کەمال محەممەد: رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێ و توانای 270 هەزاریشمان هەیە

19-11-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت دەڵێت، رێککەوتنی هەناردەی نەوت بەردەوام دەبێت و تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتووش، کارەبای 24 کاژێری دەگاتە هەموو ناوچەکان.
 
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، رۆژانە 200 بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرێ؛ تاوەکو ئێستاش 10 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.
 
کەمال محەممەد دەڵێ، توانای رۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان 270 هەزار بەرمیلە. رێککەوتنی هەناردەی نەوتیش بۆ ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
 
ئەو وەزیرە باس لەوەشد ەکات، تاوەکو یاسای بودجەی نوێش دەتوانن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیێننەوە نزیک 400 هەزار بەرمیل کە ئاستی پێش راگرتنی هەناردەی نەوتە؛ گوتیشی، لە چەند کێڵگەیەک دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت نەکراوەتەوە.
 
هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کۆمپانیاکان دڵنیا نەبوونەتەوە لە شێوازی وەرگرتنەوەی شایستەکانیان، بەڵام پێشبینی دەکات هەفتەی داهاتوو بەرهەمهێنان لە یەکێک لە کێڵگەکان دەستپێبکاتەوە.
 
کەمال محەممەد دەڵێ، هێشتا حکومەتی عێراق گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا راوێژکارییە نەکردووە کە بڕیارە خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەوان بە نووسراوی فەرمی ئاگادارکراونەتەوە لە کاری کۆمپانیاکە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو تەواوبوونی کاری کۆمپانیاکە، کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بە نەوت شایستەکانیان وەردەگرن.
 
لەبارەی کارەباشەوە وەزیرەکە دەڵێت، ئێستا 4 ملیۆن و 500 هەزار هاوبەشی کارەبا، لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە کە دەکاتە 70% بۆ 72%.
 
گوتیشی، ئەو شوێنانەی دیکە کە ماون، لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتووەوە کارەکانی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێریی تێیاندا دەستپێدەکات، پلانیشیان وایە تاوەکو کۆتایی 2026 کارەکانیان تەواو ببێت، بەڵام پێشبینی دەکات پێش ئەو وادەیە، کارەکان تەواو بکرێن.
 
وەزیری کارەبا دەشڵێت، بڕانی کارەبا لە رۆژانی رابردوودا دووبارە نابێتەوە و کاتی بووە؛ دڵنیاییش دەدات لەوەی ئەگەر کێشە لە بەرهەمهێنانی گاز دروست نەبێت، لە وەرزی سەرمای ئەم ساڵ کێشەی کارەبا دروست نابێت.
 
قسەکانی ئەو وەزیرە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵی ئەنجامی دا.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: جەنابی وەزیر، زۆر زۆر بەخێر بێیت. نەوت ئێستا بەبێ کێشە دەڕوات؟
 
کەمال محەممەد: بێگومان دوای ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی کرا، هەناردە لە لە 27ـی مانگی 9وە دەستیپێکردەوە و رۆژانە 200 بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێ بۆ بەندەری جەیهان. تاوەکو ئەمڕۆش دەتوانم بڵێم 10 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: ئێستا رۆژانە چەند نەوت هەناردە دەکرێت؟
 
کەمال محەممەد: لەنێوان 200 بۆ 210 هەزار [بەرمیل]. بەڵام لەبەر ئەوەی لە بەندەری جەیهان چەند کۆگایەک هەن، هەرکاتێک بگەنە نزیک ئاستی پڕبوون، ئاگاداری دەنێرن و دەڵێن، هەناردە کەمبکەنەوە. بەڵام رۆژیش هەیە هەناردە دەگاتە 260 بۆ 270 هەزار بەرمیل وەک قەرەبووی ئەو رۆژانەی کۆگاکان پڕن. تێكڕا 200 بۆ 210 هەزار بەرمیل رۆژانە هەناردە دەکرێت.
 
رووداو: لە تواناتاندایە رۆژانە تاوەکو 270 هەزار بەرمیل نەوتیش بەرهەمبهێنن و بینێرن؟
 
کەمال محەممەد: ئەوەیان کۆگا دەکرێت، چونکە کۆگاکانی جەیهان 6 بۆ 7 کۆگان. ئەگەر پڕبوون، ناچار ئاگاداری دەدەنە کێڵگە نەوتییەکانی ئێمە کە جارێ هەناردە رابگرن یان کەم بنێرن، بەڵام بە تێكڕا بڕەکە 200 بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە.
 
رووداو: بەرزترین ئاست دەتوانن چەند [نەوت] بنێرن؟ توانای چەند هەیە؟
 
کەمال محەممەد: وەک بۆریی نەوت، تاوەکو 750 هەزار بەرمیلیش توانای گواستنەوەی هەیە، بەڵام پێش راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم [ـی کوردستان]، ئێمە 400 بۆ 420 هەزار بەرمیل نەوتمان هەناردە دەکرد. بەڵام بەپێی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، 50 هەزاری بۆ بەکارهێنانی نێوخۆییە و ئەوی دیکە هەناردە دەکات، بەڵام ئاستی ئێستای بەرهەمهێنان نزیکەی 260 بۆ 270 هەزار بەرمیلە.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، واتە گەیشتوونەتە ئەو بڕەی لەسەری رێککەوتوون؟
 
کەمال محەممەد: بەڵێ. 
 
رووداو: هیچ کێشە نییە؟
 
کەمال محەممەد: هیچ کێشەیەک نییە لەسەر ئەم بڕە. ئەو 50 هەزارەش بە هەمان شێوە هیچ کێشەیەکی نییە.
 
رووداو: بۆ ساڵی داهاتوو ئەم رێککەوتنە بەردەوام دەبێ؟ وەک دەزانیت، زۆرجار باس لەوە دەکرێت رێککەوتنەکە بۆ سێ مانگە. ئەمە چۆنە؟ ساڵی داهاتوو چۆن درێژە بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەدرێ؟
 
کەمال محەممەد: کاتێک رێککەوتنەکە کرا، بۆ ئەو سێ مانگە نەبوو کە باس دەکرێ و بەردەوام دەبێت، بەڵام لەبەر یاسای بودجە کە بۆ سێ ساڵ بوو، ماوەی رێککەوتنەکە کرایە تاوەکو سەری ساڵ. بەڵام هەمیشەش کە یاسای بودجە نەبێت بۆ ساڵی دواتر، راستەوخۆ مامەڵەی 'یەک لەسەر دوازدە' دەکرێت، واتە ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تاوەکو یاسایەکی دیکەی بودجە دەردەچێت.
 
رووداو: لە یاسای بودجەی نوێ پێشبینی دەکەیت هەولێر و بەغدا چۆن رێکبکەون لەسەر هەناردەکردنی نەوت؟ [بەرهەمی نەوت] دەگەیێندرێتەوە 400 هەزار بەرمیل یان وەک خۆی دەمێنێتەوە؟
 
کەمال محەممەد: نەخێر، هەندێک کێڵگە هەن هێشتا بەرهەمیان نییە، وەکو سەرتە، بجیل، تەقتەق و باشیک. ئەگەر لەو کێڵگانە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەدڵنیاییەوە دەگەینەوە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل.
 
رووداو: بۆچی ئەو کێڵگانە هێشتا بەرهەمهێنانی نەوتیان دەستپێنەکردووەتەوە؟
 
کەمال محەممەد: لەڕاستیدا کۆمپانیاکان تاوەکو ئێستا دڵنیا نەبوونەتەوە لە شێوازی دانەوەی شایستە داراییەکانیان. هەرچەندە رێککەوتنیش کراوە، بەڵام زیاتر لە 30 مانگ بوو نەوت راگیرابوو. بۆیە تاوەکو جارێکی دیکە ئەو پرۆسەیە دەستپێدەکاتەوە، هەندێک ماوە دەخایەنێت. پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو کێڵگەیەکی دیکەش بێتە ناوەوە [بەرهەم تێیدا دەستپێبکاتەوە]. 
 
رووداو: ئەمە بڕی نەوتەکە زیاد دەکات؟ چەند زیادی دەکات؟
 
کەمال محەممەد: پێشبینیمان ئەوەیە 5 بۆ 10 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە لە بەرهەمهێنان زیاد بێت. ئەو کێڵگانەشی ئێستا کاردەکەن، دەستیان بە لێدانی بیری نوێ کردووە و بەرهەمیان بەرەو زیادبوون دەبەن.
 
رووداو: هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە بواری نەوتدا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، هەموویان کاردەکەن؟ DNO کێشەیەکی هەبوو، چارەسەر بوو ئەو کێشەیە؟
 
کەمال محەممەد: DNO لە سەرەتادا کێشەی هەبوو، بەڵام کێشەکەی چارەسەرکراوە. DNO ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانیشی زیادکردووە؛ پێشتر بەرهەمی 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئێستا گەیشتووەتە 70 بۆ 75 هەزار و یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە باشەکان و کێشەی نییە لە هەناردەکردن.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، بۆ 2026 دووبارە دەست بە گفتوگۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەکات یان چۆنە؟
 
کەمال محەممەد: وەکو میکانیزم، کێڵگەکانی ئێمە دیارن، کۆمپانیایەکی راوێژکاری دەستنیشانکراوە بە ناوی 'وود مکێنزی'، ئەوان لەگەڵ تیمەکانی ئێمە سەردانی کێڵگەکان دەکەن و ژمێرەرەکان وەردەگرن. ئاستی بەرهەمهێنان چەند بێت، 50 هەزار بۆ نێوخۆ و ئەوەی دیکە بۆ هەناردە دەبێت. ئێمە وەکو وەزارەت شتێک نییە بیشارینەوە ئاخۆ بەرهەم زیادیکردووە یان کەم، بەڵام ئەم پرۆسەیەک هەندێک کاتی پێویستە تاوەکو بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە ئاستی جاران.
 
رووداو: ئەو کۆمپانیایە دەستی بە کارکردن کردووە جەنابی وەزیر؟
 
کەمال محەممەد: وەزارەتی نەوت [ـی عێراق] هێشتا گرێبەستی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە نەکردووە. ئێمە بە نووسراوی فەرمی ئاگادارکراوینەتەوە و سەردانیشیان کردووین. دەبێت بەم نزیکانە گرێبەست لەگەڵ وود مکێنزی بکەن، چونکە ئەو لایەنی سێیەمە کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەکات کە ئێمە و ئەوان و کۆمپانیاکانیش لەسەری رازی بووین. بەڵام هێشتا وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ نەکردووە. 
 
رووداو: واتە وود مکێنزی هێشتا دەستی بە کارەکانی نەکردووە.
 
کەمال محەممەد: بۆ چارەسەرکردنی ئەمە، ئێستا سۆمۆ لە بەرامبەر شایستەی ئەو کۆمپانیایانە، نەوتیان پێدەدات. بۆ نموونە ئەگەر پشکی کۆمپانیایەک بەپێی گرێبەستەکەی 30٪ بێت و 100 بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، 30 بەرمیل نەوتی پێدەدرێ، چونکە وود مکێنزی دەستی بە کارەکانی نەکردووە، بەڵام کاتێک وود مکێنزی دەستی بە کارکرد و تێچووەکەی دیاریکرد، ئەوکاتە دەتواندرێ بە پارە یان نەوت شایستەی دارایی کۆمپانیاکان بدرێت. واتە ئێستا ئەوەش نابێتە کێشە.
 
رووداو: ئەگەر [وود مکێنزی] هەر نرخێکی دیاریکرد، هەموو لایەک پێیەوە پابەند دەبن؟
 
کەمال محەممەد: هەرسێ لایەن پێوەی پابەند دەبن. هەرسێ لایەنی نێو رێککەوتنەکە لە وەزارەتی نەوت، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکان و هەروەها هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رێککەوتوون کە هەر بڕیارێک ئەو کۆمپانیایە بیدات، پابەند دەبین. ئەوانیش پێیەوە پابەند دەبن. بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکانی وود مکێنزی دواکەوتووە، پارە نادرێتە کۆمپانیاکان، بەڵکو بەرمیلی نەوت دەدرێت لە بەرامبەر شایستەکانیان.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، ئەگەر لەسەر کارەباش یەک دوو پرسیار لە جەنابتان بکەم. ئێستا لە سەتا چەندی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی کارەبایان هەیە؟
 
کەمال محەممەد: ئێستا نزیکەی 4 ملیۆن و 500 هەزار هاوبەش کارەبایان بووەتە 24 کاژێری، واتە 72 بۆ 72٪ـی [دانیشتووانی] هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێرییان هەیە.
 
رووداو: ئەو 28٪ـەی دیکە کەی تەواو دەبێت؟
 
کەمال محەممەد: بۆ ئەوی دیکە، لەبەر ئەوەی وەرزی زستان هاتووە و یەکەم ساڵمانە لە پڕۆژەکە، هەندێک وریاییمان هەیە لەوەی خەڵک تووشی کێشە نەبێ، بەڵام بۆ ئەوانەی دیکە [کە کارەبایان 24 کاژێریی نییە]، لە مانگی سێ [ـی 2026] دەستپێدەکات و پلان وایە تاوەکو کۆتایی 2026 تەواو ببێت، بەڵام پێشبینی دەکەین کۆتایی 2026، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بێت و سەرانسەری هەرێم کارەبای 24 کاژێریی هەبێت.
 
رووداو: لە زستان و سەرەتای بارانبارین لە سلێمانی و هەولێر هەندێک کێشە روویاندا و کارەبا بڕا جەنابی وەزیر، هۆکارەکەی چی بوو؟ چارەسەر کراون؟
 
کەمال محەممەد: دوو هۆکار هەبوون؛ یەکەم، هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان لە کاتنی هاتنی شەپۆلی بارانی یەکەم، کێشەکانی کارەبا هەمووی بەدیار دەکەون، بۆچی؟ چونکە تۆز و پیسی لەسەر ئامێرەکان دەشۆردرێتەوە. واتە کێشەکان بەدەردەکەون. ئەمە یەکەم. دووەم، کێشەیەک لە دانەگاز هەبوو کە [بەرهەمهێنانی] گاز بە تەواوی راگیرا. ئەوەش بۆ دوو بۆ سێ کاژێر. ئەو دوو هۆکارە هەردووکیان لە کاتێکی نزیک یەکدی بوون، بوونە هۆکار. بەڵام ئێستا هەمان بڕی پێشتری کارەبا کە 4000 بۆ 4200 مێگاوات کارەبایە، بەرهەمدەهێندرێت و پشکی شارەکان وەکو خۆی دابین دەکرێت. پڕۆژەی رووناکیش لەو شوێنانەی کە کارەبایان نەبووەتە 24 کاژێری، وەکو خۆی جێبەجێ دەکرێت.
 
رووداو: یانی خەڵک دڵنیا دەکەنەوە لەم زستانە کێشەی پچڕانی کارەبا نابێت؟ بەتایبەتی ئەو شوێنانەی 24 کاژێریین؟
 
کەمال محەممەد: تەنیا بابەتی کێشەی گاز دروست نەبێت، هیچ کێشەمان نابێت پشتیوان بەخوا.
 
رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم. بەڕێز کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت.
 
کەمال محەممەد: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و سوپاس بۆ ئەم دیدارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە