د.رۆژ نوری شاوەیس: ئۆپۆزیسیۆن بەشداری حكومەتیش نەكات مەترسی بۆ سەر كوردستان نابێت

29-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو - هەولێر

هەڤپەیڤین: رێبوار كەریم وەلی


تازە لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو تەواوببوون، لە ماڵەكەی خۆی لە گوندی ئەمریكی باسی هەوڵەكان و تێڕوانینی پارتی كرد بۆ حكومەتی ئایندە و بڕوای وابوو ئەمجارە حكومەتەكە جیاواز دەبێ.  د.رۆژ نوری شاوەیس، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەندامی لێژنەی دانوستاندنكاری پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت كە میوانی ئەمجارەی بەرنامەی (كەوانەی سوور)ی كەناڵی (رووداو) بوو، دەڵێت "نەوشیروان مستەفا ئەمجارە بەئیجابی هاتووەتە پێش و پارتیش پێیوایە ئەوەی بێتە نێو حكومەت دەبێ شەریك بێ". 

رووداو: ماوەیەكی زۆرە لە ناوخۆی كوردستان دابڕاوی، لە بەغدا بووی، چۆن بوو بەشداریت كرد لە وەفدی دانوستاندنی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو؟
د.رۆژ: راستە من لە بەغدام، بەڵام لە كوردستان دانەبڕاوم، ئەو كارەی لە بەغدا دەیكەم تەواوكەری كارەكانی كوردستانە.

رووداو: ئەو دانوستاندنانە لە چ قۆناغێكدان؟
د.رۆژ: ئێمە سەردانی سلێمانیمان كرد، سەردانی یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانمان كرد، لەو چوارچێوەیەدا بە پێویستمان زانی سەردانی هێرۆخانیش بكەین.

رووداو: بۆچی بە پێویستتان زانی؟
د.رۆژ: ئەو ئەندامێكی دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانی هاوپەیمانی ئێمەیە، هەروەها خێزانی بەڕێز تاڵەبانییە.

رووداو: كابینەی پێشوو بە كورسی پارتی و یەكێتی و حیزبە بچووكەكان پێكهات، بۆچی هەر بەو كورسیانە حكومەتتان پێكنەهێنا، پێتانوایە دەبێ حكومەتێكی نیشتمانی بنكە فراوان پێكبێت؟
د.رۆژ: راستە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەكو خۆیەتی، بەڵام بارودۆخی ناوچەكە گۆڕاوە و لە كوڵاندایە، بارودۆخی عێراق ئاڵۆزە. لە كوردستانیش ئەو میللەتە تینووی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابوورییە. بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بە چاكی دەزانێت لەگەڵ حیزبەكانی دیكە بەرەنگاری ئەو رەوشە ببێتەوەو پاپۆڕی كورد بەرەو كەناری ئارامی ببەین.

رووداو: پێتوایە بۆچوونی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ سەقامگیری وەكو بۆچوونی ئێوەیە؟
د.رۆژ: لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن ئەو بۆچوونەمان بیست، ئێستا ئۆپۆزیسیۆن نەماوە و هەموومان ئەو هەڵبژاردنەمان بردووەتەوە. پێكەوە هەوڵدەدەین حكومەتێكی رێكوپێكی فراوان دروستبكەین.

  بەبێ بەشداریی ئۆپۆزیسیۆن لە حكومەت لەوە زیاترمان  پێناكرێت كە لە رابردوودا كراوە



رووداو: مەبەستتان لە فراوان ئەوەیە كە ئەوانەی پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون بەشداری بكەن؟
د.رۆژ: ئۆپۆزیسیۆن كاتێك دروستدەبێ كە حكومەت پێكهاتبێت، ئێمە گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كە پێكەوە ئیش بكەین، ئەوان ئامادەییان نیشانداوە بۆئەوەی پێكەوە كار بكەین.

رووداو: ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەشداری حكومەت نەكات هیچ هەڕەشەیەك دەبێت لەسەر كوردستان؟
د.رۆژ: من لەو باوەڕەدا نیم هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر كوردستان هەبێت، بەڵام ئەو كاتەش لەوە زیاترمان پێناكرێت كە لە چوار ساڵی رابردوو كراوە. راستە هەندێك كاری باش كراوە، بەڵام هەموو شتێك بە دڵی ئێمە نەبووە، ئێمە دەمانەوێ لەو بارودۆخە زەحمەتەی پێیدا تێدەپەڕین وەستای ئەو بارودۆخە بین، نەك بارودۆخەكە بەسەرماندا زاڵ بێت. ئەوكارەش بە دوو لایەن زۆر زەحمەتە بە سەركەوتوویی بكرێت. ئێمە لە ئەنجامی دانوستاندنەكان گەیشتینە ئەو باوەڕەی كە بە هەموومان پێكەوە حكومەت دروستبكەین.

رووداو: كام لەو لایەنانەی دانوستاندنتان لەگەڵ كرد، نزیكترە لەوەی ببێتە شەریكی پارتی لە حكومەت؟
د.رۆژ: من ناتوانم بڵێم شەریكێكم بۆ پەیدابووە نزیكترە لە من لە شەریكەكەی رابردووم، من هەوڵدەدەم ئەوانەی كە بڕیارە ببنە شەریكم وەكو شەریكەكەی رابردووم بن.

رووداو: كە حیزبێك رادەسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، یەكەمجار لەگەڵ حیزبی دووەم دادەنیشێ، بەڵام ئێوە یەكەمجار لەگەڵ حیزبی سێیەم دانیشتن، بۆچی؟
د.رۆژ: ئەوە مەرج نییە. جارێ بە فەرمی پارتی رانەسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، پارتی جەنابی نێچیرڤان بارزانی راسپاردووە بەو ئەركە هەڵبستێت، كە پارتی راسپێردرا، كاك نێچیرڤان كاندیدی پارتییە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت.

رووداو: یەكەم سەردانتان بۆ لای یەكێتی پەیامێك بوو كە هێشتا یەكێتی هاوپەیمانی ئێوەیە؟
د.رۆژ: ئەو پەیامە تازە نییە، ئێمە هەمیشە رامانگەیاندووە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاوپەیمانی ئێمەیە.

رووداو: لەو باوەڕەدان ئۆپۆزیسیۆن نەمێنێت لە كوردستان؟
د.رۆژ: ئۆپۆزیسۆن هەمیشە هەیە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن رەنگە ئەمجارە بێتە پێشەوە و هاوكاریمان بكات.

رووداو: رازین ئەوان لە حكومەت بن و ئۆپۆزیسیۆنیش بن؟
د.رۆژ: تۆ ناكرێت ئۆپۆزیسیۆن بیت بەو شێوەیەی كە تا ئێستا هەبووە، لە هەمانكاتیشدا لە حكومەت بیت.

رووداو: دەگوترێ كۆبوونەوەكەتان لەگەڵ یەكێتی زۆرباش نەبووە، لەگەڵ گۆڕان باشتر بووە، بۆچی؟
د.رۆژ: نەخێر راست نییە، هەردوولا باش بوون. لەو دانوستاندنانەی كردمان بۆچوونی هەموو لایەنەكان نزیكبوون لە یەكدی، ناتوانیت بڵێیت ئەو لایەنە لەو لایەنە باشتر بوو، بەڵام ئێمە لەگەڵ یەكێتی پێكەوە ئیشمان كردووە و ئێستاش هاوپەیمانین، بۆیە رەنگە متمانە لە نێوان ئێمە و یەكێتی زیاتر بێت لە حیزبێك كە ئۆپۆزیسیۆن بووە و لەگەڵ من ئیشی نەكردووە.

رووداو: قەت پارتی بیری لەوە كردووەتەوە بەدیلێك بۆ یەكێتی بدۆزێتەوە؟
د.رۆژ: پارتی بەدرێژایی مێژووی خۆی هەوڵی ئەوەی نەداوە حیزبێك بۆ ئەم دروست بكات، یان ئینشیقاق بخاتە نێو ئەو حیزب و ئەم حیزب. ماوەیەكی زۆر پارتی تاكە حیزب بووە لە كوردستان. پارتی دەرگای كراوە بووە بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ حیزبەكانی دیكە.

رووداو: هێرشێكی توند لەسەر پارتی هەبوو لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان لەلایەن گۆڕانەوە، هەڵوێستی نەوشیروان مستەفا لەو دانیشتنانە چۆن بوو بەرامبەر پارتی؟
د.رۆژ: هەڵمەتی هەڵبژاردن بووە مێژوو، ئێمە باسی ئێستا دەكەین، ئەمڕۆ دەمانەوێ بە یەكەوە شتێك دروست بكەین. ئێمە بە روحیەتێكی ئیجابی چووینەتە پێش و ئەوانیش بە روحیەتێكی ئیجابی هاتوونەتە پێش. كاك نەوشیروانیش وەكو ئەوانی دیكە بە گیانێكی ئیجابی هاتووەتە پێش.

رووداو: پێتانوانییە ئەگەر گۆڕان بەشداری حكومەت نەكات رەوشی سلێمانی ئاڵۆزتر دەبێت لەوەی كە هەیە؟
د.رۆژ: جا بۆچی ئێمە لە ئێستاوە بە نێگەتیڤ تەماشای بكەین، بۆ نەڵێین گۆڕان بەشداری حكومەت دەكات و رەوشی هەموو لایەنێكیش باشتر دەبێت.

رووداو: گۆڕان پێداگیری لەسەر شەراكەت دەكات، پێناچێت پارتی و یەكێتی بچنە ژێر ئەو بارە؟
د.رۆژ: پارتیش دەڵێت، حكومەت دەبێ حكومەتی شەراكەت بێت، وەزیر دەبێت وەزیر بێت و سەرۆك وەزیران دەبێت سەرۆك وەزیران بێت. هەر كەسێك كە بەشداری لەو حكومەتە دەكات بە مەرجێك پابەندی بەرنامەی حكومەت بێت، دەبێت شەریكێكی تەواو بێت.

    ورووژاندنی پۆستی مام جەلال رەنگە بە زەرەری كورد تەواو بێت



رووداو: ڤیتۆ لە كەس قبوڵ دەكەن، بۆ نموونە یەكگرتوو دەڵێت ئەگەر حیزبە بچووكەكان بەشداری لە حكومەت بكەن، ئێمە بەشداری ناكەین؟
د.رۆژ: ئێمە ڤیتۆ قبوڵ ناكەین. بەڵام لە هەمانكاتیشدا دەبێت بزانین ئایا پێویستە ئەو لایەنە بەشداری بكات یان نا. ئایا ئەو پێوەرەی دایدەنێین بۆ پێكهێنانی حكومەت ئەوان دەگرێتەوە یان نا.

رووداو: گەشبینی كە حكومەت زوو پێكبهێنرێت؟
د.رۆژ: ماوەیەكی یاسایی هەیە، لەو باوەڕەدام لە ماوە یاساییەكە حكومەت پێكدێت.

رووداو: بەردەوام گلەیی لە ئێوە دەكرێ كە لە بەغدا چی دەكەن؟ بۆ نموونە یاسایەك لە بەغدا دژی كورد دەردەچێت، خەڵك دەڵێت ئەی ئەوان چی دەكەن لە بەغدا؟
د.رۆژ: جارێ ئەو بۆچوونە راست نییە، ئێمە كە لە بەغدا كار دەكەین كارەكەمان بە پلەی یەك بەرگریكردنە لە بەرژەوەندی كوردستان، من تەسەوەر ناكەم ئەو برادەرانەی لە بەغدان كەمتەرخەم بووبن، هەر هەمان ئەو كەسانەن كە قانوونی ئیدارەی دەوڵەتیان چەسپاند، هەر ئەوان بوون ئەو دەستوورەیان چەسپاند كە هەموو مافێكی كوردی تێدا چەسپاوە. هەر ئەوان بوون 17%ی بودجەیان بۆ كوردستان چەسپاند، هەر ئەوان بوون وایانكرد كە پێگەی كورد رۆژبەرۆژ بەهێزتر بێت لە بەغدا. بەڵام شاراوە نییە بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی عێراق ئەو هاوسەنگییەی كە لە بەغدا هەبوو، رۆژ بە رۆژ بەرەو گۆڕان دەچێت. گۆڕانەكە بۆچی؟ یەكەم: ئەو لایەنەی هاوسەنگییەكەی راگرتبوو كە ئەمریكا بوو رۆڵی نەما. دووەم: یاسای هەڵبژاردنی گشتی كە لە بنەڕەتدا نەدەبووایە لە ساڵی 2006 لە سەرۆكایەتی كۆمار دەرباز بێت، ئەو یاسایە پێگەی ژمارەی كوردیشی كەمكردەوە. سێ: ئەو لایەنانەی كە هاوپەیمانمانن بە تایبەتی شیعەكان ئەزموونی حوكمیان نەبوو، دواتر زۆرینەیان بەدەستهێنا و پاشان وردە وردە ئەزموونی حوكمیان پەیدا كرد، ئەوان هەوڵیان دەدا دەسەڵاتی ناوەند زیاتر بێت، واتا دەسەڵاتی خۆیان زیاتر بێت. ئەمە هەمووی بووە هۆی ئەوەی تۆ نەتوانی دەستكەوتی زیاتر بخەیتە سەر دەستكەوتەكانی دیكە. بەڵام لە هەمانكاتدا هەوڵمان داوە ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون لە دەستمان نەچن.
لەلایەكی دیكەوە جەنابی مام جەلال لەوێ نییە، ئەوەش كەلێنێكی گەورەی خستووەتە پێگەی كورد لەوێ. ئەو دەزگایەی رێگر بوو لەو یاسایانەی لە بەرژەوەندی كورد دەرنەچن لە پەرلەمان، سەرۆكایەتی كۆمار بوو. ئەوە ساڵێكە ئەو كارە ناكرێت. رووداوەكانی كوردستان لەوانەش دروستبوونی ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشاندانەكان، هەموو هانی ئەو لایەنانەی دا كە دۆستی كورد نین زۆر هەنگاو بهاوژێن لەدژی كورد. ئێمەی كورد دەبێ لە بەغدا سیاسەتێكی یەكگرتوومان هەبێت، ئەو سیاسەتەی لە كوردستان هەیە نابێت كاریگەری هەبێت لەسەر كورد لە بەغدا.

رووداو: بۆچی كورد بیر لە پڕكردنەوەی كورسییەكەی مام جەلال ناكاتەوە؟
د.رۆژ: ئێمە هیوادارین جەنابی مام جەلال بەزووترین كات چاك ببێتەوەو بگەڕێتەوە، تاوەكو ئومێدی چاكبوونەوەی مام جەلال مابێت ئێمە ئەو پۆستە دەهێڵینەوە بۆ جەنابی مام جەلال. ئەو پۆستە پڕبكرێتەوە كاتییە و تاوەكو هەڵبژاردنە.

رووداو: ئەو مەسەلەیە قەت بە فەرمی باسی لێوەكراوە؟
د.رۆژ: بەشێوەیەكی جددی باس نەكراوە.

رووداو: بەپێی یاسا دەبووایە ئەو مەسەلەیە یەكلایی بكرێتەوە، ئایا ئەوە تەنیا بۆ رازیكردن نییە؟
د.رۆژ: ئەوە بۆ رازیكردن نییە، ئەوە بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردە. مام جەلال كەسایەتی و سەركردەیەكی دیارە، ئامانجیش ئەوە بوو كوردێك ئەو پۆستە وەربگرێت. ئەگەر ئەو مەسەلەیە بورووژێنرێت پێچ و پەنای ئەوەندە زۆرە رەنگە بە زەرەری كورد تەواو بێت.

رووداو: ئەو پۆستە بۆ مام جەلال بوو یان بۆ كورد؟
د.رۆژ: ئەو پۆستە بە پلەی یەك بۆ كورد بوو، بەڵام شەخسی مام جەلالیش رۆڵی بینی لەو بابەتە، هەموو كەسێك هەڵنابژێردرێت و هەموو كەسێك ئەو موئەهەلاتەی مام جەلالی نییە.

   غیابی مام جەلال لە بەغدا كەلێنێكی گەورەی خستووەتە پێگەی كورد


رووداو: دوای هەڵبژاردنی داهاتوو كورد پێداگیری لەسەر ئەو پۆستە دەكاتەوە؟
د.رۆژ: ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین سەرۆك كۆمار وەربگرینەوە.

رووداو: دوای سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چەند لێژنەیەك پێكهێنران بۆ پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر، ئەو لێژنانە چییان بەسەرهات؟
د.رۆژ: رێككەوتنەكان باش بوون، دروستكردنی لێژنەكان باش بوون، بەڵام پێویست بوو ئەو لێژنانە كۆببنەوە و بكەونە كار. ئەوەندەی من بزانم تەنیا لێژنەی ئەمنی كۆبووەوە و ئەو گرژییەی هەبوو لە ناوچەی كەركووك ساردی كردەوە. نەمزانیوە لێژنەكانی دیكە كارێكی وایان كردبێ.

رووداو: كەموكوڕییەكە لەلای حكومەتی عێراقە یان هەرێمی كوردستان؟
د.رۆژ: ئەو حوكمە بە من مەدە لە خۆیان بپرسە. بەڵام تۆ وەكو كورد كە تۆ خۆت بە خاوەن ماف دەزانیت، پێویستە تۆ زیاتر بەرەو پێش بچیت و بڵێیت بۆچی ئەو كۆبوونەوانە ناكرێن.

رووداو: هەڵوێستی حكومەتی عێراق چی دەبێت ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوت رەوانەی توركیا بكات؟
د.رۆژ: دوو هەڵوێست هەیە. یەكەمیان هەڵوێستی هەرێمی كوردستانە كە هەڵوێستێكی دەستوورییە و راستە و لە بەرژەوەندی هەردوولایە. هەڵوێستی دووەمیش هەڵوێستی حكومەتی ئیتیحادییە، ئەوان بۆچوونیان وایە كە هەموو شتێك لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئەواندا بێت. ئەوان لەوەدا پشت بە دەستوور نابەستن و پشت بە یاسا كۆنەكانی سەردەمی سەدام حوسێن دەبەستن.

رووداو: هەموو هەڵوێستەكان لەسەر زاری د.حوسێن شەهرستانی دەردەچن، بۆچی مالیكی قەت هەڵوێست دەرنابڕێت؟
د.رۆژ: ئەگەر یاریدەدەرێكی وای هەبێت ئەو رۆڵە گەورەیەی داوەتێ كە بابەتی نەوتە و ئەو قسە گەورانە بكات و ئەو هیچ نەڵێت، وەك پەندە عەرەبییەكە دەڵێت بێدەنگی نیشانەی رازیبوونە. جا ئێمە دەبێ لێرە چارەسەری ئەو مەسەلەیە بكەین، چونكە نابێت تۆ بۆچوونێكت هەبێت و ئەوی دیكە بۆچوونێكی دیكە، ئەوە كاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها ئەوە زەرەر لە ئابووری عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات. چارەسەرەكەش ئەوەیە كە یاسایەكی نوێمان هەبێت بۆ سامانە سروشتییەكان.

رووداو: وردە وردە پەیوەندی نێوان توركیا و عێراق ئاسایی دەبێتەوە، پێتوایە ئەوە بەر بە پێشكەوتنی پەیوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان بگرێت؟
د.رۆژ: جارێ شتێكی زۆر ئاساییە عێراق پەیوەندی لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەبێت، ئەگەر عێراق پەیوەندی خراپی لەگەڵ دراوسێكانی هەبێت ئەوە بۆ عێراق زۆر خراپە. بۆیە ئەو لایەنەی لە عێراق هەوڵدەدات ئەو پەیوەندیانە تێكبدات، ئەوە یان ئامانجێكی دیكەی هەیە یان لە ئیشەكە تێناگات. من لەو باوەڕەدا نیم ئەو پەیوەندییەی نێوان عێراق و توركیا كاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبێت.

رووداو: ئایا حكومەتی عێراق دەتوانێ رێگر بێت لەوەی هەرێمی كوردستان نەوت بنێرێتە دەرەوە لەڕێی توركیاوە؟
د.رۆژ: من تەسەور ناكەم.

رووداو: توركیا ئەو فشارە لە عێراق قبوڵ دەكات؟
د.رۆژ: مەسەلە فشار نییە، دەوڵەت دەتوانێ زۆر شت بكات، دەتوانێ تەماع بدات، دەتوانێ ئاسانكاری بكات. ئێمە لە مێژوودا بینیومانە كە دوو دەوڵەت دوژمن بوون و لەسەر حیسابی كورد رێككەوتوون. ئێمە نابێت ئەوە لە بیربكەین و دەبێت ئامادەكاری بۆ بكەین، ئەوەشە وامان لێدەكات حكومەتێك دروستبكەین كە هەموو لایەكی تێدا بێت.

رووداو: رای شەخسی مالیكی چییە لەبارەی نەوتی كوردستان؟
د.رۆژ: زۆرینەی حكومەتی عێراق جگە لە هەندێك شیعە، بیر لەوە دەكەنەوە كە نەوت دەبێ شتێكی مەركەزی بێت. كە ئەوە بۆچوونێكی هەڵەیە.

  بێدەنگی مالیكی بەرامبەر هەڵوێستەكانی شەهرستانی نیشانەی رازیبوونە



رووداو: دەڵێن بودجەی عێراق مینی زۆری تێدایە بۆ كورد؟
د.رۆژ: ئێمە هەوڵمانداوە ئەو لوغمانە لاببەین و لاشمان داوە، ساڵی رابردووش بایكۆتی حكومەتمان كرد و هاتینەوە كوردستان.

رووداو: دەگوترێت چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان 300 هەزار بەرمیل نەوتی نەناردووە لە رۆژێكدا، حكومەتی عێراق لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبڕێت؟ ئایا لە دەستیان دێت؟
د.رۆژ: ئەوە مومكین نییە، ئێمە ساڵی رابردووش پێمانگوتن یاسای بودجە، یاسای سزادان نییە، ئەمساڵیش پێیاندەڵێینەوە. هەر كێشەیەك لە نێوان ئەو دوو لایەنە هەبێت، لایەنێكی دەستووری هەیە بڕیاری لێدەدات ئەویش دادگای فیدراڵییە. ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە هۆی ئەوەی زەرەر لە بودجەی عێراق بدات، حكومەتی عێراق بۆی هەیە لە دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكات.

رووداو: ئەگەر حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت ئەمجارەش بایكۆتی حكومەت دەكەن؟
د.رۆژ: بەدڵنیاییەوە بایكۆتی دەكەین.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە