بەشی چوارەم و كۆتایی
عوسمان ئۆجەلان، ئەندامی پێشووی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەكەكە، لە دوایین بەشی ئەم هەڤپەیڤینەدا كە پوختەیەكە لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)ی كەناڵی (رووداو)، باسی دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و رۆڵی هەندێك سەركردەی پەكەكە لە دەستگیركردنەكەیدا دەكات، هەروەها باسی دروستكردنی پژاك و پەیەدە و هۆكاری وازهێنانی لە پەكەكە و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكییەكان دەكات.
رووداو: لە نەوەتەكاندا ئاگربەستێك بە هەوڵی مام جەلال و ئۆجەلان راگەیەنرا، یەكێك لەوانەی لە كاتی راگەیاندنی ئاگربەستەكە ئامادە بوو كەمال بورقای بوو، چۆن بوو بورقای بەشداری كرد؟
عوسمان ئۆجەلان: لەدوای نەوەتەكان زۆربەی ئەندامانی پارتەكانی وەكو پارتی كرێكاری كورد، كوك، كاوە كە بێكار بوون، پەیوەندییان بە پەكەكەوە كرد، وەكو بڵێی یەكێتییەكی نەتەوەیی دروستبوو. زۆر گروپ و كەسایەتی سیاسیی كورد خۆیان لە نێو پەكەكەدا بینییەوە. پێویست بوو پەكەكە گۆڕانكاری لە سیاسەتی خۆیدا بكات، بەڵام ئەوەی نەكرد، بەڵكو گوتی من سەركەوتوو بوومە، پێویستە هەموو خەڵك ببنە پەكەكە.
رووداو: كەمال بورقای لەسەر چ بنەمایەك بەشداری لە ئاگربەستدا كرد؟
عوسمان ئۆجەلان: كەمال بورقای دۆستی مام جەلال بوو، مام جەلال چی گوتبا، ئەو وای دەكرد. ئەو دەیویست لە رێگەی مام جەلالەوە ببێتە بەشدارێكی ئەو پێشڤەچوونەی لە باكوور هەبوو. بەڵام نە ئەو و نە پەكەكە بۆ ئەم بابەتە ئامادە نەبوون، ئەو بە پەكەكەی گوت تیرۆرست. لە دیدی پەكەكەشەوە كەمال كەسێكی بەكرێگیراو بوو. بۆیە بێ متمانەییەكی زۆر لە نێوان هەردوولادا هەبوو.
رووداو: ساڵی 1994 شەمدین ساكیك لەلایەن پەكەكەوە گیرا، بۆچی گیرا؟ پاشان لەلایەن توركیاوە گیرا، چۆن گیرا؟
عوسمان ئۆجەلان: لە سایكۆلۆژیەتی شەمدین ساكیكدا گرفتێك هەبوو. لەنێو بنەماڵەكەیدا كەسێكی ئاڵۆز بوو، دایكی شەمدین و ئەندامانی خێزانەكەی جودا بوون. ئەو دەویست لە نێو پەكەكەدا بەهێز ببێ و دەسەڵات پەیدا بكات و لە دژی براكانی بەكاری بهێنێ، ئەمە تاكە ئامانجی ساكیك بوو.
رووداو: بەڵام خەڵك خۆشیاندەویست و كەسێكی بەناوبانگ بوو لە باكووری كوردستان..
عوسمان ئۆجەلان: كەسێكی ئایدیۆلۆژی نەبوو. كۆمەڵێك سەربازی كوشت كە لە مۆڵەت دەگەڕانەوە، چەكیان پێنەبوو، ئەو جۆرە چالاكیانەی دەكرد. جارێك چووبووە مزگەوتێك نزیكەی 10-12 كەسی كوشتبوو. بتەوێ یان نا زۆرینەی خەڵكی ئێمە موسڵمانن، بەلای موسڵمانانیشەوە مزگەوت ماڵی خودایە. شەمدین زۆرتر منداڵ و مرۆڤی بێ چەكی دەكوشتن. زۆر چالاكی نایاسایی دەكرد. هەندێك كاری دەكرد دەنگدانەوەی هەبوو، خەڵكانێكیش كە نەیاندەزانی ئەو چالاكییانە چۆنن، دەیانگوت شەمدین كەسێكی ئازایە، بۆیە ناوبانگی دەركرد.
رووداو: لەسەر ئەو جۆرە چالاكیانە بوو كە پەكەكە ساكیكی گرت؟
عوسمان ئۆجەلان: لە كۆنگرەی چوارەم پێشنیاز كرا بكرێتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی، بەڵام هەڤاڵانی وەكو من رەتیانكردەوە و گوتیان كەسایەتییەكەی بۆ ئەو پۆستە دەست نادات. ئەو ئامانجی خۆی هەبوو، دەیویست خۆی گەورە بكات، بەڵام لە سیستمی پەكەكەدا یەك گەورە هەیە، ئەویش عەبدوڵڵا ئۆجەلانە.
رووداو: بەڵام دواتر لە زیندانی توركیا، هیچ زەرەری بۆ پەكەكە هەبوو؟
عوسمان ئۆجەلان: بەڵێ، دەتوانم بڵێم ئۆپەراسیۆنی گرتنی ئۆجەلان بیروبۆچوونی ئەو بوو. لەو ئۆپەراسیۆنەدا ساكیك وەكو راوێژكارێك راوێژی پێشكەش بە ئیستیخباراتی جەندرمە كرد.
رووداو: ساڵی 1995 پەكەكە بەناوی 15ی تەباخی دووەمەوە شەڕێكی لە دژی پارتی دەستپێكرد. ئەو شەڕە لەسەر چی بوو؟
عوسمان ئۆجەلان: هەڵەی هەرە گەورەی پەكەكە ئەوە بوو كە سیاسەتی باشووری كوردستانی نەدەناسی. دەیگوت بێجگە لە پەكەكە هەموو كەسێك هەڵەیە. جگە لە پەكەكە هیچ هێزێك نییە بەرژەوەندییەكانی كورد و كوردستان بپارێزێ. ئامانجی پەكەكە ئەوە بوو كە هەموو هێزەكان تەسفییە بكات. ئەوە ستراتیژی پەكەكە بوو.
رووداو: كۆمەڵێك كەس لە ئەوروپا گەڕانەوە نێو پەكەكە بۆ خەباتی باشووری كوردستان، لەوانە رێبوار رەشید و زاگرۆس، دەگوترێ زۆرجار راپۆرتی هەڵە دەدرایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر رەوشی باشووری كوردستان. ئەمە تا چەند راست بوو؟
عوسمان ئۆجەلان: ئەوانەی باشوور دوو بەشن، لەوانە مستەفا شەفیق و عەزیز وەیسی راستەوخۆ لەلایەن پەكەكەوە تەنزیم كرابوون. ئەوان لە شاخ پەروەردە كران بۆ ئەوەی لە باشووری كوردستان هێزێك دروست بكەن. بەشێكیشیان ئەوانەی ئەوروپا بوون. راستییەكەی ئێمە واقیعی باشووری كوردستانمان نەدەناسی. پارتی و یەكێتی چەند لە نێو خەڵكدا جێگەی خۆیان كردووەتەوە، بۆچی لەنێو خەڵكدا بوونەتە هێزی گەورە، پەكەكە ئەمەی بە باشی نەدەزانی. پەكەكە بە هەڵە سەیری باشووری كوردستانی دەكرد. ئەو گەنجانەی باشوور كە هاتبوونە نێو پەكەكە، لە ئاست سیاسەتی باشووری كوردستاندا نەبوون. هەر ئەوانە راپۆرتی هەڵەیان دەدایە بەڕێز ئۆجەلان لەسەر باشووری كوردستان.
رووداو: ساڵی 1997 جارێكی دیكە پارتی و پەكەكە تووشی شەڕ هاتن، ئەوەیان لەسەر چی بوو؟
عوسمان ئۆجەلان: پەكەكە لە شوێنی خۆی نەدەوەستا. هەمیشە لە دەرفەتێك دەگەڕا بۆ سەپاندنی سیاسەتی خۆی لە باشووری كوردستان. ساڵی 1997 چالاكییەكی زۆری دەكرد لەنێو شاری هەولێر، بە تایبەتی دوای ئەوەی پارتی لە هەولێر بووە دەسەڵاتدار. یەكێتییەكان بۆ لای پەكەكە دەهاتن، پەكەكەش هەوڵی دەدا دەست بەسەر هەولێردا بگرێ.
رووداو: پلان هەبوو؟
عوسمان ئۆجەلان: پلانێكی رێكوپێك نەبوو، بەڵام هەندێك دەیانخواست بۆشایی یەكێتی بە پەكەكە پڕ بكەنەوە. زۆر خەڵك دەهاتنە ریزەكانی پەكەكە. بیرمە لە ئاداری 1997 لە یەك هەفتەدا 109 كەس لە هەولێر بوونە گەریلا. ئەگەر ئەمە بەردەوام بووایە، تاوەكو كۆتایی ساڵ هەولێر دەبووە پەكەكە و دواتر پەكەكە بەهێزی سەربازی هەولێری داگیر دەكرد. ئەو مەترسییە وایكرد كە پارتی لە دژی پەكەكە بكەوێتە جوڵە. پارتی دەترسا هەولێری لەدەست بچێ.
رووداو: دواتر شەڕی پەكەكە و یەكێتی دەستیپێكرد، دەڵێن پەكەكە دەیتوانی شاری رانیە بگرێ، بەڵام حكومەتی عێراق رێگەی نەدا؟
عوسمان ئۆجەلان: پەكەكە شەڕی كرد، جەبار فەرمان سەرپەرشتیاری شەڕەكە بوو لەلایەن یەكێتییەوە. هێرش كرایە سەر بارەگاكەی و تەنانەت قەنەفەی بارەگاكەیمان برد. شەڕ لە شاخ تەواو بوو، بەڵام حكومەتی عێراق لە رێگەی بەرپرسانی كەمپی مەخموور خەبەری نارد كە نابێ بچنە نێو شار. بەڵام كەسانی وەكو دوران كاڵكان دەیانگوت رانەوەستن و بەرەوپێش بڕۆن و هەتا دووكان نەوەستن. هەندێكیش داوایان دەكرد شەڕەكە رابگرین، ئێمە لێرە میوانین، نەهاتووین بۆ داگیركردنی كوردستان. من رێگەم بەو داگیركارییە نەدا، چونكە ئەوكات من دەسەڵاتداری نێو پەكەكە بووم. رێگەم نەدا شەڕ گەورە ببێ. لەگەڵ برادەرانی ئێران دانوستاندنم كرد، دوای یەك هەفتە دانوستاندن گەیشتینە رێككەوتنێك كە پەكەكە خۆی لە قەندیل بپارێزێ و دەوروبەرەكەی خۆی ناڕەحەت نەكات. پەیماننامەكە لە نێوان ئێمە و ئێرانییەكان بوو. ئێرانییەكان وەكو نوێنەری یەكێتی هاتبوون بۆ دانوستاندن.
رووداو: هەر كاتێك باسی توندوتیژیی ناو پەكەكە دەكەی، ناوی دوران كاڵكان دەهێنی. ئایا كێشەت لەگەڵ ئەو هەیە، یان مەسەلە ئایدیۆلۆژییە و ئەو كەسێكی توركە؟
عوسمان ئۆجەلان: دوران كاڵكان نوێنەرایەتی گروپی ئەنقەرەی نێو پەكەكە دەكات. لە دیدی منەوە ئەو بەكرێگیراوە یان شێتە، چونكە هەڵوێستەكانی سروشتی نین. كەسایەتییەكی رێكوپێكی نییە. بیروبۆچوونێكی چەپی هەیە. من كەسێكی كوردم، وڵاتپارێزم، بۆیە چەپییەكی شاراوەی داگیركەری تورك لەنێو هێزێكی كوردی قەبوڵ ناكەم. 30 ساڵە لەنێو شۆڕشی كوردیدایە و نانی كورد دەخوات و فێری كوردی نەبووە. بۆیە بەردەوامم لە رەخنەكانم لە دروان كاڵكان و مستەفا قەرەسوو. جارێكیان برادەرێك لە كۆنگرە گوتی كەی پرسی كورد چارەسەر دەبێ، گوتم كەی دوران كاڵكان و مستەفا قەرەسوو بە كوردی قسەیان كرد، ئەوكات كورد ئازاد دەبێ.
رووداو: مستەفا قەرەسوو كوردە؟
عوسمان ئۆجەلان: بەڵێ كوردی عەلەوییە، بەڵام مخابن لە توركان توركترە. وەكو قوتابخانەیەكی توركی وایە، خەڵكی باشووری كوردستان كە توركی نازانن، بەهۆی ئەوەوە بە ماوەی سێ مانگ فێری توركییەك دەبن وەكو كەسێك كە زانكۆی تەواوكردبێ. بۆیە پێشنیاز دەكەم كۆماری توركیا لەپای پێشخستنی زمانی توركی خەڵاتێك بداتە دوران كاڵكان و مستەفا قەرەسوو.
رووداو: بۆچی ئۆجەلان سووریای جێهێشت و چۆن دەستگیر كرا؟
عوسمان ئۆجەلان: ئەو شەڕەی ئێستا لە سووریا هەیە، پێویستی بەوە هەبوو كە ئۆجەلان لە گۆڕەپانی سووریا دەربكرێ. بۆ ئەوەی بتوانن پەكەكە بخەنە خزمەتی هێزی ئیمپریالیست. وەك دەزانن ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ساڵی 1999 بوو. ئاپۆ دوو رێگەی لەپێش بوو، یان بچێتە دەرەوەی وڵات یان بچێتە شاخەكانی كوردستان. بەڵام نەیدەتوانی لە شاخەكانی كوردستان بمێنێتەوە. من وەكو برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەتا مام جەلال ساخ بوو، رەوشم باش بوو، بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال، ئیدی رەوشی منیش باش نییە. بۆیە دەڵێم هەڵبژاردنی ئۆجەلان هەڵبژاردنێكی دروست بوو.
رووداو: رۆڵی پەكەكە چی بوو لە چوونی ئۆجەلان بۆ ئەوروپا، زۆر باسی كانی یڵماز و ماهیر وڵات دەكرێ، دەگوترێ دووەمیان سیخوڕی رووسیا بووە. ئەوە راستە؟
عوسمان ئۆجەلان: وەكو ناوەندی پەكەكە هیچ كەسێك بەرپرسیاری راستەوخۆ نەبوو لە گرتنی ئۆجەلان، بەڵام وەكو شەخس، دوو كەس هەبوون، ماهیر وڵات بەرپرسی پەكەكە بوو لە رووسیا، كانی یڵماز بەرپرسی پەكەكە بوو لە ئەوروپا. ئاپۆ پێش ئەوەی بەڕێبكەوێ بۆ دەرەوە، قسەی لەگەڵ كردم و گوتی هەڵەم كرد كە ماهیرم كرد بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی. كەسێكی گوندییە. من ئەوكات تێگەیشتم كە مەسەلە چییە. كاتێك ماهیر هاتە لوبنان، ئاپۆ نەیدەویست ماهیر بنێرێتەوە رووسیا، بەڵام رووسیا پێداگیری دەكرد كە ماهیر بگەڕێتەوە رووسیا. ئاپۆ ناچار بوو جارێكی دیكە بینێرێتەوە مۆسكۆ. ئاشكرا بوو كە ماهیر بووەتە پیاوی رووسیا. دەڵێن دانوستاندنێكی یەك سەعاتی لەگەڵ ژنە رۆژنامەنووسێكی رووسی هەبووە و هەمووشی تۆمار كراوە، ماهیر دەترسا بڵاوبكرێتەوە، بۆیە تەسلیمی دەزگای هەواڵگریی رووسیا بووبوو. ماهیر لە دەرەوە ئاپۆی بە هەڵەدا برد. لەلایەكی دیكەوە دەزانین كانی یڵماز لە بەریتانیا دەستگیر كرا، ئەڵمانیا داوای كردبوو، كانی چوو بۆ ئەڵمانیا. ئاپۆ بە برادەرێكی ناسراوی كوردی گوتبوو كە بچێ لەگەڵ ئەڵمانەكان قسە بكات و كانی ئازاد بكەن. ئەو برادەرە لەگەڵ ئەڵمانەكان قسەی كردبوو كە ئەگەر یڵماز ئازاد بكەن، پەكەكە بە گوێرەی یاساكانی ئێوە دەجوڵێتەوە. هەواڵگریی ئەڵمان گوتبوویان تۆ داوای ئازادكردنی كەسێك دەكەی كە بڕیاری داوە خزمەتی ئێمە بكات. ئۆجەلان بەمەی زانیبوو، بۆیە داوای كرد كانی یڵماز و عەلی حەیدەر قەیتان بگەڕێنەوە كوردستان. ماهیر وڵات چوو بۆ رۆما و ئاپۆی ترساند كە لەوێ نەمێنێ و پێیگوت رووسیا بەڵێنی داوە كە تۆ لە رووسیا نیشتەجێ ببی، ماهیر وڵات ئەو كەسەیە كە بەناوی هەواڵگریی رووسیا و ئەڵمانیا ئاپۆی هەڵخەڵەتاند و لە ئیتاڵیای بردە دەرەوە.
رووداو: ئێوە چۆن هەواڵی گرتنی ئۆجەلانتان بیست؟
عوسمان ئۆجەلان: 10 رۆژ پێش دەستگیركردنی ئاپۆ. كانی یڵماز و عەلی حەیدەر قەیتان لە رێگەی گورجستانەوە هاتنەوە كوردستان و گوتیان كێشەی سەرۆك چارەسەر بووە، ئیدی پێویست نییە كەس بپرسێ. ئێمەش بێخەم بووین. بەڵام من خەمم بوو، بۆیە بڕیارمان دا دوو كەس بنێرین بۆ لای ئاپۆ، دوو كەسەكە لە رێگا بوون كە سەرۆكوەزیرانی توركیا لێدوانی دا و گوتی ئۆجەلان دەستگیركراوە. من بڕیار بوو بگەڕێمەوە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام جەمیل بایك و موراد قەرەیلان گوتیان بەردەوام بە. لەژێر خێوەتێك دانیشتبووم. موراد و جەمیل و مستەفا قەرەسوو هاتنە لام. لەوێ گوتم پێویستە ئێمە رێگری لە كوشتنی ئۆجەلان بكەین، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ دەست بە راپەڕینێك بكەین. لە رێگەی مەدتیڤی بانگەوازێكم بڵاوكردەوە كە خەڵك راپەڕێ، ئەگەر كەسێك چەكی نییە با بە گاڵۆنێك بەنزین دائیرەیەكی دەوڵەت بسووتێنێ. بانگەوازەكەی من كاریگەری زۆری لەسەر كوردی رۆژهەڵات هەبوو.
رووداو: ئێران تووڕە نەبوو؟
عوسمان ئۆجەلان: من رۆژی دواتر بەرپرسانی ئێرانیم بینی، گوتیان ئەم بانگەوازە رابگرە، منیش پێمگوتن ئێوە رێگەتان نەدا ئۆجەلان بێتە كوردستان. ئێستاش رێگە بدەن هەندێك گوشار بكەین كە ئاپۆ لە سێدارە نەدرێ. دوای ئەوە بۆ جاری سێیەم ئێران منی دەركرد. ئیدی لەو رۆژەوە دەفتەری پەیوەندییەكانی من و ئێران داخرا.
رووداو: ئۆجەلان دوای گرتنی فەرمانی بە كشانەوەی گەریلا لە باكووری كوردستان كرد، بەڵام هەندێك فەرماندەی پەكەكە رازی نەبوون، لەوانەش ناسر كە دواتر كوژرا، دەگوترێ تۆ لە پشت كوشتنەكەی بووی، چونكە فەرمانی پەكەكەی جێبەجێ نەكردووە؟
عوسمان ئۆجەلان: لەسەر ئەو بانگەوازە زۆر بۆچوون دروست بوون، هەندێكیان دەیانگوت ئێمە پاش سەرۆك ئاپۆ بە قسەی كەس ناكەین، هەندێك لە زیندانییەكان دژی ئەو هەڵوێستەی ئۆجەلان بوون. هەندێكیان گوتیان درێژە بە شۆڕش دەدەین، یەكێك لەوانە ناسر بوو كە هێزێكی تایبەتی دروستكردبوو بەناوی تەیرەبازێن ئازادیا كوردستان (تاك)، بەڵام دواتر نەیتوانی بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرێ. بێجگە لە خۆی، رەخنەی لە هەموو كەس و شتێك هەبوو. ئەو زیندانی كرا.
پێمگوت هەتا لەگەڵ من بیت پارێزراوی. ئەو دەیگوت حەز دەكەم بچمە نێو هێزی عەسكەری. پێمگوت تۆ هەڵەی، لەگەڵ من بمێنەوە. رۆژێكیان رێنماییەك لە سەرۆكی كۆردیناسیۆنی گشتی هات كە جەمیل بایك بوو، هەروەها مستەفا قەرەسوو، دوران كاڵكان و عەلی حەیدەر قەیتانیش لەگەڵی بوون. ئەوان بڕیاریان دابوو كە ناسر سزا بدرێ. ئەوان بڕیارەكەیان بۆ موراد قەرەیڵان ناردبوو، مورادیش تەلەفۆنی بۆ من كرد و بە شفرە پێیگوتم بڕیاری كوشتنی ناسر دراوە، تۆ چی دەڵێی. پێمگوت دژی ئەوەم و تۆش دەبێ لە دژی ئەوە بوەستییەوە. لێ مخابن هەواڵم بۆ هات كە ناسریان كوشتووە. پرسیم چۆن كوژراوە، شتەكەیان خستە ئەستۆی یەكێتی، گوایە ئەوان هاتوون ناسر ببەن، پاسەوانەكەشی بۆ ئەوەی یەكێتی نەیبەن، كوشتوویەتی. پاشان پاسەوانەكەی ناسر رەوانەی باكوور كرا و ئەویش لە رێگادا مرد.
رووداو: قسەیەك هەیە دەڵێن ئەگەر لەنێو پەكەكەدا كەسێكیان بكوشتایە دەیانگوت ناردمان بۆ پاریس. ئەوە راستە؟
عوسمان ئۆجەلان: بەڵێ قسەیەكی وا لەنێو گەریلادا هەبوو، دەیانگوت ئەویش چوو بۆ پاریس.
رووداو: پژاكتان بۆ دروستكرد، ئێران ئاگادار بوو؟
عوسمان ئۆجەلان: كە ئۆجەلان دەستگیر كرا، ئاڵۆزییەكی سیاسی لەنێو پەكەكەدا دروستبوو. ئێمە كۆنفرانسێكمان كرد بەناوی كۆنفرانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەریلای هەر چوار پارچەی كوردستان لەنێو پەكەكەدا هەبوون، بڕیارماندا بۆ هەر پارچەیەك هێزێك دروست بكەین، من هێزەكەم پەروەردە كرد. هێزی باشوورمان لە مارەدوو دروستكرد، رۆژهەڵات لە شوێنێك و رۆژئاواش لە شوێنێك. دروستكردنی پژاك بە جەمیل بایك سپێردرا، پەچەدەكە بە نیزامەددین تاج و پەیەدەش بە موراد قەرەیڵان، بەڵام تەنیا نیزامەددین پەچەدەكەی دروستكرد و جەمیل بایك و موراد قەرەیڵان نەیانویست ئەو دوو هێزە دروست بكەن. بۆیە من سەرەتا پژاكم دروستكرد و پاشان پەیەدە. من دامەزرێنەری پەیەدە و پژاكم.
رووداو: بۆچی عەبدوڵڵا حیجاب نەبوو بە سەرۆكی پژاك.
عوسمان ئۆجەلان: ئێمە كاتێك بەرپرسیارێتیمان دەدایە ئەوانەی لە ئەوروپاوە دەگەڕانەوە، پرسمان بە زوبێر ئایدار و رەمزی كارتاڵ دەكرد كە ئەندامی كەنەكە بوون، ئەوان پێشنیازیان كرد كە حاجی ئەحمەدی ببێ بە سەرۆكی پژاك و گوتیان كەسێكە لە قسەمان دەرناچێ. بەڵام حیجاب كەسێكی رۆشنبیر بوو، بیروبۆچوونی سەربەخۆی هەبوو.
رووداو: بۆچی لە پژاك-دا پاشگری كوردستان هەیە، بەڵام بۆ پەیەدە ناوی كوردستان نییە؟
عوسمان ئۆجەلان: لەبەر بەرژەوەندی سیاسی و مادی.
رووداو: پەیوەندی ئێوە و سووریا تێكچوو، بەڵام دواتر پەیوەندییەكە لە رێگەی یەكێتییەوە چاك كرایەوە ئەوە چۆن بوو؟
عوسمان ئۆجەلان: دوو كەس هاتنە شاخ كە یەكێكیان عومەر ئۆسێ بوو، ئەوی دیكەشیان مەروان زركی بوو لە موخابەراتی سووری بوون، من و جەمیل بایك لەگەڵیان دانیشتین. پاش ئەوەی گەڕانەوە سووریا، گوتیان بێجگە لە جەمیل بایك، ئێمە هیچ كەسێك قەبووڵ ناكەین.
رووداو: بۆچی لە پەكەكە جیابوویتەوە؟ دەڵێن بۆ خۆشیی ژیانی خۆت جیابوویتەوە؟
عوسمان ئۆجەلان: ئێمە دەمانویست گۆڕانكاری لە پەكەكە بكرێ، مافی مرۆڤ و مافی ژیان لەنێو پەكەكەدا هەبێ. لەگەڵ هێزە كوردییەكان پەیوەندیمان هەبێ، پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا و ئێران كەم بكەینەوە، پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا هەبێ، بەڵام مخابن ئەو ریفۆرمە نەكرا، بۆیە جیابوومەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ