رووداو - هەولێر
مەنسوور ئەلسەلووم كە بە رەگەز عەرەبە، لەگەڵ ژنێكی كورد بەنێوی هەدیە یوسف، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنێك دەكەن كە رۆژی 17ی ئایاری ئەمساڵ، بەنێوی ئەنجوومەنی دامەزراندنی فیدراڵیی رۆژئاڤا/ باكووری سووریا، لە ناوچەی رمێلانی رۆژئاوای كوردستان دامەزرا. دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە هەر زوو كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانەش لێدوانی سەركردەیەكی پەكەكە كە گوتی ئەوان لەگەڵ بەكارهێنانی دەستەواژەی رۆژاڤادا نەبوون، بەڵام مەنسوور ئەلسەلووم وەڵامی ئەو سەركردەیەی پەكەكە دەداتەوە و دەڵێت "كەس ناتوانێت بۆچوونی خۆی بەسەر ئێمەدا بسەپێنێ".
مەنسوور كە لە رێگەی ئیمەیڵەوە وەڵامی پرسیارەكانی (رووداو)ی داوەتەوە، گەشبین نییە بە چارەسەری كێشەی سووریا و دەڵێت "رەوشی سووریا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت". سەبارەت بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیا و رووسیا و كاریگەریی لەسەر رۆژئاوای كوردستانیش دەڵێت ئەوە كاریگەریی لەسەر ئەوان نابێت.
رووداو: ئایا لە رێگای فیدراڵی بەتایبەتی ئەوەی بەناوی فیدراڵی دیموكراتیی رۆژئاڤا/ باكووری سووریا راتانگەیاندووە، دەتوانرێ دەرگای چارەسەری سیاسی لە سووریا بكرێتەوە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: ئەوە پڕۆژەی ئێمەیە، لە كاتێكدا پێشكەشمان كردووە كە ئاڵۆزییەكی زۆر سووریای گرتووەتەوە. هەموو پێكهاتەكانی رۆژئاوا وەكو چارەسەری نموونەیی سەیری دەكەن. لەهەمانكاتدا پڕۆژەیەكی كراوەیە بە رووی راپرسی، گفتوگۆكردن، دەستكاریكردن و زیادكردنی ماددەی دیكە بۆ پرۆژەكە، چونكە پێمانوایە ئاوات و هیوای هەمووان بەم شێوەیە بەدی دێت.
رووداو: كێشەی كورد لە سووریا كێشەیەكی نەتەوەییە. پێتوانییە كە پێویستە چارەسەری ئەو كێشەیە لە چوارچێوەی چارەسەری كێشەی گەلانی ژێردەست و چەوساوە و دابەشكراودا بێ؟
مەنسوور ئەلسەلووم: رۆژئاوا لە پێكهاتەی ئەتنیكی و نەتەوەیی جیاواز پێكدێت كە بە سەدان ساڵە لەگەڵ یەكدی بە برایەتی دەژین. كێشەیەكی ئەتنیكی لە نێوانیاندا رووی نەداوە. ئەو زوڵم و فەرامۆشكردنەی روویداوە ئەنجامی سیاسەتی حكومەتە شۆڤینییەكان بووە. ئێستا هەموو دان بە مافی پێكهاتە و نەتەوەكانی دیكە لە خوێندن و پاراستنی كولتووری خۆیان لە چوارچێوەی ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتییە دەنێن، ئەوەش دژ بە پێكهاتەكانی دیكە نییە. كورد بەهۆی كۆمەڵگای رۆژئاوا بەرەوڕووی چەوساندنەوە نەبووەتەوە. سەرەڕای كردەوە و سیاسەتی حكومەتەكان هێشتا نەتەوە و ئیتنیكەكانی رۆژئاوا دەستی هاوكاری بۆ یەكدی درێژ دەكەن.
رووداو: ئایا ئەوەی لە چوارچێوەی فیدراڵی لە رۆژئاوا پێشنیاز كراوە، خواستەكانی كورد بەدی دێنێ؟ ئایا ئەو فیدراڵییەتەی راتانگەیاندووە تایبەتمەندیی كوردی تێدایە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: ئەوەی پێشنیاز كراوە بە سازان لەگەڵ هەموواندا كراوە. ئەو فیدراڵیەتەی پێشنیازكراوە نموونەی فیدراڵی دیموكراتییە كە هەموویان پێیانوایە خواستەكانیان تێدا بەدی دێت، فیدڕالییەتێكی نە ئەتنیكییە و نە كوردیشە.
رووداو: چۆن رێككەوتن لەسەر دەستەواژەی فیدراڵی دیموكراتیی رۆژئاوا - باكووری سووریا كرا؟
مەنسوور ئەلسەلووم: لە كۆنگرەی رمێلان كە نوێنەرانی هەر سێ كانتۆنەكە تێیدا ئامادەبوون، دوای گفتوگۆ بە كۆی دەنگ بڕیار لەسەر ناوی فیدراڵی دیموكراتیی رۆژئاوا- باكووری سوریا درا.
رووداو: پێتانوانییە لە نێوان دەستەواژەی فیدراڵی دیموكراتیی رۆژئاوا - باكووری سووریا و پەیماننامەی كۆمەڵایەتیی دامەزراندنی فیدراڵی، ناكۆكی هەیە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: پەیماننامەكە ناوی فیدراڵی دیموكراتی رۆژئاوا/ باكووری سووریایە. كەواتە لە كوێدا ناكۆكی هەیە. ئەوە بە سازش و رێككەوتنی نوێنەرانی گەل لە سێ كانتۆنەكە كراوە.
رووداو: بەڕێز رەزا ئاڵتون، ئەندامی كۆنسەی كۆما جڤاكێن كوردستان (KCK)ی سەر بە پەكەكە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەو پارتە لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی سەفیری لوبنانی دەڵێت "بەكارهێنانی دەستەواژەی رۆژئاوا هەڵەیە" قسەكانی ئەو بەڕێزە چۆن دەخوێننەوە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: ئەوەی رەزا ئاڵتون باسی كردووە، بۆچوونی خۆیەتی، لەسەر ئێمە نەسەپێندراوە. ئێمە بەرەوڕووی بۆچوونی جیاواز لە لایەنی جیاواز بووینەتەوە. ئێمە لە چوارچێوەی كاری دەزگایی و لیژنەی پسپۆر كاردەكەین. كەس ناتوانێ بۆچوونی خۆی بەسەرماندا بسەپێنێ. تەنیا گوێبیست و ملكەچی پێداویستی كۆمەڵگا دەبینەوە.
رووداو: پێتوانیە قسەكانی بەڕێز ئاڵتون، دەستوەردانە لە كاروباری سووریا و كاروباری ئەنجوومەنی دامەزراندنی فیدراڵی لە رۆژئاوا؟
مەنسوور ئەلسەلووم: ئاڵتون دەستی وەرنەداوەتەوە نێو كاروباری ئێمە، تەنیا بۆچوونی خۆی گوتووە. ئەی بۆچی باسی بۆچوونی قەتەڕ و سعودیە و توركیا ناكەن. ئێمە لە بەرامبەر ئاوێنەی جیهانین كار بە بڕیاری سەربەخۆ دەكەین.
رووداو: زۆر لە لایەنگرانی پەیەدە، رەخنە لە قسەكانی ئاڵتون دەگرن. رای ئێوە چییە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: هەموو لایەك مافی را دەربڕینی هەیە، ئێمە وەكو بزووتنەوەی كۆمەڵایەتیی دیموكراتی پێمانوایە هەموو كەس لە چوارچێوەی یاسا ئازادە لە را دەربڕین. هەندێك پشتگیریان لە قسەكانی كرد و هەندێكی دیكە رەخنەیان لێگرت. ئەمە ئازادی رادەربڕینە و بۆ هەموو كەسێك پارێزراوە.
رووداو: پێتوایە قسەكانی رەزا ئاڵتون دەربارەی بە وەفایی بزووتنەوەكەیان بۆ رژێمی سووریا لە جێگای خۆیدا بوو؟ بەتایبەتی لەو قۆناغەدا.
مەنسوور ئەلسەلووم: پەیوەندیمان بە قسەكانی بەڕێز ئاڵتونەوە نییە، ئێمە دانوستاندنێكی سووری سووری دەكەین، داوای مافەكانی خۆمان دەكەین، رژێم ئاگای لە قەبارەی قوربانییەكان و داواكاریانمانە. كەس ناتوانێ نكۆڵی لە رێبەرایەتی ئێمە بەشێویەكی بێلایەن و شەفاف بكات، بەتایبەتی لەو كاتەی لایەنەكانی دیكە هەوڵیان دەدا وڵات پەلكێشی ناو فیتنەیەكی ئەتنیكی و مەزهەبی بكەن.
رووداو: پێتوایە قسەكانی رەزا ئاڵتون، تەنیا مانۆڕێكی سیاسی بوو بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر كاردانەوەكان لە دژی دەستكەوتەكانی كورد پەرتوبڵاو بكات؟
مەنسوور ئەلسەلووم: لەسەر بنەمای كاردانەوەكان كار ناكەین، ئێمە لە بواری ئیداری و سەربازی دەستكەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە، جیهان ئەمە دەبینێ. دیموكراسی و یەكسانیمان بەرقەرار كرد و پاشەكشەمان بە تیرۆر كرد. دوای ئەو هەموو قوربانیانە قبوڵ ناكەین. جگە لە دروێنەی بەرهەمەكە شتێكی دیكە قەبوڵ ناكەین. پێویستمان بە مانۆڕی سیاسی نییە.
رووداو: لەناو ئەنجوومەنی دامەزراندنی فیدراڵی جیاوازی لەسەر شێوە و ناوەڕۆكی ئاڵا هەیە؟ بۆچی تاوەكو ئێستا شێوەی ئاڵاكەتان رانەگەیاندووە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: لەگەڵ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دامەزراندنی فیدراڵی بە هەموو ئەندامەكانیەوە، گفتوگۆ لەسەر شێوەی ئاڵا دەكەین و دەنگی بۆ دەدەین، ئەگەر گەیشتینە بۆچوونێكی هاوبەش.
رووداو: ئایا لەبارەی "سەربازیی ئیجباری" لە هەرێمە فیدراڵیەكەتان ناكۆكی هەیە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: نزیكەی شەش مانگە، گفتوگۆ، دانیشتن لەو بارەیەوە هەیە. هەروەها ترس و دڵەڕاوكێش بەهۆی هەبوونی هەڵمەتێكی راگەیاندنی بە سیاسیكراو لە دژی ئێمە ئارادایە. هەروەها ئەمە ئەزموونێكە بۆ كۆمەڵگاكەمان، لە رێگای گفتوگۆ و كاری ئیداری دیموكراتی قۆناغێكی درێژمان بڕیووە. لە ئێستاوە زۆرینە هەست بە تەندروستی پڕۆژەكە دەكەن، بەدڵنیایی دەڵێم زۆرینە لەسەر رێگای سازشكردنە. لە سەرەتاوە دوو دڵی و تێنەگەیشتنێك لە ئارادابوو، بەڵام لە ئەنجامی سەركەوتنەكان و یەكگرتنی جەماوەری تێكەڵبوونی خوێن لە سەنگەرەكان، هەستكردنی كۆمەڵگا بە بەرپرسیاریەتی هەمووان، هەست كردن بە ناسنامەی نیشتمانی ئەو هێزەی لە سەنگەرەكانە، خەریكە هەموو رازی دەبن بەوە كە پێویستە رۆڵەكانمان بەرگریی لە دەستكەوت و نیشتمان بكەن.
رووداو: هەندێك پێیانوایە ئاراستەی رووداوەكان لە سووریا بەرەو چارەسەری دەچێت. باوەڕ بەو لێكدانەوەیە دەكەیت؟ بۆچی؟
مەنسوور ئەلسەلووم: ئەوە نابینم، بە پێچەوانە، رووداوەكان بەرەو توندی و ئاڵۆزی زیاتر دەچن، ئاماژەكانی چارەسەری بەدیناكرێن، لایەنەكانی قەیرانەكە دەوڵەتەكانی ناوچەكەش ئامادەنین بۆ چارەسەری.
رووداو: چۆن دەتوانرێ رێگا لە داعش و بزووتنەوە تیرۆریستیەكانی دیكە بگیرێ لە هێرشكردنە سەر قامیشلۆ و ناوچە كوردییەكانی دیكە لە رێگای تەقینەوە و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو؟
مەنسوور ئەلسەلووم: هێزەكانمان هیچ كاتێك درێغیان لە پاراستن نەكردووە، ئەوەی لە قامیشلۆ روویدا، مایەپووچی و بێتوانایی تیرۆریستانە لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەكانمان لە بەرەكانی جەنگ. كردەوەیەكی ترسنۆكانەیە، دزە دەكرێتە نێو فڕۆكەخانەی دەوڵەتە زۆر پێشكەوتووەكانیش. سەرەڕای هەموو ئەمانە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەمان راگەیاندووە، بۆ پاراستنی ناوچەكەمان بەرپرسیاریەتی خەڵكمان دیاری كردووە، تاوەكو ببنە چاو و گوێی هاوتەریب، جگە لەوە رێوشوێنی ئەمنی توندترمان گرتووەتەبەر كە بەر لە تەقینەوەكە ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی لە دژی دەوەستاینەوە.
رووداو: هەندێك لەو بارەیەوە بە پێویستی دەزانن ئیدارەی خۆسەر عەرەبە نیشتەجێیەكانی نێو قایمشلۆ بگوازێتەوە نێو كەمپەكان لە دەرەوەی شار. تۆ وەكو بەرپرسێكی ئەو ناوچەیە پێتوایە ئەمە دەكرێت یان جۆرە چارەسەرییەكی دیكە لە ئارادایە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: بەڕێزم، ئەمە تێكەڵاوكردنی مەسەلەكانە و ئامانجیش تێیدا بە هەڵەدابردنە كە وەكو ژەهرێك لەلایەن تابووری پێنجەم بەكاردێت. بیرۆكەیەك بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان لە ئارادایە و دابینكردنی پێداویستیەكانیان و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی شار لە ئارادایە، بەڵام ئەو بیرۆكەیە عەرەبەكانی قامیشلۆ ناگرێتەوە. ئێمە هەوڵدەدەین ئاوارەكان بگوازینەوە شوێنێكی ئارام. گەل و نیشتمان بۆ ئەوانەی ئەو بیرۆكە ژەهراویەیان هەیە گرنگ نییە، جیهان بەچاوی خۆی ئەو رێوشوێنانە دەبینێ كە دەیگرینەبەر.
رووداو: توركیا بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەدات پەیوەندییەكانی لەگەڵ رووسیا ئاسایی بكاتەوە. ئایا ئاسایبوونەوەی پەیوەندی ئەم دوو وڵاتە هەڕەشەیە لەسەر فیدراڵی رۆژئاوا؟ هەروەها كاریگەری لەسەر هەموو رووداوەكانی نێو سووریا چییە؟
مەنسوور ئەلسەلووم: ئێمە دەزانین سیاسەتەكانی توركیا چی بەسەر سووریا هێناوە، توركیا مێشكی زۆر كەسی هەڵخەڵەتاند و هەموو پیسییەكانی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و جیهان كۆكردەوە، رایكێشانە نێو وڵاتەكەمان. لە ئەنجامی ئاشكرابوونی نیازەكانی، شكستهێنانی پڕۆژەكانی، قەیرانە ناوخۆییەكانی، خەریكە توركیا سەری لێدەشێوێت. دەخوازین گەلەكەمان و جیهان ئەوە بزانێ كە ئێمە لەسەر رێگایەكی راست دەڕۆین و فیدراڵیەكەمان ئیرادەی گەلەكەمانە، ئێمە ئەو ئیرادەیە جێبەجێ دەكەین، نە توركیا و نە لایەنێكی دیكە كارمان لێ ناكات.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ