هۆشیار زێباری: پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا پڕە لە مین

22-06-2023
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
هەڤپەیین لەگەڵ هۆشیار زێباری
هەڤپەیین لەگەڵ هۆشیار زێباری
نیشانەکردن هۆشیار زێباری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ "هەوڵ هەیە بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ئەم هەوڵە چڕتریش بووەتەوە".
 
لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، هۆشیار زێباری باسی پێگەی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق، پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردن و زۆر بابەتی دیکەش دەکات لەگەڵ ئەو "لوغمانەی" لەنێو بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دانراون، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بودجە پڕە لە ئەلغام بۆ هەرێمی کوردستان".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، هۆشیار زێباری ئاشکرای دەکات "داواکارییەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەیە بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی کە لەم نزیکانەدا کۆببینەوە".

 

هۆشیار زێباری دەڵێت هەوڵێک هەیە بۆ بچوککردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و یەکێتی نزیکە لەو بۆچوونەی دەیەوێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە. 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ماوەیەکە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق هەیە، بۆچوونی ئێوە چییە؟
 
هۆشیار زێباری: هۆکار زۆرن، بەڵام پرسیارێک، بە رەخنەی وەرمەگرە، ئێوە لە رووداو هەست دەکەن ئەم شتە هەیە؟
 
رووداو: بە دڵنیاییەوە
 
هۆشیار زێباری: ئەم هەوڵە هەیە و چڕتر بووە، لە راستیدا زۆر هۆکاریش هەن، بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەداخەوە ئەمانەی لەسەر دەسەڵاتی عێراقن ئێستا، بە ناوی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت یان بە ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعی، ئەو پابەندبوونانەی بە نووسراو رێکککەوتنی لەسەر کرابوو، وەکو بڕیارێکی سیاسی بۆ دامەزراندنی ئەم حکومەتەی سوودانی، پابەندی نەبوون. دووەم، رێککەوتنێکی دیکە لەسەر ئاستی هەردوو حکومەت کرابوو کە بەویشەوە پابەند نەبوون، ئەو وادەیەی بە سەرکردایەتیی ئێمە درا پێیەوە پابەند نەبوون، لەبەرئەوە کاتێک بودجە چووە پەرلەمان و دەنگی لەسەر درا، روونبووەوە کە بەداخەوە خاوەنی پابەندیی خۆیان نین، ئەمە ئاماژەیەکی بەهێز بوو بۆ ئێمە، کە دەبێت خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی خۆمان بکەین. مەسەلەی بودجە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە و قسەم زۆر لەسەر بودجە هەیە، بەڵام ئەو بەشەی دەستنیشانی کردووە بۆ هەرێمی کوردستان، پڕە لە ئەلغام (مین)، یانی وا بە سادەیی چاوی لێ ناکەین و نایخوێنینەوە، چونکە بە خوێندنەوە و بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کردوویانە، دەزانن چی دەکەن؟ هەر وەکو جەنابت فەرمووت، ئەم هەوڵانەی هەر لە سەرەتاوە بەردەوامبوون، دەگەڕێنەوە سەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەم هەرێمە بە خەبات و خوێنی زۆر دروستبووە، ئاکامیشی ئەوە بووە مافەکانی ئێمە لەم دەستوورەدا دەستنیشانکران، رەوایی تایبەتی فیدراڵی چییە؟ هی هاوبەش چییە؟ هی هەرێمی کوردستانیش چییە؟ هەموو ئامانجەکان ئەوەیە ئەم دەستوورە بگۆڕن، چونکە بۆچوونیان ئەوەیە؛ نابێ عێراق بە دەسەڵاتێکی فیدراڵی بەڕێوەبچێت، دەبێت بە دەسەڵاتێکی ناوەندی بێت، یانی ئەو خەبات و ئەو کارەی کاتی خۆی کردمان، بۆ ئەوە کردمان عێراق جارێکی دیکە نابێ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەت، تاکڕەوی، یەک کەسی، یەک حیزب و یەک نەتەوە، بەڵام بەڕاستی ئەم بۆچوونە بەرەو ئەوە دەچێت لە بەغدا.
 
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە؛ ئەم گوشارە هەر لێرە ناوەستێت، لە بودجە، نەوت، بابەتی دەرمان و شایستە داراییەکانی جووتیاران کە سەرەتاییترین شتن، جیاوازی دەکەن، یان مەسەلەی دەرمان ئەگەر پرسیار لە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکەن، دەبینن جیاوازی هەیە، هەموو ئامانجیان ئەوەیە؛ ئەم قەوارەیە پووچەڵ یان کەم بکەنەوە، چونکە بە بۆچوونی هەندێکیان نەک هەموویان، بۆچوونێکی وا هەیە دەسەڵات ئێستا کەوتووەتە دەست ئێمە، سوننە لاواز و بڵاو بووە، تەنیا لایەنێک کە جۆرێک دژایەتی دەکات، بەرامبەرمان دەوەستێتەوە، ئەوە هەرێمی کوردستانە.
 
هۆکارێکی دیکە، ناکۆکیی کوردە؛ کە بێگومان کەڵکیان لەم بۆشاییە وەرگرتووە و لایەنێکی ناوخۆ بەکاردەهێنن، بۆ ئەوەی دووبارە هەرێمی کوردستانی پێ لاواز بکەن، بەداخەوە کاتێک تەماشا دەکەین، دەبینین بۆ ئەوەیە ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان پەرت و بڵاو بێت، یەکگرتوو نەبێت و هەوڵی ئەوەش دراوە و دانی پێدا دەنێن. بەداخەوە ئەمە جێگەی داخە، وەکو کوردێک دەڵێم.
 
خاڵیکی دیکە ئەوەیە؛ ئێمە جاران لە بەغدا بەهێز بووین، دەنگمان هەبوو، رەنگمان هەبوو، بڕیارمان هەبوو و خاوەن بڕیار بووین، ئێستا ئەو پێگەیە لاواز بووە، مەسەلە پۆستەکانیش نییە، بەڵام ئەم رۆڵەی لە بەغدا دەگێڕدرا بەهێزتر بوو، ئەو کات کەس بۆی نەبوو باسی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکات، هێڵی سوور بوو، ئێستا دێنە وردەکارییەکانیش، جاران بڕگەیەک لەسەر بودجە هەبوو، ئێستا دوو لاپەڕەیان پڕکردووەتەوە و پڕیشە لە ئەڵغام (مین) و کێشە، جا ئەو بۆچوونە هەیە بەداخەوە، بێگومان رێگەی دەربازبوون لەمانە چییە؟ دەبێ ئێمە نێوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە ئەوە بەرچاوترین راستییە.
 
خاڵێکی دیکە ئەوەیە؛ رەوایی بدەینەوە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەویش تەنیا بە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکرێت، بەڵام بە بۆچوونی من، ئەم هێرشە بەردەام دەبێت و لێرە ناوەستێت.
 
رووداو: پێشبینی شتی زیاتر دەکەن لە بەغداوە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ، پێشبینی شتی دیکەش دەکەم کە سبەی دەروازە سنوورییەکان کە ئەویش تابعەی ئێمە دەبێت، دەروازە سنوورییەکان نە رێگەی هاتوچۆ لە سنوورەکان، هەتا فڕۆکەخانەکانیش بە دەروازەی سنووری دەزانن.
رەنگە سبەی بڵێن دەبێ سوپا هەموو سنوورەکان بگرێت، چونکە مەسەلەیەکی سیادییە و زۆر شتی دیکە، یەک بەدوای یەکدا، بێگومان دادگە بەکاردەهێنن دژی هەرێمی کوردستان، بینیمان چەندین خاڵی نادادپەروەرانە و نادەستوورییان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرخست، ئامێرێکە بەدەستیانەوە، چۆنیان بوێت کاری پێ دەکەن، لەوەش کێشەمان هەیە، جا دۆخی ئێمە راستە رەنگە تووشی گوشارێکی زیاتر ببین، بەڵام چارەسەریش هەیە وەکو باسم کرد، هەوڵبدەین نێوماڵی کورد رێکبخرێتەوە، نزیکتر ببینەوە و دووبارە بەرەو هەڵبژاردن بڕۆین، لە راستیدا تەنیا ئەم دوو چارەسەرەم لەبەرچاوە کە دۆخی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت و خەڵکیش متمانەی زیاتر بە هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی دەکەن.
 
رووداو: لە هەمووی مەترسیدارتر ئەو ناکۆکییە نییە، کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتی؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان، رێگەیان خۆش کردووە، بەداخەوە برادەرانی یەکێتیش زۆر لەو بۆچوونەی بەغدا نزیکن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: یانی یەکێتی ئەوەی دەوێت؟
 
هۆشیار زێباری: وا پێ دەچێت، کرداریان (وایە) کە وردەکارییەکەی نازانم، یانی جاران هەر وەکو باسمان کرد، کێشە و گەنگەشەمان هەبوو، بەڵام هەندێک هێڵی سوور هەبوون کە نە پارتی و نە یەکێتی دەرباز نەدەبوون لێی، ئەویش بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، قەوارەکەی و یەکگرتوویی ئەم هەرێمە بوو، ئێستا هەوڵ هەیە ئەمەش نەهێڵن. مانای ئەوە نییە کە دەرفەت نییە رێککەوتن لەگەڵ برادەرانی یەکێتی بکرێت، لە قۆناخی داهاتوودا و پاش ئەم رووداوانە، داواکارییەکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەیە بۆ مەکەتەبی سیاسیی پارتی، کە لەم نزیکانەدا کۆببینەوە.
 
رووداو: داوایان لێکردوون؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ، لەو ماوەیەدا ئینشائەڵڵا لەگەڵیاندا دادەنیشین، سەرجەم کێشەکان باس دەکەین، دەیخەینە سەر مێز،  خەڵکی ئێمەش وریایە و هۆشیارە، بەدواداچوون دەکات، دەزانێت کێشەکە چییە، چارەسەرکردنەکانیش ئەمانەن، ئەگەر دێن وەرن پێکەوە با لە چارەسەر بگەڕێین، ئەگەر نا ئەم کێشانە هەر بەردەوامن.
 
رووداو: مەبەستت یەکێتی بوو کە دەڵێیت ئەوانیش لایەنێکی نێوخۆیی بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ، روونە زۆر، یانی ئەوان ئەو ناکۆکییەی پارتی و یەکێتییان پێخۆشە، لەبەرئەوە دەبێ ئەم رێگەیەیان پێنەدرێت.
 
رووداو: جەنابت ماوەیەکی زۆر وەزیری دەرەوەی عێراق بوویت و ماوەیەکیش وەزیری دارایی، هەست دەکەیت لە بودجەی عێراقدا ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە؟
 
هۆشیار زێباری: ئەمە لەسەر من تۆمار بکە کە پێش دوو رۆژ لەگەڵ هەندێک لە پسپۆڕانی وەزارەتی داراییش باسمکرد، ساڵی 2015 بوو، من چووم بۆ پەرلەمان و بودجەم پێشکێشی ئەندامانی پەرلەمان کرد، لەوێ تۆمارم کردووە کە حکومەتی فیدراڵی بە 15 ملیار دۆلار قەرزداری حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ساڵی 2015، جا بزانە دوای ئەمە چەندە زەرەرمەند بووە.
 
رووداو: ئەم قەرزە چی بوو؟
 
هۆشیار زێباری: کەڵەکەبوون (تەراکوم) بوو، شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو کە دەبوایە بیدەن، بەشی هەرێمی کوردستان بوو، ئەو رێککەوتنانەی هەمانبوون، هەمووی حیساب کرابوون و ئەمە بەڵگەنامەیەکی فەرمییە کە بە ناوی وەزیری دارایی عێراق لە پەرلەمان لە پێش هەموو دونیا (خرایەڕوو). زۆر ستەم لە ئێمە دەکەن.
 
رووداو: ئەی ئەو ئەڵغامە چییە لە یاسای بودجەدا؟
 
هۆشیار زێباری: لوغمەکە (مین) هەمووی سزادانە، هەمووی مەرجدارە، تۆ وا نەکەی، وات لێدەکەم، ئەمە جێبەجێ نەکەی ئەم رێکارە دژی تۆ دەگرمەبەر.
 
رووداو: بۆچی رازی بوون؟
 
هۆشیار زێباری: دەبێت پرسیار لەو برادەرانە بکەیت کە دانوستاندنیان کردووە لە بەغدا، ئەندامانی ئێمە لە پەرلەمان و بەرپرسانی ئێمە لەوێ.
 
رووداو: ئایا نوێنەرانی ئێوە نەدەگەڕانەوە بۆ حیزب و ئێوە لە مەکتەبی سیاسی؟
 
هۆشیار زێباری: هەندێک جار دەگەڕانەوە، بەڵام هەندێک جاریش بە شێوەیەکی کەسی دەڕۆیشتنە پێشەوە، ناڵێم خەتای ئەوانە، بەڵام فێڵیان لێکردن، تاوەکو چاوبەستنێک هەبوو؛ تاوەکو دەنگدان لەسەر بودجە، چەند کەسێکی خۆیان تەحریکیان کرد، ئەمە خوویانە، لە ئاستی سیاسی دەڵێت، لەسەر ئەم شتە هاوڕاین، بەڵام لە ئاکامدا دەڵێت، ئەندامانی پەرلەمان ئازادن بۆ دەربڕینی رای خۆیان و هەموویشی هی ئەوانە.
 
رووداو: یانی ئەوە کاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو؟
 
هۆشیار زێباری: سەت لە سەت.
 
رووداو: پەشیمان بوونەوە لەو رێککەوتنانەی پێشتر هەبوون؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان، خۆ رێککەوتنەکان نووسراون و زارەکی نین، بە واژۆی خۆیانن.
 
رووداو: بۆچی هەموو جارێک ئەو کاتەی پێویستیان بە کوردە رێککەوتن لەگەڵ کورددا دەکەن و دوایی پەشیمان دەبنەوە. بۆچی کورد وانە لەو ئەزموونانە وەرناگرێت؟
 
هۆشیار زێباری: وانەمان هەبوو. وانەمان وەردەگرت، بەڵام لەسەر کەسەکانیش دەمێنێتەوە، یانی لە کوێ پێدادەگیرێت؟ 
لە کوێ دەڵێیت ناتوانم ئەمە قبووڵ بکەم؟ بە بۆچوونی ئەوان، ئێستا هەرێمی کوردستان، لە هەرێمیش لە راستیدا پارتی پێیان دەڵێت نا.
 
رووداو: یەکێتی ناڵێت نا؟
 
هۆشیار زێباری: تائێستا نەمبیستووە، نەیگوتووە، بە ئاشکرا ئەم شتانەی پشتڕاست دەکردەوە (لایەنگری دەکرد) کە  دژی هەرێمی کوردستانن.
 
رووداو: ئەوان دەڵێن بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەوەدایە کە ئێمە کردوومانە.
 
هۆشیار زێباری: بەخوا پرسیاری هەر چاودێرێکی سەربەخۆ بکەیت، دەڵێت هیچ بەرژەوندییەکی ئێوە نییە کە ئەم هەرێمە لەت بکەن.
 
رووداو: سەرۆککۆماری عێراق دەتوانێت رێگری بکات بۆ ئەم گوشارانەی دەکەونە سەر هەرێمی کوردستان؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە سەرۆککۆماری بە شوێنێکی کەم دەزانین، بەڵام بەپێی دەستوور شوێنێکی زۆر گەورە و گرنگە. هاوبەشە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە حکومەتدا، پارێزەری دەستوورە، بێگومان سەرۆککۆمار مافی خۆیەتی ئەگەر سبەی پەرلەمان یان دادگەی فیدراڵی بڕیارێک دژی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات، بڵێت ئەمە نادەستوورییە.
 
رووداو: یاسا رێگەی پێ دەدات بۆ ئەمە لە بودجەدا؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان دەتوانێت، لە دانوستاندنەکانیشدا. جاران کە مام جەلال لە بەغدا بوو، وامان دەکرد، هیچ بڕیارێک دەرباز نەدەبوو ئەگەر دەنگمان لەسەر نەدابووایە، ئەگەر رایەک چەندە بەرژەوەندیی عێراقی تێدابووایە، چەندە پەیڕەوی دەستوور بووایە، پەیڕەوی یاسای بووایە، قبووڵمان نەدەکرد. ئەم ساڵانەی دوایی بەداخەوە دۆخەکە بەو شێوەیە نییە.
 
رووداو: سەرۆککۆمار ئێستا دەتوانێت چی بکات؟
 
هۆشیار زێباری: دەتوانێت گوتارێکی هەبێت.
 
رووداو: گوتار چارەسەری کێشەکە دەکات؟
 
هۆشیار زێباری: نانا، هەڵوێست وەربگرێت.
 
رووداو: هەڵوێست وەربگرێت ئێستا لە بەغدا گوێی لێ دەگیرێت؟
 
هۆشیار زێباری: سەرۆککۆمارە، بێگومان تۆ گوێی لێ دەگریت، راگەیاندنەکانی عێراق گوێی لێدەگرن، لە دەرەوە گوێی لێدەگرن، وانییە کە بێدەسەڵات بێت.
 
رووداو: پێشتر هەر شاندێک سەردانی بەغدای دەکرد، دەهات بۆ هەرێمی کوردستانیش، ئێستا بۆچی ئەمە کەمتر دەبینرێت؟
 
هۆشیار زێباری: دوێنێ شاندێکی گەورەی ژووری بازرگانیی ئەمریکا لە هەولێر بوو و دەچیتە سلێمانیش. شاندەکان دێن، سەردانیش هەیە، بەپێی زرووفە، ئێستا بەشێوەیەکی گشتی دونیا دوای کۆرۆنا، دوای دۆخی ئۆکراینا، دوای ئەم گەنگەشە و ململانێیە جیهانییە لەنێوان ئەمریکا، چین و رووسیا، بە شێوەیەکی گشتی گرنگییان (ئیهتمامیان) بە کێشەکانی دەرەوە کەمتر بووە، نەک تەنیا لەلای ئێمە.
 
بە شێوەیەکی گشتی هاوپەیمانیی نوێ دروست دەبن، دۆخێکی نوێیە لە هەموو جیهاندا، دۆخێکی نوێیە یانی بەپێی عەقڵییەت و حوکمدانی پێشوو، ئێستا کار ناکات، کەمبوونەوەی شاندەکانیش بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هۆکاری خۆیان هەیە بێگومان، بەڵام دۆخی جیهانی و گرنگیدانی دونیاش گۆڕدراوە، بەڵام شاندەکان بەردەوامن. 
 
رووداو: بەڵام کەمتر بوونەتەوە!
 
هۆشیار زێباری: ئاخر لە کاتی شەڕی داعشدا گەرمتر بوو، لە راستیدا هەرێمی کوردستانیش بەهێزتر بوو و هاوسۆزییەکی زیاتر هەبوو لەگەڵ ئێمەدا، ئەم ناکۆکییانەی نێوخۆ بێگومان خەڵکیان دڵگران کردووە، مرۆڤ راستییەکەی بڵێت.
 
رووداو: ئەوەش کاریگەری هەبووە لەسەر پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان؟ وڵاتان لەو ناکۆکییە نیگەران نین؟
 
هۆشیار زێباری: تاوەکو ئێستا نا، تاوەکو ئێستا دۆستانی ئێمە لە دەرەوە لەگەڵ ئەوەدان هەرێمی کوردستان بەهێز بێت لەنێو عێراقێکی بەهێزدا، تاوەکو ئێستا درووشمیان ئەوەیە، بەڵام ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، بەرهەمهێنان نەبێت، بەرژەوەندیی ئابووری نەبێت، ئیهتمامی دونیا کەمتر دەبێتەوە.
 
رووداو: ئەوان ماندوو نەبوون لەوەی هێندە داوا لە یەکێتی و پارتی بکەن؟
 
هۆشیار زێباری: هەوڵدەدەن، هەوڵەکانیان بەردەوامن و رۆڵی باشیش دەبینن. لە راستیدا هەموو دۆستەکانی ئێمە بەپەرۆشن کە بتوانین هەرچەندە نابینە یەک و دوو حیزبی جیاوازین، دوو سەرکردەی جیاوازین، دوو عەقڵییەتی جیاوازین [لێکنزیکبوونەوەمان هەبێت]، ئەگەر یەک بووباین، دەبووایە ببینە یەک حیزب، ئەوە نەبووە، بەڵام بە مانای ئەوە نییە ناتوانین پێکەوە کار لەسەر هەندێک بەرژەوەندیی باڵای هەردوولا بکەین، بەڵکو ئەوە مومکینە. تەنانەت کاتی خۆی باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی و سەرکردایەتیی یەکێتیدا هەبوو، ئەو گەنگەشە حیزبییەش هەر هەبوو، بەڵام لەسەر کێشە سەرەکییەکان و لە بەغدا هەڵوێستمان یەک بوو.
 
رووداو: پێشتر ناکۆکیی یەکێتی و پارتی نەدەگەیشتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئێستا بۆ وای لێهاتووە؟
 
هۆشیار زێباری: دەبێت پرسیار لەو لایەنە بکەیت کە ئەوە دەکات، وەکو یەک تەماشای هەموو لایەک مەکە.
 
رووداو: لایەنێکی ناکۆکییەکە ئێوەشن.
 
هۆشیار زێباری: دەزانم، بەڵام کێ کێشەکانی نێوخۆ دەباتەوە نێو حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێ کێشەکانی نێوخۆ دەباتەوە لای حکومەتی بەغدا؟ منم؟
 
رووداو: کێیە؟
 
هۆشیار زێباری: تۆ دەزانی، من پرسیارت لێ دەکەم.
 
رووداو: یەکێتیش گلەیی لەم بابەتە هەیە.
 
هۆشیار زێباری: رێککەوتنمان هەیە، ئەو کێشانە هەموو چارەسەر دەکرێن، وابزانم لەم دوواییانەدا ئەو کاتەی تیمی یەکێتی لە حکومەت کشانەوە بۆ شەش مانگ، حکومەتەکە پەکی نەکەوت، بەردەوام بوو.
 
رووداو: بەڵام کێشەش هەبوو.
 
هۆشیار زێباری: دەزانم، کێشەکان چارەسەر بوون، هەر لەنێو حکومەت چارەسەر بوون، لەو کاتەش پێمان دەگوتن، وەرن با چارەسەری بکەین، حکومەت ئەو شوێنەیە چارەسەری زوڵم و نادادپەروەری تێدا دەکرێت، دواتر ئەوەش کرا.
 
رووداو: ئەوە راستە کە ئێوە ستەم لە سلێمانی دەکەن؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە حکومەتێکمان هەیە، ئەم حکومەتە یەکێتش تێیدا بەشدارە، گۆڕان بەشدارە، وەک لە سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی حکومەتم بیستووە ئەوە ستەم نییە لە سلێمانی دەکرێت، ناکۆکییە، بۆچوونە، یانی ستەمەکە بەوە چارەسەر دەبێت بە بۆچوونی من ئەگەر لێم وەربگرن، کە ئەگەر کێشەی ئابووری هەبێت، ستەمیان لێ دەکرێت، وەرن با بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین.
 
رووداو: ئێستا کە پەرلەمان نییە، دەتوانن بودجە ئاوا دابین بکەن؟
 
هۆشیار زێباری: کاتی خۆی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، کارا دەکرێتەوە، هەڵبژاردنیش دەکەین، وەرن با بودجەیەک بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەین کە نە زاخۆ نە هەڵەبجە، نە سلێمانی، نە دهۆک و نە هەولێر گلەیی نەبێت، دادپەروەری تێدا بێت.
 
رووداو: بۆچی پارتی دژی ئەو بڕگەیە لە یاسای بودجەیە کە باسی مامەڵەی راستەخۆ لەگەڵ بەغدا دەکات؟
 
هۆشیار زێباری: چونکە ئەوە دابەشت دەکات، دەبێت عێراق وەکو یەک کیان مامەڵە لەگەڵ قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات، کاتێک تۆ پارێزگایەکی لێ دەکەیتەوە، ئەوە نامێنێت.
 
رووداو: مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت؟
 
هۆشیار زێباری: نا خۆ ئەو بڕگەیەی بودجە، لەراستیدا بڕێک بە شارەزایی نووسراوە، دەبێت دادپەروەری تێدا هەبێت و ئەگەر وەکو ئەگەرێک مافەکانی سلێمانی نەدرا، ئەو کاتە دەگەڕێنەوە بۆ سەرۆکوەزیران و پەرلەمان.
 
رووداو: قابیلی جێبەجێکردن نییە ئەو مادەیە؟
 
هۆشیار زێباری: ئەگەرە، یانی وەکو ئەگەرێک داندراوە، بەڵام باش نییە، شتێکی خراپە.
 
رووداو: دەرگە دەکاتەوە بۆ شتی دیکە؟
 
هۆشیار زێباری: رەنگە دەرگە بکرێتەوە بۆ شتی دیکە، ئەمە پێگەی تۆ لاواز دەکات، نموونەت بۆ دێنمەوە چونکە لە نێودا بوومە و دەزانم، ئەگەر دەستوور هەمووار بکرێتەوە، لەوێ بڕگەیەکمان داناوە، ئەگەر سێ پارێزگا دژی بوون ئەم هەمووارکردنەوەیە ناکرێت، ئەمە ئەم مافە لە تۆ وەردەگرێتەوە، سبەی دەستووریش هەموار بکەنەوە بە بەرژەوەندیی خۆیان، تۆ ئەم ڤێتۆیەت نییە لەسەر ئەوە.
 
رووداو: بەدەستتانەوە نەماوە ئەم ڤێتۆیە؟
 
هۆشیار زێباری: نا ئەمە ئاماژەیە (موئەشەر) تۆ بۆ لە من تێناگەی، یانی شتێکی خراپە زۆر تەنانەت لە نێوەڕۆکیش.
 
رووداو: زۆربەی ئەوانەی ئێستا روودەدەن، پارتی خستوویەتییە ئەستۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێستا پارتی پێویستی بەوە نییە دەرگایەکی نوێ بە رووی یەکێتیدا بکاتەوە؟
 
هۆشیار زێباری: بە جەنابتم گوت، پێش دوو رۆژ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، داوای لە مەکتەبی سیاسیی پارتی کردووە کۆببینەوە، ئێمەش کۆدەبینەوە و باسی ئەم کێشانە دەکەین.
 
رووداو: نەرمتر لە جاران گفتوگۆ دەکەن؟
 
هۆشیار زێباری: کاکە گفتوگۆ هەر هەبووە، گفتوگۆ ئەبەدەن نەبڕاوە.
 
رووداو: بەڵام زۆرجار گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە ئەنجام؟
 
هۆشیار زێباری: هەموو گفتوگۆیەک سەت لە سەت ناگاتە ئەنجام، بەڵام نیەتی پاک لە هەردوولا هەیە، کە هەوڵبدەن کێشە نێوخۆییەکان لەسەر هەندێ بنەما چارەسەر بکەن، گوتمان وەرن با چارەسەری کێشە نێوخۆییەکان بکەین کە قابیلی چارەسەرن، ئەگەر بمانەوێ هەرێمی خۆمان بپارێزین و پەرە پێبدەین و شەرعیەتی بپارێزین، دەبێ بچین هەڵبژاردن بکەین. 
 
رووداو: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت بۆ هەڵبژاردن شەش بۆ حەوت مانگمان دەوێ، پێتوایە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت؟
 
هۆشیار زێباری: دەکرێت، بەپێی زانیاریی ئێمە دەکرێت، بەڕاستی ئەویش یارییەکی سیاسییە، بەپێی شارەزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان یوونامی، مومکینە بکرێت، زیاتر ئەولەویەت بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێت نەک ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەمە پشتگیریی باشی لە دەرەوە و لە یووئێن هەیە، "دەبێت ئێوە جارێکی دیکە شەرعیەت بدەنەوە بە دامودەزگەی خۆتان و هەڵبژاردنێکی دیکە بکەن" مومکینە..
 
رووداو: ئەمساڵ مومکینە؟
 
هۆشیار زێباری: بەڵێ! ئەگەر لە 8ـی 11ـش نەکرا، لە مانگی 12ـدا دەکرێت.
 
رووداو: کۆمیسیۆن ئامادەیە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخات؟
 
هۆشیار زێباری: خۆیان دەیانەوێت دوای بخەن، حکومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی هاوڕانین لەسەر ئەو هەڵبژاردنە، لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە پاڵی پێوە بنێن بۆ ساڵی داهاتوو.
 
رووداو: ئێستا لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ هەیە؟
 
هۆشیار زێباری: ئێمە لایەن نین، ئەوان لەنێوان خۆیاندا ناکۆکن.
 
رووداو: مەبەستم ئەوەیە، ئەو هەڵبژاردنە دوابخرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت؟
 
هۆشیار زێباری: نا نا، بەپێی ئەو دانیشتنەی دوایینجار کە کۆمیسیۆن و یوونامی لەلای سەرۆکی هەرێم بوون، وابزانم جەختیان لەوە کردەوە ، ئەولەویەت بۆ هەڵبژاردنی هەرێمە.
 
رووداو: ئەمە وا دەکات کێشەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر ببن، یان کە کەوتنەوە نێو هەڵمەتی هەڵبژاردن، کێشەکان سەرهەڵدەدەنەوە؟
 
هۆشیار زێباری: ئاساییە کاکە، هەڵمەتی هەڵبژاردنە و هەریەکە و بانگەشە بۆ خۆی دەکات، ئەوە زۆر ئاساییە، ئەو دەڵێت، من باشم. ئەوی دیکە دەڵێت، من باشم.
 
رووداو: دەشڵێن تۆ (بە حیزبی بەرامبەر) خراپی!
 
هۆشیار زێباری: رەنگە ئەویش ببێت، بەڵام ئەمە ئازادی رادەربڕین و دیموکراسییەتە، هەڵمەتی بانگەشە هەیە و شتێکی زۆر ئاساییە.
 
رووداو: جەنابت ئەزموونی دەرەوەت زۆر بینیوە، ئەم بانگەشانە زۆرجار لە چوارچێوەی بانگەشە دەرناچن؟
 
هۆشیار زێباری: نا نا، من چەندینجار لە هەڵبژاردنەکان چاودێر بووم، لە ساڵی 1992ـوەوە چ لە عێراق بووبێت یان لە هەرێم، لەو چوارچێوە و مەرجانە، ئەگەر سکاڵا هەبێت، دەرگا کراوەیە و خەڵک دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات. 
 
رووداو: ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە کۆمیسیۆنی عێراق هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبات؟
 
هۆشیار زێباری: تاوەکو ئێستا؛ بەڵێ. 
 
رووداو: بە یاسا کۆنەکە؟
 
هۆشیار زێباری: پێویستە وابێت.
 
رووداو: بە یاسا کۆنەکە؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان، ئەگەر یاسای نوێ لە پەرلەمان دەرنەچێت، کار بە یاسای کۆن دەکرێت.
 
رووداو: یەکێتی لە دادگەی فیدراڵی تانەی لەو یاسایە داوە!
 
هۆشیار زێباری: تانەکان لە دادگەی فیدراڵی زۆرن، ئەمڕۆش تانەیەک دەدەن، ماشائەڵلا ئێستا دەرگاکە (دەرگای تانە) بۆ نەوەی نوێ کراوەیە.
 
رووداو: بۆ بە پێکەنینەوە وا دەڵێیت؟
 
هۆشیار زێباری: ئێ وایە کاکە، روونە.
 
رووداو: ئەگەر دادگەی فیدراڵی تانەکانی یەکێتی بە هەند وەربگرێت، کێشە بۆ یاساکەش دروست نابێ؟
 
هۆشیار زێباری: ناوەڵڵا دروست نابێت، بە بۆچوونی من ئەمە تەحەدایەکە، جەمپێکی سیاسی هەیە، ئەسڵەن تێبینی هەن لەسەر دامەزرانی ئەم دادگەی فیدراڵییە، کە نە بەپێی دەستوورە و نە بەپێی یاسایە، زۆر قسەمان هەیە...
 
رووداو: بۆ ئەو بڕیارەی تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان، تەواو پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە؟
 
هۆشیار زێباری: کاکە ئەمانە راست ناکەن ئەزیزم، ئەمانە بە کەیفی خۆیان تەفسیری یاسا دەکەن. درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک، گوتیان نایاساییە. باشە جەناب خۆت دروستبوونی حکومەتەکەت ساڵێک دواکەوت، بۆ نەتگوت ئەمە نایاساییە؟ وەنەبێت ئێمە بیانوومان نەبێت، لۆژیک و قسەمان نەبێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە وایە.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی لەسەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی نەبووە، ئەم بێدەنگییە قبووڵکردنە؟
 
هۆشیار زێباری: بە پێداگریی ئێمە لەسەر هەڵبژاردن، ئەمە رەت دەبووەوە.
 
رووداو: پێتوایە جارێکی دیکە عێراق بیەوێت نەوتی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بازاڕەکانی جیهان؟
 
هۆشیار زێباری: یارییەکی گەورە دەکەن، خۆیان زەرەر دەکەن و زەرەریش لە هەرێم دەدەن، بەڵام مادام زەرەر بە هەرێم دەکەوێت موشکیلەیان نییە، خۆ بەپێی حیسابات 2.2 ملیار دۆلار زەرەریان کردووە، ئێستا لەگەڵ حکومەتی تورکیا دانوستاندنیان هەیە، تەنانەت دوێنێ شاندێک لە بەغدا بووە، ئەمڕۆ (20-06-2023) جەنابی کاک مەسرور، سەرۆکی حکومەت لەسەر ئەم کێشانە چووەتە ئەنقەرە و لەوێ پێشوازییەکی باشی لێکرا، هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن، قەرەبوو لە تورکیا وەربگرن و جارێکی دیکە کێشە تەکنیکییەکانی هەناردەی نەوت. بەڵام بە بۆچوونی من قابیلی چارەسەرن، بە بڕوای من ئەم دواخستنە زیاتر سیاسییە، بۆیە بڕیارێکی سیاسیی پێویستە.
 
رووداو: لە تورکیاوە یان عێراق؟
 
هۆشیار زێباری: سەرەکیتر لە عێراق، بەڵام ئەوانەی زەرەرمەندن ئومێدەوارم هەست بەوە بکەن، چونکە تەنانەت ئەم بودجەیەی پێشکێشیان کردووە بەڕاستی واقیعییانە نییە، بەپێی شارەزاییم لە بودجە، شتی خەیاڵییان داناوە کە قابیلی جێبەجێکردن نییە، بەڵام کێکەکەیان بەباشی لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە، هەریەکە و پشکی خۆی، بەڵام هەندێک هۆی دیکە هەن کە گەورەترن لەوان؛ نرخی نەوت، ئەو خەڵکەی دایانمەزراندوون، جیاوازی و کورتهێنانی گەورەیان هەیە، لە هەموو بوارێکدا زوڵم لە هەرێم کراوە، تەنانەت لەو قەرزانەی لە هاوکاریی دەرەوە بۆیان دێت، جاران پێداگریمان دەکرد پشکی هەرێمی دەبێت 17٪ بێت، ئێستا رێژەیەکی زۆر زۆر کەمیان بۆ هەرێم داناوە، بەڕاستی لە هەموو بوارێکدا زوڵمێکی زۆر لە ئێمە کراوە.
 
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا شارەزایەکی ئابووری میوانی ئێمە (رووداو) بوو و گوتی: راستە زەبەلاحترین بودجەی عێراقە، بەڵام خراپترین بودجەی عێراقیشە.
 
هۆشیار زێباری: راستە، خراپە و لۆژیکی نییە شتەکە، پێشتر وەسفم کرد، ئەوان نرخی نەوتیان بە 70 دۆلار حسابکردووە، سادەترین شت؛ باشە؟ ئێستا بەپێی نرخی جیهانی نەوت بە 75 دۆلارە، هەمیشە عێراق نەوتی خۆی 5-6 دۆلار کەمتر دەفرۆشێت، سبەی نرخی نەوت بۆ 50 و 60 دۆلار دابەزێت، تەنانەت مووچەیان پێنادرێت. کورتهێنانەکە زیاتر دەبێت، ئەمە سادەترین شتە لە بودجەدا، هەرچەندە هەموو بودجەکە گریمانەییە، بەڵام بەڕاستی شتی نالۆژیکییان تێکردووە و لەنێوانی خۆیاندا دابەشیانکردووە؛ ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە لە بەغدا. هەریەکە و پشکی خۆی برد.
 
رووداو: مەبەستت چی بوو لەوەی کە کێکەیان جوان دابەشکردووە لەنێوان خۆیان؟
 
هۆشیار زێباری: کاکە پشکی من؛ ئەوەندە پرۆژە بۆ پارێزگاکانی من، ئەوەندە بۆ وەزارەتی من، ئەمەندە بۆ فڵان سەرۆکایەتی، ئەمە و ئاوا دابەشیان کرد.
 
رووداو: کێکەکە بە کەسی (شەخسی) دابەشکراوە؟
 
هۆشیار زێباری: نانا، بۆ ئەوان، ئەوانەی باڵادەستن لەناو حکومەت. 
 
رووداو: پارچەیەکی بچووکی کێکەکە دراوە بە هەرێمی کوردستان؟
 
هۆشیار زێباری: بەداخەوە شتێکی بچووک بە هەرێم دراوە، بەداخەوە زۆر...
 
رووداو: کێشەکە ئەوەیە بۆ سێ ساڵە، یانی تا سێ ساڵ ئەمە بەردەوامە؟
 
هۆشیار زێباری: ئەمەش کێشەی هەیە، لە هەموو دونیادا بودجە ساڵانەیە، بەڵام ساڵی داهاتووش پێداچوونەوە بە بودجەدا دەکرێت، وەنەبێت ئەم بودجەیە بۆ سێ ساڵ بەردەوام بێت، رەنگە ساڵی داهاتوو گۆڕانکاریی بکرێت، بەڵام باوەڕێک بە خەڵک دەدات کە رەنگە ئەمە بەردەوام بێت، خەڵکانێکیش هەن، پێیان خۆشە ئەم بودجەیە دووبارە ببێتەوە، یان چانسی ئەوەیان هەبێت هەر لەجێی خۆی بێت.
 
رووداو: ئێوە بەشێک بوون لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، ئێستا بۆچی هاوپەیمانەکان بەو جۆرە مامەڵە دەکەن؟
 
هۆشیار زێباری: لە سەرەتاوە وەڵامی ئەوەم دایەوە، پابەند نەبوون بە بەڵێن و رێککەوتنی خۆیان.
 
رووداو: پەشیمان بوونەتەوە؟
 
هۆشیار زێباری: نازانم، بەڵام راستگۆ نەبوون لەگەڵمان.
 
رووداو: ئێوە لە سەرەتاوە زۆر گەشبین بوون!
 
هۆشیار زێباری: لە سەرەتاوە زۆر گەشبین بووین، رۆڵمان هەبوو، جەنابی سەرۆک رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو کە ئەم حکومەتە دابمەزرێت و پشتگیریی لێکرا و بەشدار بووین، لەسەر ئەم کێشەی بودجە کە لای خەڵک بابەتێکی زۆر هەستیارە، بەڕاستی راستگۆ نەبوون.
 
رووداو: پێمخۆشە رای جەنابی بزانم (سەرۆک بارزانی) نیگەرانە لەوەی لە بەغدا روودەدات؟
 
هۆشیار زێباری: بە دڵنیایی زۆر... بێگومان.
 
رووداو: نیگەرانە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؟
 
هۆشیار زێباری: بێگومان، خۆ لە بەیاننامەکەشدا زۆر روون بوو، زۆر ناڕەحەتە لەوان.
 
رووداو: لەدوای ئەوەوە هیچ پەیوەندییەک نەبووە؟
 
هۆشیار زێباری: من، لە دەرەوە بووم، ئاگام لێی نییە. 
 
رووداو: لەگەڵ سەرکردە شیعەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی قسە نەکراوە؟
 
هۆشیار زێباری: هەیە، بەڵام دەڵێن ئێمە بڕیارمان دا، بەڵام پەرلەمانتارەکان بە قسەی ئێمەیان نەکرد.
 
رووداو: جا ئەوە راستە؟
 
هۆشیار زێباری: نەخێر کاکە، ئەمە تاکتیکێکی روونە، بەڕاستی یارییەکی ئاشکرایە. 
 
رووداو: پەرلەمانتار دەتوانێت بەبێ حیزب و سەرکردەکەی بڕیار بدات؟
 
هۆشیار زێباری: رەنگە هەندێکیان، بەڵام مادام پابەندی هەبێت؛ نا. مادام پابەندی هەبووە، دەبێت پابەند بن. ئێ ئەوان نایکەن.
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر

گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".