بەشی دووەم
ئیبراهیم گاباری، یەكێك بووە لە كەسایەتییە دیارەكانی رۆژئاوای كوردستان لەنێو شۆڕشی ئەیلوولدا، بە كەسێكی نزیك لە مەلا مستەفا و مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی ناسرابوو. لە بەشی دووەمی ئەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ بەرنامەی پەنجەمۆری تەلەڤزیۆنی (رووداو)، گاباری بەشێك لە بیرەوەرییەكانی خۆی لە شۆڕشی ئەیلوولدا دەگێڕێتەوە، بە تایبەتی نسكۆی شۆڕش و دانوستاندنی سەركردایەتی كورد لەگەڵ حافز ئەسەد، سەرۆكی پێشووی سووریا.
رووداو: باست لە هەوڵی موخابەراتی عێراق كرد كە تۆیان راسپاردبوو مەلا مستەفا بارزانی تیرۆر بكەی، تۆش هەوڵەكەت ئاشكرا كرد، حكومەتی عێراق داوای لێژنەی لێكۆڵینەوەی كرد، ئەنجامەكەی چی بوو؟
ئیبراهیم گاباری: لێژنەكەی حكومەتی عێراق هاتن بۆ گەڵاڵە، هەموو بەڵگەكانیان خرایە بەردەست، عەبدولخالق سامەڕایی كە سەرۆكی لێژنەكەی عێراق بوو، بە مەلا مستەفای گوت: قەت لەو باوەڕەدا نەبووم سەعدون غێدان و نازم گزار هێندە كەر بن، هەروەها گوتی: من نزار گزارم هێنایە ریزەكانی حیزب، كەچی ئیبراهیم لە من باشتر دەیناسێ.
رووداو: دوای ئەو رووداوە تۆ زیاتر لە سەركردایەتی شۆڕش نزیك بوویتەوە؟
ئیبراهیم گاباری: ماوەیەك لەلای مەلا مستەفا مامەوە، پاشان داوام لێكرد رێگەم بدات بچمە ئەوروپا. ئەویش گوتی كوڕم بۆچی دەچی بۆ ئەوروپا؟ گوتم حەز دەكەم دكتۆرا بخوێنم. ئەویش گوتی من دكتۆرات دەدەمێ. بچیتە هەر شوێنێك بەعسییەكان دەتكوژن، بۆیە قبوڵ ناكەم بڕۆی.
رووداو: كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان كە زۆر نزیكبوون لە مەلا مستەفا كێ بوون؟
ئیبراهیم گاباری: لە باكوور دەروێش سەعدۆ هەبوو، زۆر نزیك بوو لە مەلا مستەفا. دەهام میرۆ كە لە پارتی دیموكراتی سووریا بوو، كاك حەمید دەروێش، بەڵام دواتر بووە دژی شۆڕش.
رووداو: چ شایەتییەك لەسەر حەبیب كەریم دەدەی؟
ئیبراهیم گاباری: حەبیب كەریم سیاسەتڤانێكی عاقڵ بوو. بەڵام هەڵەی هەبوو. دوای ئەوەی شۆڕش تێكچوو، ئێمە چووین بۆ ئێران. حەبیب كەریم وەفای بۆ شۆڕش نەبوو.
رووداو: ئەی مەحموود عوسمان و سامی عەبدولڕەحمان؟
ئیبراهیم گاباری: مەحموود عوسمان لەلای مەلا مستەفا كەسی یەكەم بوو، ئەویش بێ وەفا بوو. سامی عەبدولڕەحمان ئینشیقاقی كرد. شەكیب عەقراوی، بەرپرسی پێشووی پاراستن، هەندێك نهێنی ئاشكرا كردن و كتێبی نووسی، ئەوەش شتێكی زۆر خراپ بوو بۆ شەكیب. كەس لەگەڵ مەلا مستەفا نەما، تەنیا ئەوانەی خوێنی بارزانیان تێدابوو.
رووداو: تۆ بۆ خۆت كێشەت هەبوو لەگەڵ شەكیب عەقراوی؟
مام جەلال لە سووریا دەیتوانی بە تەلەفۆنێك خەڵك لەبەر پەتی سێدارە دەربێنێ
ئیبراهیم گاباری: وەكو پێشتر باسم كرد من بە ئاگاداریی مەلا مستەفا، پەیوەندیم لەگەڵ دەزگای موخابەراتی عێراق هەبوو. شەكیب عەقراوی ئاگاداری ئەو بابەتە نەبوو. كاك مەسعود پێیگوتبووم ئەو بابەتە لەلای كەس باس نەكەی. كاتێك بابەتەكە ئاشكرا بوو، خەڵك بە شەكیبی دەگوت چۆن تۆ بەرپرسی پاراستنی، ئاگاداری موئامەرەیەكی وا گەورە نەبووی. ئەمەش وا لێكدانەوەی بۆ دەكرا كە شەكیب جێی متمانە نەبووە. دوای ئەوەی پلانی تیرۆركردنی مەلا مستەفا ئاشكرابوو، من لە ماڵی بارزانی نزیك بوومەوە، شەكیب دوو سێ موئامەرەی لە دژی من كرد.
رووداو: باسی كۆبوونەوەیەك دەكەن لە ماڵی جەرجیس فەتحوڵڵا، مامۆستا برایم ئەحمەد لەوێ دەبێ، تۆش لەو كۆبوونەوەیە بەشدار دەبی. لەو كۆبوونەوەیە باسی چی كرا؟
ئیبراهیم گاباری: ئەو بابەتە دوور و قووڵە، برایم ئەحمەد لە چۆمان بوو. بۆ ئەوەی قسەیەكی هەڵە نەكات، جەرجیس یەكسەر منی پێناساند و گوتی ئەوە ئیبراهیم گابارییە و خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە. ئەو بوو كە موئامەرەكەی سەر مەلا مستەفای ئاشكرا كرد. ئەو ئەندامی دەزگای پاراستنە. برایم ئەحمەدیش منی ماچ كرد و گوتی زۆر كەیفم بە تۆ دێت. برایم ئەحمەد شتێكی گرنگی باسكرد و گوتی ئێمە دژی پارتی بووین، ئینشیقاقمان كرد و چووینە پاڵ حكومەت. لە بەغدا حكومەت بووین، هەر شتێكمان بە حكومەت بگوتبایە نەیدەگوت نا. پێش بەیاننامەی 11ی ئادار كە نەخۆش بووم حكومەت ناردمی بۆ لەندەن. پێنج شەش وەزیر و بەرپرسی باڵای بەعس لەگەڵم هاتن بۆ فڕۆكەخانە. من لە لەندەم بووم كە بەیاننامەی 11ی ئادار دەرچوو، بەڵام كە گەڕامەوە تەنیا ژن و منداڵەكانم لە پێشوازیمدا بوون. واتە ئێمەیان لەبیر كرد. هەر برایم ئەحمەد باسی لەوە كرد كە لەگەڵ بەعسییەكان دانیشتوون كەچی سەعدوون غێدان پێیگوتوون: جگە لە مەلا مستەفا كەس بۆی نییە باسی قەزیەی كوردی بكات. ئێمە پەیوەندیمان تەنیا لەگەڵ مەلا مستەفا هەیە. بە كوردییەكەی گوتی ئێمە خیانەتمان كرد كە ئینشقاقمان كرد و دەستمان لەگەڵ بەعسییەكان تێكەڵ كرد.
رووداو: باسی سەیدا ساڵح یوسفیمان بۆ بكە، تۆ لە نزیكەوە دەتناسی؟
ئیبراهیم گاباری: ساڵح یوسفی كەسێكی زۆر نیشتیمانپەروەر بوو، زۆر رێكوپێك و دڵسۆز بوو، رۆشنبیریش بوو. كاتێك ساڵی 1974 كە بڕیارماندا شەڕ بكەین، ئەو لەگەڵ شەڕ نەبوو دەیگوت دەبێ دەرچەیەك بدۆزینەوە و شەڕ نەكەین. سەركردایەتیی كورد گوتی نەخێر پێویستە شەڕ بكەین. ساڵی 1975 كە رێككەوتننامەی جەزائیر كرا، ئێمە بڕیارماندا شەڕ نەكەین و بچینە ئێران، ئەوكات ساڵح یوسفی گوتی نەخێر پێویستە شەڕ بكەین. سەركردایەتیش گوتی نەخێر. ئیدی گوتی: من كاتێك دەڵێم با شەڕ نەكەین، شەڕ دەكەن، كە دەڵێم با شەڕ بكەین، ئێوە دەڵێن نا. ئیدی من دەڕۆم.
رووداو: چی لەبارەی كوشتنی دكتۆر شڤان و سەعید ئاڵچی دەزانی؟
مەحموود عوسمان زانیاری لەسەر من و كاك مەسعود دابووە ئێرانییەكان
ئیبراهیم گاباری: سەعید ئاڵچی و دەروێش سەعدۆ پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ مەلا مستەفا هەبوو. دكتۆر شڤانیش چەپ بوو. ئەو لەلایەن توركیاوە داواكراو بوو، پەنای بۆ كوردستان هێنابوو. ئەسعەد خۆشەوی رەحمەتی و عیسا سوار زۆر رێزیان گرتن، پێشمەرگەیان دانێ و مەشقیان پێكردن. سەعید ئاڵچی لە توركیاوە هاتبوو بۆ كوردستان. پێشمەرگەكانی شڤانیش زانیبوویان ئەوە سەعید ئاڵچییە، خەبەریان بۆ شڤان ناردبوو كە سەعید ئاڵچی هاتووە، گوتبووی بە كەس مەڵێن، بیهێنن بۆ لای من. ئیدی بردبوویە لایەك و كوشتبووی. دوای ماوەیەك هەواڵ بڵاوبووەوە كە سەعید ئاڵچی هاتووە، بەڵام كەس نەیبینیوە، ئیدی لێكۆڵینەوە دەستی پێكرد. شایەت هەبوو، دادگا هەبوو، دكتۆر شڤان ئیعترافی كرد كە ئەو سەعید ئاڵچی كوشتووە.
رووداو: بەڵام هەندێك كەس مەلا مستەفا و پارتی بە كوشتنی سەعید ئاڵچی تاوانبار دەكەن؟
ئیبراهیم گاباری: سەعید ئاڵچی برادەری مەلا مستەفا بوو، پشتگیری شۆڕشی دەكرد. لەڕووی لۆژیكەوە ئەگەر پارتیش بیكوشتبا، مەعقول نەبوو لە كوردستان بیكوژێ، لە شوێنێكی دیكە دەیكوشت. بەڵگە هەیە كە شڤان كوشتوویەتی.
رووداو: پەیوەندییەكانی نێوان شۆڕش و حكومەت خراپتر دەبوو، لە ساڵی 1974 جارێكی دیكە شەڕی چەكداری دەستیپێكردەوە، تۆ ئەو كاتە لە كوێ بووی، چیت دەكرد؟
مەلا مستەفا گوتی من دكتۆرات دەدەمێ
ئیبراهیم گاباری: من هەر لە مەكتەبی سەرۆك بووم. كە حكومەت بەهێز بوو، پەلاماری كوردی دا و پشتی لە هەموو رێككەوتن و بەڵگەنامەكان كرد. دوایینجار كاك ئیدریس گوتی دەچمە لای حكومەتی عێراق، بزانم هیچ ئومێدێك هەیە كە ئێمە شەڕ نەكەین. چوو بۆ بەغدا شەوێك لەوێ مایەوە. كە گەڕایەوە گوتی حكومەت پابەند نییە بە رێككەوتنی 11ی ئادار و جێبەجێشی ناكات. پێویستە شەڕ بكەین. شەڕ دەستیپێكرد، ئێران زۆر باش هاوكاری كردین، چەكی زۆر باشی پێداین، بە تایبەتی چەكی دژە فڕۆكە، سوودی زۆریشمان لێ وەرگرت. هەتا رێككەوتننامەی جەزائیر وەزعمان زۆر باش بوو، پێشمەرگە ورەی بەرز بوو. دەمەوێ ئاماژە بە شتێك بدەم، وەفدێكی سەركردایەتی ئێمە چووبوو بۆ میسر لەوێ ئەنوەر ساداتیان دیتبوو، پێیانگوتبوو كورد و عەرەب برای یەكن، ئێمە حەز ناكەین شەڕ بكەین، ئێوە گوشار بخەنە سەر سەدام حوكمی زاتیمان بداتێ. ساداتیش ئەو هەواڵەی دایە شای ئێران كە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوانیاندا هەبوو. كە شا گوێی لەو قسەیە بوو، پشتی لە ئێمە كرد، چونكە ئەو ئامانجی خۆی هەبوو بۆ مەسەلەی دەستكاریی سنوور و دەیویست كەنداوی عەرەبی بكاتە كەنداوی فارس.
رووداو: تۆ دەگەڕێیتەوە سووریا، پەیامێكی بارزانی دەبەی بۆ حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سووریا، ئەو پەیامە چی بوو؟
ئیبراهیم گاباری: دوای نسكۆی شۆڕش ئێمە لە ئێران بووین. لە نەغەدە مەلا مستەفام بینی، گوتی دەمەوێ سوودێك لە خیلافاتی نێوان سووریا و عێراق وەربگرین، چونكە ئەگەر ئێمە نەمێنین، ئەوە عێراق لە رووی ئابووری و سەربازییەوە بەهێز دەبێ، بەعسی سووریش حەز بەوە ناكات و بەدوای بەدیلێكدا دەگەڕێن. دەكرێ ئێمە ببینە ئەو بەدیلە. كورتەی پەیامەكەی بارزانی ئەوە بوو كە پێیانبڵێم ئامادەن پێشوازی لە وەفدێكی ئێمە بكەن، دانوستاندن لە پێناو بەرژەوەندی هەردوولا بكەین؟
رووداو: تۆ لە كوێوە چوویت و چۆن حافز ئەسەدت بینی؟
ئیبراهیم گاباری: من لە نەغەدەوە چووم بۆ توركیا و لەوێشەوە چووم بۆ قامشلۆ. من پاسپۆرتی توركیام هەبوو، دەروێش سەعدۆ پاسپۆرتی ساختەی توركی بۆ من و كاك مەسعود و رەحمەتی سابیر و زۆر كەسی دیكە دروستكردبوو. من چووم بۆ لای ئەمنی سیاسیی حیزبی بەعسی سووری و گوتم دەخوازم سەرۆكی ئەمنی سیاسی ببینم. گوتیان تۆ كێی؟ گوتم ناوم ئیبراهیم گابارییە و لە كوردستانەوە هاتووم. گوتیان كوردستان! ئەوان زانیارییان هەبوو كە من لە سووریا هەڵاتووم. لە پرسگە گوتیان ئیبراهیم گاباری تۆی، ئەوەی چووەتە لای مەلا مستەفا؟ گوتم: بەڵێ. پێنج خولەكی نەبرد، بەڕێوەبەری موخابەرات هات. سڵاوی كرد و فەرمووی لێكردم. گوتی: تۆ سووریت؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: فەرموو چ كارێكت هەیە؟ منیش گوتم: پەیامی مەلا مستەفام هێناوە بۆ دانوستاندن، ئێوە ئامادەن دانوستاندن لەگەڵ ئێمە بكەن؟ ئەویش گوتی: كاتم بدەرێ دواتر وەڵامت دەدەمەوە. من چوومەوە ماڵەكەی خۆم لە قامشلۆ، سەعات چواری بەیانی دوو ئۆتۆمبێل هاتن و گوتیان خۆت بگۆڕە دەچین بۆ شام. گوتم ناچم بۆ شام. گوتیان: حافز ئەسەد گوتوویەتی بە ئیبراهیم بڵێن یەكسەر بێت بۆ شام. چووم بۆ شام.
حەبیب كەریم و مەحموود عوسمان بەرامبەر مەلا مستەفا بێ وەفا بوون
رووداو: كە حافز ئەسەدت بینی، باسی چیتان كرد؟
ئیبراهیم گاباری: كە بینیم گوتی حەز دەكەم زۆر پرسیارت لێبكەم. لێی پرسیم: تۆ سەربازی؟ گوتم نەخێر. گوتی دە باشە پرسیاری سیاسیت لێدەكەم. ئەگەر پرسیاری سەربازیشم لێكردی وەڵامەكەت زانی باشە. گوتی: پێشمەرگە لە كوێیە، چ جۆرە چەكێكی هەیە؟ ژیانیان چۆنە؟ منیش وەڵامم دایەوە و گوتم بە نانی وشكە شەڕ دەكەین.
رووداو: كە پەیامی بارزانیت پێگەیاند، حافز ئەسەد چی گوت؟
ئیبراهیم گاباری: پێیگوتم بە مەلا مستەفا بڵێ ئێمە لە دوایین كۆنگرەی حیزبی بەعسدا پشتگیری حوكمی زاتیمان بۆ كورد كردووە. ئێمە زۆر بەڕێزەوە سەیری مەلا مستەفا دەكەین و بەلای ئێمەوە كەسێكی نیشتیمانپەروەرە. ئێمە ئامادەین بەبێ هیچ قەید و مەرجێك هاوكاری مەلا مستەفا بكەین، لەبەر ئەوەی باوەڕمان بە مەلا مستەفا هەیە. سڵاوی منی پێ بگەیەنە و بڵێ ئەگەر بێت بۆ شام، ئێمە پێشوازی لێدەكەین.
رووداو: دواتر تۆ پەیامەكەت گەیاندەوە مەلا مستەفا؟
ئیبراهیم گاباری: بەڵێ. مەلا مستەفا گوتی: زۆر باشە، مادام وایە تۆ بڕۆوە بۆ شام، ئێمەش وەفدێك دەنێرین. جەنابی كاك مەسعود گوتی من و تۆ دەچین، بەڵام هەردووكمان لە فڕۆكەخانەی تاران دەستگیركراین.
رووداو: بۆچی گیران؟
ئیبراهیم گاباری: من لە ماڵی كاك مەسعود بووم لە كەرەج، چاوەڕێمان دەكرد بە پاسپۆرتی توركی سەفەر بكەین بۆ شام. دواتر دەركەوت ئێمە لە ژێر چاودێریی حكومەتی ئێرانداین، د.مەحموود عوسمان ئاگاداری بابەتی سەفەرەكەی ئێمە بوو، هەموو زانیارییەكانی بە ئێرانییەكان دابوو. بۆیە كە چووین بۆ فڕۆكەخانە یەكسەر دەستگیریان كردین.
رووداو: چەند رۆژ لە زیندان مانەوە؟
ئیبراهیم گاباری: من 11 رۆژ مامەوە، كاك مەسعودیش هەفتەیەك. جەنابی مەلا مستەفا پەیوەندی با شای ئێرانەوە كرد، ئینجا منیان بەردا. من لە ژووری تاكەكەسیدا بەند بووم، ئەشكەنجەیەكی زۆریان دام.
رووداو: تۆ هیچ رۆڵت هەبوو لە دروستكردنی پەیوەندی نێوان پارتی و حكومەتی سووریا؟ چونكە وابزانم كاك مەسعود ساڵی 1976 سەردانی سووریای كردبوو.
ئیبراهیم گاباری: كە مەلا مستەفا نەخۆش بوو، جەنابی كاك مەسعود لەگەڵی چوو بۆ لەندەن، پاشان مەلا مستەفا چوو بۆ ئەمریكا، ئەویش لە لەندەن مایەوە. منیش چووم بۆ لەندەن، بەڵام لە فڕۆكەخانە دەستگیركرام، چونكە پاسپۆرتەكەم تەزویر بوو. دواتر كاك مەسعود هات بۆ شام، بەرپرسانی قیادەی قوتری حیزبی بەعس پێشوازییەكی گەرمیان لێكرد. بەڵام پێش ئەوە مام جەلال و عەلی شنگالی لە شام بوون، من ئەوانم بینی، پێمگوتن حافز ئەسەدم بینیوە و خەریكی دانوستاندنین، پێیان سەیر بوو، چۆن حافز ئەسەدم بینیوە، حەزیان دەكرد بزانن یارییەكە چۆنە. جەلال تاڵەبانی پەیوەندی پێوەكردم و گوتی حەز دەكەم بتبینم. لە كافتریای رەسیف یەكدیمان بینی. كاغەزێكی دامێ و گوتی بیدە بە كاك مەسعود، نەقدی لە كاك ئیدریس گرتبوو، دەیویست خیلافێك لە نێوان كاك مەسعود و كاك ئیدریس دروست بكات. جەلال تاڵەبانی هەروەها پێیگوتم سڵاوی تایبەتی من بە مەلا مستەفا بگەیەنە و پێی بڵێ كاغەزی سپی بۆ واژۆ دەكەم، چ مەرجێكی هەیە با بۆم بنووسێ. من هیچ كێشەیەكم لەگەڵی نییە و پێویستە ئێمە سوود لە یەكدی وەربگرین. مام جەلال پەیوەندی لەگەڵ هەندێك كوردی سووریا دروستكردبوو، بەشێكیان پشتگیرییان دەكرد، مەكتەبێكی لە قامشلۆ هەبوو، بەڵام زۆر حەساسیەتی بە من هەبوو، چونكە دەیزانی من بەناوی مەلا مستەفاوە قسە بۆ كوردی سووریا دەكەم و مەلا مستەفاش پشتگیریم دەكات. ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەو دەبوو.
رووداو: نامەكەی مام جەلالت گەیاندە كاك مەسعود و پەیامەكەشت بە مەلا مستەفا گەیاند؟
ئیبراهیم گاباری: بەڵێ. كاك مەسعود گوتی حەز ناكەین لەگەڵ مام جەلال ئینشیقاق بكەین، ئێمە پێویستمان بە یەكدییە. من كە لە شام بووم بەیاننامەیەكم لەسەر ناوی خۆم نووسی و باسی ئەوەم كردبوو كێ ئامادەیە با شەڕ بكات، جەلال تاڵەبانی شەڕ ناكات، مام جەلال شێت بوو، چونكە وایدەزانی ئەوە قسەی كاك مەسعودە من بەناوی خۆم بڵاومكردووەتەوە. بە مام جەلالم گوت فەرموو تۆ شەڕ بكە، تۆ ناتوانی عەتفی بەعسی سووریا بۆ خۆت رابكێشی، ئێمە نەبین بەعسی سووری یارمەتی كورد نادات. پێش ئەوەی بەیاننامەكەش بڵاوبكەمەوە پێشانی كاك مەسعودم دا، ئەویش خوێندییەوە و پێكەنی و گوتی: ئیبراهیم خۆ تۆ پرست بە من نەكردووە.
رووداو: تۆ مام جەلال تۆمەتبار دەكەی بەوەی دەستی لە گرتنی تۆدا هەبووە، بەڵگەت چییە؟
مام جەلال گوتی بە مەلا مستەفا بڵێ كاغەزی سپی بۆ واژۆ دەكەم
ئیبراهیم گاباری: زۆربەی قیادە قوترییەكانی حیزبی بەعسی عێراق كە هەڵاتبوون و چووبوونە سووریا، برادەری مام جەلال و عەلی شنگالی بوون. پەیوەندی زۆر باشیان هەبوو. شتەكە زۆر ئاشكرا بوو. كە حكومەتی سووریا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكردم، دەیگوت تۆ چۆن دوژمنی جەلال تاڵەبانی! جەلال تاڵەبانی دەیتوانی بە تەلەفۆنێك من لە زیندان دەربهێنێ. دەیتوانی بە تەلەفۆنێك خەڵك لەبەر پەتی سێدارە دەربهێنێ. كاك مەسعود پێیگوتم دوو جار من و ئازاد بەرواری و رەحمەتی كاك ئیدریس، چووینە لای حافز ئەسەد و پێمانگوت كاكە ئیبراهیم هی ئێمەیە و ئازادی بكەن.
رووداو: تۆ بە پێنج پاسپۆرتی تەزویر سەفەرت دەكرد، ئەمە چۆن بوو؟
ئیبراهیم گاباری: ئەوكات وەكو ئێستا ئامێری پێشكەوتوو نەبوو، لە بەیروت دەتتوانی 20 پاسپۆرتی تەزویر دروست بكەی، لە حەلەبیش هەر وابوو. كارەكە زۆر ئاسان بوو، من بە دەستی خۆم پاسپۆرتم دروستكردووە. پاسپۆرتێكم بۆ سابیری مەلا مستەفا دروستكرد، لەگەڵ د.پشتیوان چوو بۆ لەندەن. ئێمە دەورەمان لەسەر دروستكردنی پاسپۆرتی تەزویر بینیبوو.
رووداو: قسە هەیە دەڵێن ئیبراهیم گاباری لەگەڵ ساواكیش پەیوەندی هەبووە؟
بە پێنج پاسپۆرتی تەزویر سەفەرم دەكرد
ئیبراهیم گاباری: ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ ساواك هەبووایە، دەستگیری نەدەكردم. ئەگەر مەلا مستەفا نەبووایە لەسێدارەیان دەدام. لەنێو خۆماندا جەماعەتی ساواك هەبوون و ئێستاش لە ژیاندا ماون، ئێران كاری بەسەریانەوە نەبوو.
رووداو: دەتوانی ناوی ئەوانە بڵێی؟
ئیبراهیم گاباری: بەڵێ دەتوانم، یەك لەوانەی ئاشكرا بوو كاك حەمەعەزیز بوو، سكرتێری رەحمەتی كاك ئیدریس. جێی متمانەی كاك ئیدریس بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ