردن یەکلایی دەکرێتەوە.

  رەنگە پێویست بکات گشتپرسی دوابخر

رووداو: کەواتە پارتی و یەکێتی چاوەڕێی رێکخەری گشتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕانن؟ 

فەرید ئەسەسەرد: نازانم چاوەڕێی ئەوەن یان نا، بەڵام هەر دەبێ چاوەڕێ بین، چونکە هیچ حیزبێک ناتوانێ بەبێ کەسی یەکەم بڕیار بدات.

رووداو: لە سلێمانی کۆنفرانسی راوێژکاریی کەنەکە هەبوو تۆش بەشداریت کرد، ئەوەی دەیبینی لەبارەی دروستکردنی کۆدەنگی سیاسی و نەتەوەیی، پێتوایە کارێک یان پرۆژەیەکی هەروا ئاسان بێ؟

فەرید ئەسەسەرد: ئەمە کۆنگرە یان کۆبوونەوەیەکی گرنگە و لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان کۆدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر ئەوەبێ ئایا هەموو پارتەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان لەسەر یەک ستراتیژی کارکردن  کۆبکاتەوە، ئەوە کارێکی ئەستەم و قورسە، چونکە هەر پارچەیەک هەلومەرجێکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەوەی بۆ کوردستانی عێراق گونجاوە، رەنگە بۆ کوردستانی تورکیا یان سووریا نەبێ، بەڵام گرنگە بۆچوونە جیاوازەکان لەیەک نزیک بکاتەوە و ئەرکێکی پیرۆزە.

رووداو: مژاری گەرم لە باشووری کوردستان گشتپرسییە، لێرە باسی ئەو پرسە ناکرێ، بۆچی؟


فەرید ئەسەسەرد: من ناتوانم بڵێم بۆچی. بەڵام لە هەرێمی کوردستان بابەتی سەرەکی گشتپرسییە و دەمانەوێ بە ئامانجی دروستمان بگەیێنێ. تەگەرەی زۆریش لەبەردەمی هەیە و ئەگەر بتوانین یەکڕیزی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دروستبکەین، دەتوانێ دژایەتییە نێودەوڵەتییەکان کەم بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە