رووداو - هەولێر
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی دیارینەکراون، بەڵام لە دوای کۆنگرە لیژنەی نووسینەوەی پەیڕەو بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەنجوومەنەکە، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی دەستنیشاندەکرێن و لە ئەنجوومەنی گشتی سەرکردایەتی پەسەند دەکرێن. دەشڵێت: لەمەودوا یەکێتی یەک سیاسەت و یەک ناوەندی بڕیاری دەبێت.
جەعفەر شێخ مستەفا ئەمڕۆ (چوارشەممە 25-12-2019) لە رووداو بەشداریی بڕگەی چاو بە چاوی نووڕۆژی دۆستانی کرد. سەبارەت بەوەی کە کێ دەبێتە سکرتێر یان سەرۆکی داهاتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیی یەکێتی، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق بە کەسێکی شیاو دەزانێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی داهاتووی یەکێتی".
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەنێو یەکێتی هەندێک کەس باسی ئەوە دەکەن کە د.بەرهەم خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتی بەربژێر دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت کێی دیکە بۆ ئەو پۆستە خۆی بەربژێر دەکات.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ شیخ جەعفەر شێخ مستەفا
رووداو: لە کۆنگرەی چوار رازیت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا بەشبەحاڵی خۆم لە کۆنگرەی چوار زۆر رازیم، کارەکان زۆر بە رێک و پێکی رۆیشتووە هەر لە رۆژی یەکەمەوە تاوەکو ئەو ساتە کە ئێستا دەنگەکان جیا دەکرێنەوە.
ئەوەی پێشتر خەڵک و لایەنەکان و هەندێک خەڵکیش لەنێوخۆماندا چاوەڕێیان دەکرد، پێیانوابوو کۆنگرەکەمان کۆنگرەیەکی پڕ لە کێشە دەبێت و سەرکەوتوو نابێت و زۆر رووداوی ناوخۆشی تێدا روودەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوەی ئێمە هەوڵمان بۆدا پێشتر و کارمان لەسەریکرد و کۆنگرەی بۆ دواکەوت ئەنجامێکی زۆر باشی هەبوو، تاوەکو ئێستا بچووکترین شت رووینەداوە ببێت بە لەکەیەک لەسەر ئەو کۆنگرەیە، بەڵکو کارەکانی زۆر بەباشی دەڕوات و بەشبەحاڵی خۆم لەم کۆنگرەیە زۆر رازیترم تا کۆنگرەکانی پێشتر کە تێیدا بەشداریم کردووە.
رووداو: ئەو جادووە چیبوو کە وایکرد هیچ کێشەیەک لەناو کۆنگرە روونەدات؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە ئەو لێکتێگەیشتنەبوو کە لە نێوانی هەموو برادەران کرا کە بە رووحیەتێکەوە بچینە ناو کۆنگرە قبووڵی یەکدی بکەین و رێگە بەوە نەدەین هیچ کەسێکی تێکدەر یان ئاژاوەگێڕ یان کەسێکی لابەلا بیەوێت کۆنگرەکە تێکبدات، رێگەی پێبدەین.
رووداو: ئەم گیانی پێکەوە کارکردنە بۆ دوای کۆنگرە لە سەرکردایەتی داهاتووی یەکێتی رەنگدانەوەی دەبێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین سەرکردایەتی داهاتوو لە راستیدا سەرکردایەتییەکی گونجاوبن، یەکگرتووبن بە یەکەوە کارەکان ئەنجام بدەن و بتوانن کاری باشتر بکەن.
رووداو: جیاوازی نێوان یەکێتی پێش کۆنگرە و دوای کۆنگرەی چوارەم چییە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا قۆناخەکە جیاوازی هەیە، ئێمە لە رابردوو لە قۆناخێکدا بووین، بۆ نموونە جەنابی مام جەلال کۆچی دوایی کردووە، دۆخێکی ناخۆش لەناو یەکێتیدا هەبووە، ناوەندێکی بڕیارمان نەبووە، بڕیارمان نەبووە، کۆمەڵێک کێشەی زۆر گەورەمان هەبووە. ئێستاش لەو کۆنگرەیە کە سەرکردایەتییەک هەڵدەبژێردرێت، بە دڵنیاییەوە سەرۆکی یەکێتی یان سکرتێر دیاری دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێگەی خۆی هەبێت.
تاوەکو ئێستا بۆ نموونە لە هەر کەسێکت بپرسیبووایە بۆناچی بۆ لای یەکێتی، ئەگەر لە باڵیۆز و کۆنسوڵێک، حیزبێک و پەرلەمانتارێکت بپرسیبووایە، دەیگوت نازانم بڕۆم بۆلای کێ لەناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا. بەڵام پێموایە ئەمجارە روونە، سەرکردایەتیمان هەبێت یاخود سکرتێرمان هەبێت ئەوکات خەڵک دەزانێت روو بکاتە کێ لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا و ناوەندی بڕیار لەکوێیە.
رووداو: واتە لە دوای کۆنگرە یەکێتی یەک قسەی دەبێت لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵیان و خاوەنی یەک بڕیار و یەک بۆچوون دەبێت.
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە یەک سیاسەت و یەک بڕیار و یەک ناوەندی بڕیاریشی دەبێت.
رووداو: لە سەردەمی مام جەلالدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر ناکۆکی و کێشەشی هەبووایە، هەمووی لەژێر چەتری مام جەلال کۆدەبوویەوە و هەموویان گوێیان لێدەگرت. لەدوای کۆنگرە سەرۆک یان سکرتێری داهاتووی یەکێتی ئەو چەترە دەبێت بۆ هەموو یەکێتییەکان؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە یان دەبێت ئەو سەرۆکە قبووڵ نەکەین، یاخود ئەگەر قبووڵمان کرد دەبێت قبووڵمان بێت ببێتە چەترێک بۆ یەکێتی.
رووداو: هەمووان گوێی لێدەگرن؟
جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت گوێی لێبگرین، یان دەبێت هەڵینەبژێرین، یان کە هەڵمان بژارد دەبێت گوێی لێبگرین.
رووداو: ئەولەویەتی یەکێتی لەدوای کۆنگرە چی دەبێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە لەدوای کۆنگرە، یەکێتی دەبێت پێش هەموو شتێک بە پەیوەندییەکانی خۆیدا بچێتەوە، ئەمڕۆ یەکێتی لە هەرێمی کوردستان حیزبێکی بچووک نییە، بەڵکو پێگەیەکی گەورەی هەیە، یەکێتی حیسابێکی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ دەکرێت. بەو دۆخە خراپەشیەوە کە هەمان بووە، هیچ شوێن و جێگەیەک و دەوڵەتێک نەیدەتوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتگوێبخات بکات. بۆیە لە داهاتوودا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جێگەی چاوی جەماوەری کوردستانە. کەسێکی ئاساییش بەلایەوە گرنگبوو کەی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێت و بە تین و تەوژم و خوێن و سەرکردایەتی و ناوەندێکی تازەوە بێتە گۆڕەپانەکە، بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات و داوکارییەکانی خەڵکی کوردستان بگەیێنێت بە جێی خۆی و جێبەجێی بکات.
رووداو: کاک عەدنان موفتیش هەمان قسەی کرد و گوتی بە پەیوەندییەکانی خۆماندا دەچینەوە، ئایا یەکێتی لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ لایەنەکان رازی نەبوو، پێتانوایە پەیوەندی ئێوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نا هاوسەنگە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: من بەشبەحاڵی خۆم پێموایە ئێمە کە ئەو حیزبەین، ئەو هێزەین، ئەو مێژووەمان هەیە و حیزبەکانی دیکە سەیری دەممان دەکەن و گوێمان لێدەگرن و یەکێتیان بەلاوە گرنگە، دەبێت ئێمە ئەو بەرپرسیاریێتیەی گرتوومانەتە ئەستۆی خۆمان بە هەموو پەیوەندییەکاندا بچیینەوە و دەبێت زۆر شت قبووڵ بکەین لە پێناوی ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو حیزبەکان باش بکەین.
- ئەنجوومەنی باڵای سیاسی لەنێو یەکێتی ئۆرگانێکی تازەیە یان پێکهاتەیەکی تازەیە، ئەرکی ئەو ئەنجوومەنە چی دەبێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەنجوومەنی باڵای سیاسی دەبێت لە پەیڕەودا دەسەڵاتەکانی دیاری بکرێت لەدوای تەواوبوونی کۆنگرە لیژنەی پەیڕەومان هەیە لە نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای سیاسیش لەگەڵ لیژنەی پەیڕەو بە یەکەوە پەیڕەو دادەڕێژنەوە و دەسەڵاتەکانی ئەو ئەنجوومەنە دیاری دەکرێت.
رووداو: ئێوە یان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەنگ لەسەر پەیڕەو دەدەن و پەسندی دەکەن؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئەو 121 کەسەی هەڵدەبژێردرێن، ئەوانە دەنگی لەسەر دەدەن، بەڵام بۆ ئامادەکردنی نوێنەری ئێمە بەشداری دەکات لە لیژنەی پەیڕەوەدا.
رووداو: دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی کەم نین بەراورد بەو هەموو سەرکردە دێرین و مێژووییانەی کە لەناو ئەنجوومەنە سیاسییەکەدا هەن؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لەبەرئەوەی هیچ دیارینەکراوە، نازانم کەم و زۆرییەکەی لەکوێدایە، تاوەکو دەسەڵاتەکان دیاریدەکرێت، ئەوکات دەزانین زۆرە یان کەمە، ئێمە ئەنجوومەنێکی سەرکردایەتیشمان هەیە، ناکرێت ئەنجوومەنە سەرکردایەتییەکەمان بێ دەسەڵات بێت. ئەو ئەنجوومەنە سەرکردایەتییەی هەیە بەڕاستی دەبێت دەسەڵاتی خۆی هەبێت و پێگەی بەهێزی خۆی هەبێت. هاوکات لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا دەبێت ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ئەویش دەسەڵاتی خۆی هەبێت. بۆیە لە پەیڕەودا دەسەڵاتەکان دیاریدەکرێت و ناشکرێت دەسەڵاتەکان لەنێوان یەکدیدا دژبەیەک بێت و ناشبێت وابێت لایەک دەسەڵاتی بەسەر لایەکەی دیکەوە زاڵتر بێت.
رووداو: لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەسەڵاتەکانی سەرکردایەتی دیاریکراوە، بۆچی لە پەیڕەودا پێش ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی هەڵبژێردرێن دەسەڵاتەکانی دیارینەکران؟.
جەعفەر شێخ مستەفا: دیارە ئەنجوومەنی باڵای سیاسی لەوکاتەی کە ئەو رەشنووسە نووسراوە، ئەنجوومەنی باڵای سیاسی هێشتا بەو شێوەیە شەرعیەتی وەرگرتبوو تەنها ناوی دەهات، لەبەر ئەوەش ئەو دەسەڵاتانە دیاریکراوە تاوەکو ئێستا دەنگی لەسەر نەدراوە و نەبووە بە دەسەڵاتی تەواو. لەدوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەنگی لەسەر دەدرێت ئەوسا دەبێت بە دەسەڵات.
رووداو: لە دیاریکردنی سەرۆک یان سکرتێری حیزب لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا تاوەکو ئێستا روون نییە دیاریکردنەکەی چۆنە، واتە جێگرێکی دەبێت یان دوو، شێوازی هەڵبژاردنەکەی یەکلابووەتەوە کە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەبێت، پێکهاتەی سەرۆکایەتی یەکێتی چۆن دەبێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە دڵنیاییەوە هەموو ئەو پرسە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکلایی دەکرێتەوە. سەرۆک دەبێت لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێت، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش هەڵیدەبژێرێت و هەر ئەنجوومەنی دەسەڵاتی لادانیشی دەبێت.
لێرە دوو بۆچوون هەن، بۆچوونێک هەیە کە هەر مەلەفێک لەو مەلەفانەی هەیە وەکو رێکخستن، دارایی، پەیوەندییەکان، ئەمنی و یان هەر مەلەفێکی دیکە بێت بەپرسەکەی ببێت بە جێگری سەرۆک. بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە یەک جێگری هەبێت، ئەوەش دەوەستێتە سەر گفتوگۆی ئەنجوومەنەکە و زۆرینە دەنگی بە کام بۆچووندا ئەو سا دەبێتەوە.
رووداو: پەیوەندییەکانی یەکێتی لە دوای کۆنگرە لەگەڵ پارتی و گۆڕان و حیزبەکانی دیکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردادێت؟
جەعفەر شێخ مستەفا: لە راستیدا ئێمە ئەمڕۆ پێویستیمان بە یەکڕیزی و یەکدەنگی هەیە، یەکێتی و یەکڕیزی پێش هەموو شتێک دەبێت لە نێوانی حیزبە سیاسییەکان بێت، ئینجا رەنگدانەوەی هەبێت بۆناو خەڵکی کوردستان. بۆیە بەوپەڕی تواناو و جیددیەتەوە هەوڵدەدەین، ئەمڕۆش لە هەموو رۆژێک زیاتر پێویستیمان بە یەکێتی و یەکڕیزی و پەیوەندییەکی پتەو هەیە لەنێوانی لایەنە سیاسییەکاندا، بۆیە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بە تایبەتی لەسەرووی هەموویانەوە پارتی و یەکێتی، ئەوجا گۆڕانیش کە پێویست دەکات لەو قۆناخە بەرپرسیاریێتی گەورە لە ئەستۆیانە، ئەمانە بەپرسن لە پاراستنی یەکێتی و پەیوەندی هەموو حیزبەکان، لە پێش هەموو شتێکەوە پارتی و یەکێتی بەرپرسی یەکەمن.
بۆیە هەر دوورکەوتنەوەیەک لەنێوانی حیزبەکاندا هەبێت، یان هەر تێکدانێک هەبێت لە ریزی میللەتەکەماندا لە پێش هەموو شتێکەوە یەکێتی و پارتی بەرپرسی یەکەمن بەرامبەر بە هەموو ئەو لێکترازانە.
رووداو: هەموو یەکێتییەکان و کوردیش چاوی لەسەر ئەوەیە کێ دەبێتە سکرتێر یان سەرۆکی داهاتووی یەکێتی؟
جەعفەر شێخ مستەفا: تۆ کە دەچیتە ناو هەڵبژاردنەوە، ئەگەر یەکێک خۆی بەربژێر بکات جیاوازی هەیە، ئەگەر چەند کەسێک خۆیان بە بەربژێربن، نازانن کێ زۆرینەی دەنگەکان دەهێنێت. ئێستا دیارنییە کە کەسێک خۆی بەربژێر دەکات یان چەند کەسێک.
رووداو: لای ئێوە ئاماژەکان زیاتر بۆ کێن کە دەبێتە سکرتێر یان سەرۆکی داهاتووی یەکێتی؟
جەعفەر شێخ مستەفا: ئەمە جیایە کە مرۆڤ لە حەزەوە قسە دەکات، هەندێک دەڵێن جەنابی کاک دکتۆر بەرهەم بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر هەر ئەوبێت پێموایە دەنگی تەواو دەهێنێت و دەبێت بە سەرۆکی ئەو حیزبە، بەڵام ئەگەر بەربژێری دیکە هەبێت، ئەوکاتە نازانین کێ دەردەچێت.
رووداو: باسی ئەوەتکرد کە حەز شتێکە و ئەوەی روودەدات شتێکی دیکەیە، حەزی تۆ بۆ سەرۆکی داهاتووی یەکێتی کێیە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بە حەزی من نابێت، ئەگەر بە حەزی من بووایە رەنگە زۆر شت بگۆڕدرابووایە.
رووداو: کێ بە گونجاو دەزانی بۆ ئەو پۆستە؟
جەعفەر شێخ مستەفا: بۆ نموونە ئەمڕۆ لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەناو ئەو ئەنجوومەنە کاک دکتۆر بەرهەم بە گونجاو دەزانم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی دیکەش هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ