جەمال سلێمان: دەبێت زمانی کوردی لە سووریا ببێتە زمانی دووەمی فەرمی

30-04-2025
دلبخوین دارا
دلبخوین دارا @dilbixwindara
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەمال سلێمان، ئەکتەری نێوداری سووری
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەمال سلێمان، ئەکتەری نێوداری سووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جەمال سلێمان، ئەکتەری نێوداری سووری بە پێویستی دەزانێت کە "زمانی کوردی لە سووریا ببێتە زمانی دووەمی فەرمی." ئەو ئەکتەرە پێیوایە کە دانپێدانان بە زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا.
 
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی رووداودا لە 26ی نیسانی 2025 لە هەولێر، جەمال سلێمان، ئەکتەری نێوداری سووری ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت قوتابخانەی کوردی هەبێت بۆ ئەو کوردانەی دەیانەوێت منداڵەکانیان بە زمانی کوردی بخوێنن، ئەمەش وەکو مافێکی بنەڕەتی بۆ پاراستنی کولتوور و زمانی کوردی لە سووریادا.
 
جەمال سلێمان سرووشتی کوردستان بە "زۆر گونجاو" بۆ بەرهەمهێنانی فیلم دەزانێت. هیوایشی خواست سەردانی قامیشلۆ بکات و دەڵێت، "بیرەوەریی زۆر جوانم لەوێ هەیە."
 
ئەو ئەکتەرە سوورییە باسی لە ماڵەکەی لە دیمەشق کرد و گوتی، "لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە رووخێندرا و تاڵان کراوە." سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعیش ئاماژەی بەوە کرد، "زۆر باش و بنەڕەتییە."
 
لەبارەی کەسایەتیی سەرۆک بارزانی، جەمال سلێمانی گوتی، "کەسایەتییەکی زۆر خۆشەویت، سادە و روونی هەیە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جەمال سلێمان، ئەکتەری نێوداری سووری:
 
رووداو: دەمباش، ئەمڕۆ هەڤپەیڤینێکی زۆر تایبەتم هەیە، میوانێکی زۆر تایبەت لە ستۆدیۆ لەگەڵمە، ئەکتەری سینەما و کەسایەتیی ناوداری سووری، جەمال سلێمانە، لە پاڵ سینەما، لە پاڵ دراما، زنجیرە فیلم، بە هۆنراوە سیاسییەکانیشی زۆر ناسراوە بێگومان، سوورییە، بەڵام لە سووریا نامێنێتەوە، لە میسر دەژی، ماوەیەک گوتوویەتی دەیەوێت ببێتە سەرۆکی سووریا، دواتر نازانم چی بوو، بارودۆخەکە گۆڕا، ئێستا زۆر باسی ئەوە ناکات، بەڵام جەمال سلێمان وەکو خۆی کەسایەتییەکی بەهێز و خاوەن هەڵوێستی سەربەخۆیە، بەخێر بێیت بەڕێز جەمال سلێمان، زۆر خۆشحاڵم دەتبینم لە کوردستان و لە رووداو.
 
جەمال سلێمان: زۆر سوپاس بۆ پێشوازیت، من زۆر خۆشحاڵم کە میوانی ئێوەم.
 
رووداو: لە سەرەتادا دەمەوێت بزانم کوردستانت چۆن بینی؟
 
جەمال سلێمان: زۆر جوانە، ئەمە دووەم سەردانی منە بۆ کوردستان، لە پێشانگەی کتێب بووم لە هەولێر و سەردانی چەند شوێنەواری مێژووییشم کرد لە هەولێر، بەڕاستی شوێنێکی خۆشە، کوردستان بەگشتی خاوەن سرووشتێکی جوانە، چەند بەڵگەنامە و فیلمێکیشم لەسەر کوردستان بینیوە، ئەمڕۆش کاتێک لە رێگەدا بووین بۆ دیداری بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، بە ناوچەی چیایی و دۆڵەکاندا تێپەڕین، بەڕاستی سرووشتێکی زۆر جوانە، دواتر کاتێک میوانی بەڕێز سەرۆک بووین، باسی سەلاحەدینمان کرد، چونکە لە زنجیرە فیلمی سەلاحەدین من رۆڵی ئەوم بینیبوو، سەرۆک لە پەنجەرەوە ئەو گوند و دۆڵەی نیشان دام کە بنەماڵەی سەلاحەدین لێی هاتوون، نزیکەی کیلۆمەترێک دوورە لە شوێنی جەنابی سەرۆک، ناوچەیەکی زۆر جوانە، کوردستان وڵاتێکی زۆر جوانە، بەڵام شتی گرنگتر لە وڵات، خاوەنەکانی وڵاتن، خەڵکەکەیەتی، خەڵکی کوردستان زۆر دڵنەرمن، زۆر رێزدارن، زۆر خۆشەویستن و لە خۆشحاڵکردنی میوانەکانیان بە بەخشندەیی و دڵنەرمییان سەرسام دەمێنی، زۆر خۆشحاڵم بەم سەردانەم، ئینشاڵڵا دووبارە دەبێتەوە.
 
رووداو: هیوادارم، کوردستان ماڵی تۆیە، وڵاتی تۆیە، بەڕێز جەمال سلێمان، کوردستان چۆن شوێنێکە بۆ فیلم، بۆ زنجیرە فیلم؟
 
جەمال سلێمان: بەڕاستی، ئەم شتە سەرنجی منی راکێشا، و بوێرییم کرد و ئەم بابەتەم لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی باس کرد، پێم گوت کە من دەبینم ئەم ناوچە جوگرافییە جوانە لە جیهان و ئەم خەڵکە بەخشندە و دڵخۆشییان، شایستەی ئەوەن ببن بە میوانداری بەرهەمەکانی سینەمای عەرەبی و جیهانی، هەروەها ئەوەی داوا دەکرێت، ئەوەیە کە کوردستانی عێراق بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و دەرگاکانی بکاتەوە و پێشوازی لە بەرهەمهێنەرانی تەلەڤیزیۆنی عەرەبی و جیهانی بکات، من لە مەغریب وێنەم گرتووە، چەند بەرهەمێک، لەوانە سەقر قورەیش، قورتوبە، ملوک الطوائف و دواترینیان دیکۆدرامایەک بەناوی شمشێرەکانی عەرەب، بەڕاستی برایانمان لە مەغریب، دەرگاکانیان لەم بوارەدا کردووەتەوە و بەهۆی ئاسانکاریی یاسایی و یاسای تایبەت، زۆر فیلمی جیهانی و دەرهێنەرە گەورەکان لە مەغریب وێنە دەگرن، وەکو گلادیاتۆر، ئەسکەندەری گەورە، واتە دەرهێنەرە گەورەکان و ستۆدیۆ گەورەکانی هۆڵیوود دەچن و دیزنی، وارنەر و فۆکس لە مەغریب وێنە دەگرن، سرووشتی کوردستان لە مەغریب جیاوازە، لە مەغریب بیابان هەیە و جوانییەکانی بیابانەکەی، ئەمە شتێکی زۆر جوانە، لە کوردستان سروشتێکی دیکەی هەیە، چیا و سەوزایی و بەفری زستان، واتە زۆر ناوچەی هەیە کە دەبنە ناوچەی سەرنجڕاکێش بۆ چاوی دەرهێنەرانی سینەمایی و تەلەڤیزیۆنی.
 
رووداو: دەمەوێت رۆژێک ببینم کە جەمال سلێمان لێرە، لە فیلمێکدا، لە زنجیرە فیلمێکیشدا بەشداری بکات یان خۆی ئامادەی بکات، با بێینە سەر درامای سووری، چۆن دەتوانێت فرەڕەنگیی سووریا پیشان بدات؟
 
جەمال سلێمان: بەڕاستی، لە ساڵانی رابردوودا ئەمە تاڕادەیەک لە سنوورێکدا روویدا، درامای سووریا لە سەرەتای ساڵانی شەستەکان لەگەڵ دەستپێکردنی تەلەڤیزیۆنی سووریا دەستی پێکرد، بەڵام زۆربەی بابەتەکان پەیوەست بوون بە شاری دیمەشق و گوندەکانی، دواتر لە ساڵانی حەفتاکان کەمێک لاواز بوو و دواتر لە نیوەی ساڵانی هەشتاکان گەشانەوەی خۆی بەدەستهێنایەوە، دراما لەو ساڵانەدا هەندێک بەرهەمی پێشکێش کرد کە تەنیا تایبەت نەبوون بە دیمەشق و تایبەتمەندییەکانی، بۆ نموونە ئێمە هەردوو بەشی زنجیرە فیلمی خان الحریر-مان لە حەلەب بەرهەمهێنا، خەڵکی سووریا و جیهانی عەرەبی بۆ یەکەمجار، بازاڕەکانی حەلەب و جوانییەکەیان ناسی، نەجدەت ئەنزور چەند بەرهەمێکی لە کەنارەکانی سووریا بەرهەمهێنا، وەکو فانتازیای مێژوویی کەواسر، جەواریح و هی دیکەش. ئێمە زنجیرە فیلمی سورەیا و عەکاش-مان لە عەفرین وێنە گرت و یەکەم جار بوو خەڵک ناوچە مێژووییەکانی عەفرینی ناسی، بەناوی (شارە لەبیرکراوەکان) ناسراون کە بوومەلەرزەی تێکەوتبوو، بەڵام ئەو ناوچە مێژووییە کەونار و زۆر گەورە بوون و خاوەن قورساییەکی جیهانییان لە کولتوور و مێژووی جیهاندا هەبوو، هەروەها زنجیرە فیلمی کۆچەران وەکو زنجیرە فیلمی فنجانی خوێن، ئەمە پێشکەوتنێک بوو، کەسانی مەسیحی، ئیسلامی، کەسانی کورد، عەرەب، کەسانی کەناراوەکانی سووریا، کەسانی باشوور لە حۆران، کەسانی سوەیدا، بەشداربوون؛ بۆ نموونە (خربە) زنجیرە فیلمێکە بە تەواوی لە سوەیدا گیراوە، هەروەها (ضیعة ضایعة) بە تەواوی لە ناوچەیەک لە باکووری رۆژئاوای سووریا لە نزیک سنووری تورکیا گیراوە، واتە درامای سووریا، ناوچە جیاوازەکانی سووریای بە وڵاتانی عەرەبی و زۆربەی سوورییەکان ناساند، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت زیاتریش بکات.
 
رووداو: بەڕێز جەمال، تۆ چوویت بۆ عەفرین، عەفرین جوان بوو؟ چۆن بوو عەفرین؟
 
جەمال سلێمان: بێگومان، نەک تەنیا سەردانم کرد، من سواری ئەسپی خۆم بووم و لە زنجیرە فیلمی سورەیا بە کەسایەتی عەکاش لە عەفرین لە گوندێکەوە دەچووم بۆ گوندێکی دیکە، ئەوە نزیکەی 4 یان 5 مانگ بوو، من هەموو ناوچەی عەفرینم بینی و خەڵکەکەیم ناسی، ژیانیانم بینی و خۆشترین زەیتیان لە جیهاندا پێشکێش بە من کرد، گەڕامەوە لای دایکم و چەند دەبەیەک زەیتم لەگەڵ بوو.
 
رووداو: بەڕاستی عەفرین بە زەیت و زەیتوونی خۆی بەنێوبانگە، عەکاشیش هەروەها لە عەفرین زۆر ناوی عەشا و حەنان و مەنان هەن.
 
جەمال سلێمان: بەڵێ، عەکاش وەکو دیارە خەڵکی کورد لە عەفرین ئەم ناوەیان خۆشدەوێت و منداڵەکانیان بەم ناوە ناودەنێن، ئەوان زۆر خۆشحاڵ بوون کە پاڵەوانێکیان بەم ناوە بینی، بەتایبەتی ئەو پاڵەوانێکی روون و بەڕێز و شۆڕشگێڕ بوو، رۆبن هودی بوو، زنجیرە فیلمەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، بەتایبەتی لەو ناوچانە.
 
رووداو: کورد زۆر تۆیان خۆشدەوێت کاک جەمال، یانی، نازانم.
 
جەمال سلێمان: منیش خۆشم دەوێن.
 
رووداو: بیزانی یان نەیزانی کورد زۆریان خۆشدەوێیت و هەموو زنجیرە فیلمەکانت بە خۆشەویستی سەیر دەکەن، حەزم کرد لەم چاوپێکەوتنەدا کەمێک باسی لایەنی سیاسیش بکەین. جەمال سلێمان هەم لە لایەنی هونەرییەوە ناسراوە، هەم لە لایەنی سیاسیشەوە زۆر ناسراوە، دەمەوێت بزانم، دوای ئەوەی کە ئەسەد رووخا و تۆ لە میسر بوویت، لە دەرەوەی وڵات بوویت، تۆ چوویت بۆ سووریا، سەردانت کرد، خەڵک زۆر پێشوازییان لێکردیت و بە خۆشەویستی پێشوازییان لێکردیت، دوای گەڕانەوەیەکی کورت بۆ میسر، تۆ لە سووریا نەمایتەوە، دەمەوێت ئەمە بزانم، بۆچی تۆ لە سووریا نەمایتەوە؟
 
جەمال سلێمان: زۆر خۆشحاڵ بووم کە دوای 13 ساڵ لە غەریبی سەردانی وڵاتەکەمم کرد، من دەمویست سەردانی سووریا بکەم، بەتایبەتی سووریای بێ رژێمی پێشوو، بێ بەشار ئەسەد، بێ دەزگاکانی، بێ زووڵمەکەی و بێ هەموو شتێک کە بەداخەوە لە سووریا روویدەدا، لە هەمان کاتدا، تاسەی من بۆ ئەو شوێنانەی کە تێیدا گەورە بووم، لە دیمەشق، لە پایتەخت، من لەوێ ژیام و گەورە بووم، هەموو ژیانم لەوێ بەسەربرد، چووم بۆ پەیمانگەی باڵای هونەرەکانی شانۆ، ئەوێم تەواو کرد، لەوێ ژنم هێنا، ژیانم لەوێ بەسەربرد و کوڕەکەمان محەممەد لە دیمەشق هاتە دنیا، ئەم شارە بۆ ئێمە واتای زۆر شت دەگەیێنێت، لە هەمان کاتدا، شۆک بووم و خەمبار بووم بەهۆی ئەو بارودۆخەی کە دیمەشق تێی کەوتبوو، بێگومان شارەکانی دیکەی سووریا کە نەمتوانی سەردانیان بکەم بەهۆی کردەوەکانی ئەم رژێمە و پێداگرتنی لەسەر ئەوەی کە قبووڵی هیچ چارەسەرێکی سیاسی دانوستاندن ناکات کە ببێتە هۆی چاکسازییەکی سیاسی بەرفراوان و گشتی لە وڵات و ئێمە لە هەموو ئەم قوربانیانە، خوێن و پارچەبوونانە دوور بخاتەوە، ژیان، پێویستی، داواکاری و زوڵمەکانی بەشە جیاوازەکانی گەلی سووریا تێبگات، و من لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەشێک بووم لەم پرۆسەیە، من بە ئەندازەی توانام وەک سووریەک ئەرکی خۆم بەجێ هێناوە، بەڵام ئێوە لە میدیادا پێی دەڵێن کاری سیاسی، من هەمیشە پێی دەڵێم کاری نیشتمانی، چونکە من وەکو ئەرکی ئێمەی سووریەکان دەیبینم، هەر کەسێک لە شوێنی خۆیدا، بێگومان لە چوارچێوەی دەرفەتەکانیدا، قەدەر ویستی و مەرجەکان ویستیان کە من لەم کارەدا بەشدار بم، چ لە رێگای پرۆسەی دانوستاندن، چ لە رێگای لیژنەی دەستووری کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراوە، تاکو گۆڕانکاری بە رێگای بەڵگەنامەیەکی دەستووری پێک بێت کە شێوەی سووریای کە داهاتوومان دەوێت دڵنیا بکاتەوە، بەڵام دوای سەردانەکە گەڕامەوە قاهیرە، چونکە خێزانەکەم، کارەکەم لەوێن و کوڕەکەم هێشتا لە قوتابخانەیە، هێشتا مەرجەکانی ژیان لە دیمەشق بۆ ئێمە گونجاو نین، چونکە لە ساڵی ٢٠١٢ ماڵەکەم لە دیمەشق لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە رووخێنرا و تاڵان کرا، واتە ئێستا خانوویەکم لە دیمەشق نییە، بەڵام بێگومان هیوادارم خانوویەکم لە دیمەشق هەبێت و هیوادارم لە زووترین کاتدا بێت، ئینشاڵڵا.
 
رووداو: سووریا بەرەو کوێ دەچێت؟ کاک جەمال، داهاتووی سووریا لە کوێیە؟ بە بۆچوونی تۆ، بۆ نموونە دەستوورێک ئامادە کراوە، دەستوورێک دەڵێن "موئەقەتە" بەڵام بە کەمی پێنج ساڵ درێژ دەبێتەوە، کورد لەو دەستوورە رازی نین، کورد دەڵێن مافەکانمان لەو دەستوورەدا نین، دورزی رازی نین، بەشێک لە سوننەکان کە دەستووری نوێی سووریایان ئامادە کردووە، رازی نین، بەڵام دیسان سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع قبوڵی کرد، ئەو دەستوورەی واژۆ کرد، بە بۆچوونی تۆ، داهاتووی سووریا لە کوێیە؟
 
جەمال سلێمان: بەڕاستی، ئێستا لە سووریا زۆر دەنگۆ هەیە، هەندێک سیناریۆی جیاواز هەن، هەندێکیان دەگەنە ئاستی خەیاڵی، هەندێکیش نزیکن لە راستی، بەڵام بۆ ئێمەی سووریەکان، ئەمە دەرفەتی راستەقینەی ئێمەیە، لەوانەیە دوا دەرفەت بێت بۆ پاراستنی سووریا، بۆیە ئێمە هەموو یەکگرتووین، لەگەڵ برایانی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، من زۆر ئەرێنی دەبینم کە بەشداری پرۆژەی سووریای داهاتوو و نوێ ببن، لەوانەیە ئەو بەڵگەنامەیەی لە نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و سەرۆکی کۆمار ئەحمەد شەرع واژۆ کراوە، بەڵگەنامەیەکی باش و بنەڕەتی بێت، لە چوارچێوەی گشتیدا بۆ سووریایەک کە ئێمە هیوای بۆ دەخوازین، سووریایەک کە هەموو پێکهاتەکانی قبوڵ بکات و سووریایەک کە لەسەر بیرۆکەکانی لێکتێگەیشتن و بەشداریکردن لە دروستکردنی سووریای داهاتوو دابمەزرێت، من بە قسەکانی سەرۆک ئەحمەد شەرع باوەڕم هەیە لە هەموو چاوپێکەوتن و وتارەکانیدا، چونکە ئەوان نیشانەی ئەرێنی دەدەن بۆ داهاتوو، ئەو شتانەی روو دەدەن هەندێک جار گومانن، هەندێک پێشێلکاری و هەندێک شت بێگومان دەکەونە ناکۆکییەکی توندەوە لەگەڵ بۆچوونی سەرۆککۆمار، و ئەم بابەتە پێویستی بە لەسەروەستانێکی  ورد هەیە سەبارەت بە راگەیاندنی دەستوور، بێگومان هەموومان هیوامان دەخواست کە ناوەڕۆکی راگەیاندنی دەستووری زیاتر لەگەڵ ئەو مۆسیقایە بگونجێت کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، نەک تەنها بابەتەکە بە برایانی کوردەوە بەستراوەتەوە، ئەمە بابەتی هەموومانە وەک سووری، و لەناویدا برایانی کوردیش وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای سووری، تا ئێمە ئەم شەڕە رەگەزی، مەزهەبی، ئایینی یان هەرێمییە تێپەڕێنین، چونکە بەڕاستی ساڵانی شەڕی درێژ و ساڵانی زوڵمی درێژ چیرۆکی ناکۆک لە دڵ و مێشکی پێکهاتە جیاوازەکاندا دروست کردووە، ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە هیوادارین بتوانین تێیپەڕێنین و بتوانین ئەم داهاتووە هاوبەشە دروست بکەین، سووریای ئەمڕۆ پێویستی بە بیرۆکەیەکی لێکتێگەیشتنی نیشتمانیی هەیە، چونکە ئەمە شتێکی بنەڕەتییە، من داوای لێبوردن دەکەم ئەگەر لە وەڵامدا درێژم کردبێت، بەڵام لە چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی باسی ئەم بابەتە کرا دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن، خۆیشی. سەرۆک بە هەستیارییەوە قسەی کرد و قسەیەکی ئیلهامبەخش بوو کە باسی تۆڵەنەکردنەوەی کرد ، هەندێک کورد لە هێزەکانی سەدام حسێن دا هەبوونە و لەگەڵ دەزگاکانی ئەمنی سەددام بوون کە زوڵم و کوشتنیان لە دژی گەلی کورد دەکرد، کاتێک رژێمی سەددام حوسێن رووخا، سەرۆک مەسعود بارزانی ویستی تۆڵەسەندنەوە روونەدات، یەکەم شت کە کردی لەسەر لێکتێگەیشتن بوو، ئەمە پێشنیارێکی زۆر گەورەیە هەتا لە کۆتاییدا من شەڕم بردەوە، ئەگەر ماف جێبەجێ کرابێت و دادپەروەری جێبەجێ کرابێت، ئەوانی دیکە وردەکارین، هیوادارم شتێکی لەم چەشنە روو بدات ئێمە دەتوانین لە سووریا تێیبگەین، بێگومان ئێمە پێویستمان بە دادپەروەری گۆڕانکاری هەیە بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران و بکوژان، چونکە ئەو تاوانانەی لە سووریا کراون زۆر گەورەن، بەڵام ئەمە بەس نییە، دەبێت لێکتێگەیشتنێکی نیشتمانیش هەبێت.
 
رووداو: با بێینە سەر کوردان، تۆ باسی کوردانت کرد لەم چاوپێکەوتنەدا، بێگومان، دەمەوێت بەشێکی گرنگ بدەم بەم بابەتە، تۆش دەزانیت، واتە کورد پێکهاتەیەکی سەرەکین لە سووریا دوای عەرەب، بەڵام لە هەموو رژێمەکانی سووریادا کورد هەمیشە لە مافەکانیان بێبەش بوون، بێبەش کراون، بۆ نموونە، ئەو زمانەی کە من ئێستا قسەی پێدەکەم، لە سووریا لە قوتابخانەکان قەدەخە بوو، کتێب قەدەخە بوون، هەموو شت قەدەغە بوون، ناوە کوردییەکان قەدەخە بوون، بەڕێز جەمال سلێمان، دەستوورێک ئامادە کراوە، "کۆماری عەرەبی سووریا"، ناوی عەرەبیان لەسەر داناوە، کورد دەڵێن، "ئێمە عەرەب نین، ئێمە کوردین"، واتە ئێمە و عەرەب برا و دۆست و دراوسێین، بەڵام ئێمە کوردین، ئێمە نامانەوێت ناوی عەرەبی لەسەر کۆمارێک بێت، وڵاتێک کە ئێمە تێیدا دەژین، تۆ مانەوەی ناوی عەرەبی چۆن دەبینیت لەسەر کۆماری سووریا؟
 
جەمال سلێمان: بەڕاستی، ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە هەموو کۆنفرانسەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە من بەشدار بووم، بووەتە جێی گفتوگۆ، وەک ئێوە دەزانن، لە کۆنفرانسی قاهیرە کە یەکەم خولی لە کانوونی دووەمی 2015 و دواتر لە حوزەیرانی 2015 بەڕێوەچوو، لایەنە سیاسییەکانی کورد پێکهاتەیەکی بنەڕەتی بوون لەم کۆنفرانسانەدا، بەڕاستی، یەکێک لەو شتانەی کە پێشنیاز کران، پرسی زمان و پرسی ناوی وڵات بوو، من لە لایەنگرانی ئەوەم کە دەبێت دەستوورێکمان هەبێت کە زمانی کوردی لە سووریا ببێتە زمانی دووەمی فەرمی، پێکهاتەی کورد هەیە و لەمەدا هیچ شتێکی خراپ نییە، بە لانی کەمەوە لەو ناوچانەی کە کورد تیدا زۆرینەن، دەبێت زمانی کوردی دان پێدا بنرێت و من باوەڕ ناکەم کە دەبێت ئێمە لەمە بترسین، واتە کێشە لەمەدا چییە؟ و بێگومان من حەز دەکەم قوتابخانەی کوردی هەبێت بۆ کوردەکانمان کە دەیانەوێت منداڵەکانیان بنێرن بۆ ئەم قوتابخانانە، دەبێت ئەم بژاردەیان هەبێت، من خۆم زۆر خۆشحاڵ دەبم کە لە هەفتەیەکی کولتووری سووری لە هەر شارۆچکەیەکی ئەوروپی یان عەرەبی، گوێ لە شاعیرێکی کوردی سووری یان گۆرانیبێژێکی کورد یان مۆسیقایەکی کوردی بگرم، من ئەم کارەم کردووە، بە شێوەیەک، ئێمە لە پەراوێزی کۆنفرانسی برۆکسل، نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر ئاهەنگێکمان سازدا و لە نێو ئەو شتانەی کە گرووپی مۆسیقای سووری لێیدا، مۆسیقای کوردی و گۆرانی کوردیش هەبوون، هۆڵی ئاهەنگەکە پڕ بوو، ئەگەرچی زۆربەی ئامادەبووان عەرەبی سووری بوون، کورد نەبوون، بەڵام ئەوان زۆر خۆشحاڵ بوون.
 
رووداو: ناوی عەرەبی، بەڕێز جەمال سلێمان؟
 
جەمال سلێمان: سەبارەت بە ناوی وڵاتیش، ئەمە یەکێک بوو لەو بابەتانەی کە لە ناو ئۆپۆزیسیۆندا گفتوگۆی لەسەر کرا، لەبەر ئەمە، زۆر پێشنیار هەبوون، یەکەم، ئەگەر ئێمە وەک لە سەرەتادا لە دەستووری ساڵی 1920 ناونرا، ناوی کۆماری سووریای لێ بنێین، کێشەمان چییە؟ وەک سوڵتاننشینی عومان، دەوڵەتی لوبنان، دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتی مەغریب، جەزائیر، ئەمانە هەموو دەوڵەتەکانی عەرەبین و لە کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی باسی وشەی عەرەبی ناکرێت، مۆدێلێکی دیکەمان هەیە، وەک کۆماری عەرەبی میسر کە میسری بەرەو عەرەبی راکێشا، لەبەر ئەمە، لە هەندێک لەو پێشنیارانەی کە کران، ناوی کۆماری عەرەبی سووریا یان کۆماری سووریای عەرەبی هەبوو، مەبەستم ئەوەیە کە نزیکبوونەوە و بیرۆکەی لەم شێوەیە هەن و لەوانەیە ناوی بکرێت بە کۆماری سووریا، ئەم قسەیە پێویستی بە گفتوگۆیەکی برایانەی قووڵە لە کەشێکی متمانەی هاوبەشدا ، تا بتوانین بگەینە چارەسەرێک لەم بوارەدا.
 
رووداو: کورد لامەرکەزی دەوێت، ئۆتۆنۆمی دەوێت، فیدراڵی دەوێت، من چاوپێکەوتنێکم گوێ لێ گرت و دەڵێیت سیستەمی باشترین بۆ سووریا لامەرکەزییە، واتە ناوەندی نییە، دەبێت داوای کوردان چۆن ببینیت؟ ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی، لامەرکەزی، بەڕێوەبەرییەکی خۆبەخۆ وەک ئەوەی ئێستا هەیە؟ بۆچوونی تۆ چییە؟
 
جەمال سلێمان: هەروەها ئەمە یەکێک بوو لە گفتوگۆ گەورەکان و من لەم گفتوگۆ و کۆنفرانسانە زۆر فێر بووم، بەتایبەتی داواکاری برایانی کورد و لە هەمان کاتدا ناڕەزایی پێکهاتەی عەرەبی لە سووریا، لە بارەی فیدراڵی و نافیدراڵی، لامەرکەزی سیاسی و لامەرکەزی ئیداری فێر بووم، من باوەڕ دەکەم کە لە کۆنفرانسی قاهیرە چارەسەری ناکۆکییەکان دۆزرایەوە و ئێمە گەیشتینە چارەسەرێک کە لامەرکەزییەکی دیموکراتی ه ەبێت. نەک بە واتای لامەرکەزییەکی سیاسی وەک فیدراڵیی بێت، و نەوەکو لامەرکەزییەکی ئیداری بێت واتا دەسەڵاتەکانی سنوورداربن و لاواز بێت و ناوەند لە هەر ساتێکدا بتوانێت پێچەوانەی ئەم دەسەڵاتانە بکاتەوە دەسەڵاتەکان بستێنێتەوە، بۆیە دەبێت بگەینە سیستەمێکی سیاسی لامەرکەزی، بەڵام ئەم سیستەمە سیاسییە لامەرکەزییە دەبێت نە سەرکەوتنی لایەنێک بێت بەسەر لایەنێکی دیکەدا و لە هەمان کاتدا هەستی ئارامی لە ناو هەمووان دروست دەکات و ئێمە پێکەوە لە سووریا بمێنینەوە، سووریا یەکگرتوو دەمێنێتەوە و داهاتوومان هاوبەشە، لەبەر ئەمە دەکرێت مرۆڤ بگاتە چوارچێوەکە و ئەمە نە پێداویستییەکی کوردییە، لامەرکەزی تەنیا پێداویستییەکی کوردی نییە، بەڵکو پێداویستییەکی سوورییە، چونکە پێداویستییەکانی لە نێوان هەرێم و شارەکانی سووریا ئێستا بە ئەنجامی شەڕ زۆر جیاوازن.
 
رووداو: بەڵام بەڕیز جەمال سلێمان،کورد چۆن دەتوانن خۆیان بە خاوەن ماف ببینن لەوێ؟ کورد دەترسن، واتە سەیر بکەن، هەموو رژێمەکانی پێشوو ترساندوویانن، زیندانیان کردوون، زمان قەدەغە بووە، کولتوور قەدەغە بووە، قوتابخانە نەبووە، نەوت نەبووە، زەوی کوردان بەسەر عەرەب دابەش کراوە، واتە،،، ژمارەیەکی زۆری کورد هەن لە سووریا، ناسنامەیان نییە، ئەوان کەسانی بێناو نین - لە سووریا کەسانی بێناو نین، چ مافێک دەتوانرێت بدرێت بە کورد کە بەڕاستی خۆیان لە ئارامیدا ببینن لە سووریا؟
 
جەمال سلێمان: ئەمە ئەو شتەیە کە من دەیڵێم، کاتێک کە پێکهاتەی کوردی لە دەستووردا دان پێدا بنرێت، کاتێک کە زمانەکەتان وەک زمانێکی فەرمی لە وڵات دان پێدا بنرێت، بە کەمی دوو زمانی فەرمی لەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن، و کاتێک کە لامەرکەزییەکی بەرفراوان هەبێت کە دانیشتوانی خۆجێیی خاوەن دەسەڵات بن، سەرچاوە و توانای بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان و دەربڕینی کێشەکانیان و شێوازی چارەسەرکردنیان هەبێت، من باوەڕ دەکەم کە لێرەدا توخمی پەیوەندی بەهێزتر دەبێت و بە خۆشەویستی دەبێت، نە ناچاری و نە بە زۆر.
 
رووداو: هەر سووریەکی وەک تۆ بیری بکردایە، زۆر باش دەبوو بۆ کوردان بەڕاستی، واتە بە کەمی ئەو کاتە کورد دڵنیا دەبوون کە بەڕاستی دەتوانن لەو وڵاتە بژین وەک میللەت، دەچیت سەردانی قامیشلۆ بکەیت؟
 
جەمال سلێمان: هیوادارم سەردانی قامیشلۆ بکەم، لە منداڵیمدا بیرەوەرییەکانی زۆر سەرنجڕاکێش و جوانم لە ناوچەکە هەیە، باوکم لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە دامەزراوەی دانەوێڵە شۆفێری لۆری بوو، بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانی گەنم لە جەزیرە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە راسپێردرابوو، کاتێک من منداڵ بووم و تەمەنم لە ١٢ ساڵ تێنەپەڕنەکردبوو، ئێمە لە گرێ سپی نیشتەجێ بووین، باوکم لە ژنێکی کوردی بەتەمەن بە ناوی ئوم یەحیا خانوویەکی بە کرێ گرتبوو، ئوم یەحیا جلی کوردی لەبەر دەکرد و خاوەن کەسایەتییەکی بەهێز بوو، ئەو لە بیرەوەرییەکانی منداڵیمدایە، چەند منداڵێکی هەبوون و چەند سەرمەڕێکیشی هەبوو، ماشاڵڵا، کاتێک مەڕەکان دەردەچوونە دەرەوە، ئەو وەک خانمێکی بە شکۆ دەردەکەوت، بەڵام لە دڵنەرمیدا زۆر گەورە بوو، دایکم، کە خانمێکی دیمەشقی بوو و هیچ بۆچوونێکی لەسەر ناوچەکە نەبوو، لەوانەیە ناوچەکە بۆ ئەو سەخت بووبێت، لەبەر ئەمە ئەو زۆر دڵنەرم بوو لەگەڵی، لەبیرم ناچێت کە ئەو هەموو رۆژێک سەتڵێک شیری بۆ ئێمە دەنارد و تێیدا گرێیەکی رۆنی سپی لەسەر رووی شیرەکە بوو، بیرەوەریی زۆر خۆش بوون، من لەگەڵ باوکم چووم بۆ قامیشلۆ، سەردانی رووباری خابوور و عەین عەرووسمان کرد، زۆری نەمابوو لە رووباری عەین عەرووسدا بخنکێم، بیرەوەرییەکانی زۆر خۆشم لەو ناوچەیە هەیە، بێگومان من شانازی دەکەم و خۆشحاڵم کە سەردانی بکەم، چونکە بەشێکی خۆشەویستیی سووریایە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ دیمەنەکەی کە بۆ هەر چاوپێکەوتنێک کەمێک دروستت کردووە، بەڵام من سەلاحەدینی ئەیوبی دەبینم، سەلاحەدینی ئەیوبی کورد بوو، تۆش بە سەلاحەدینی ئەیوبی ناسراویت، تۆ سەرۆک بارزانیشت بینی، دەمویست دەربارەی کەسایەتی سەرۆک بارزانیش بپرسم، کەسایەتییەکی چۆنە؟
 
جەمال سلێمان: سەرەتا، کەسایەتییەکی زۆر خۆشەویست و زۆر دڵنەرم، زۆر سادە و زۆر روونە، بەڕاستی من بە بینینی خۆشحاڵ بووم، چاوپێکەوتنی ئیلهامبەخش بوو و قسەکردنی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان ب دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن سەرنجراکێش بوون، بەڕاستی قسەکردنی ئیلهامبەخش بوو و بە گەرمی پێشوازی لێ کردین، لە ئامادەبوونیدا هەست ناکەیت کە تۆ لە ئامادەبوونی کەسایەتییەکی ئاوا گەورەدایت، رەسەن و زۆر قووڵدایت، لەبەر ئەمە ئەو هیچ کات هەست پێ ناکات کە تۆ لە چاوپێکەوتنێکی فەرمیدایت و تۆ لەگەڵ سەرۆکێکی سیاسی گەورە چاوپێکەوتن دەکەیت، لەودا سادەیی و خۆشییەک هەبوو، من لەگەڵ کۆمەڵێک نووسەر و رۆژنامەنووس بووم کە هەمان بۆچوونیان لەسەر جەنابی سەرۆک هەبوو، خودا تەمەنی درێژ بکات و خەونەکانی بهێنێتە دی، هێشتا چاوەکانی لەسەر کوردستان و عێراقن و زۆر لەسەر سووریا قسەی کرد، ئەو حەزی لە سووریایە و رێز لە سووریا دەگرێت و لە خەمی سووریادایە، هەستم کرد ئەو راست و دڵسۆزە، تەنانەت لە بریسکەی چاوەکانی دیاربوو کاتێک باسی سووریای دەکرد.
 
رووداو: خۆشحاڵ بووم کە تۆ میوانی من بوویت بەڕاستی، و ئەم چاوپێکەوتنە زۆر خۆشەویست دەبێت، قسەکانت زۆر باش بوون، پرسیارێک هەیە کە دەمویست لێت بپرسم بەڵام نەمپرسی.
 
جەمال سلێمان: نا شتێک نییە، ئەو پرسیارانەی کە هیوادار بووم تۆ پرسیار نەکەیت تۆ پرسیارت کردن،،، چونکە ماوەیەکە، من هەوڵ دەدەم باسی سیاسەت نەکەم، چونکە وا دەردەکەوت کە من خۆم وەک کەسایەتییەکی سیاسی نیشان دەدەم، لە سەرەتادا من هونەرمەندم و شانازی دەکەم کە هونەرمەند جەمال سلێمانم و من بابەتەکە لە چوارچێوەی ئەرێنی و نیشتمانیدا دەبینم و سووریا دەتوانێت ببێت بە وڵاتێکی گەورە، هەندێک جار بە هەڵە تێدەگەن، من هەوڵ دەدەم قسەکردن لەسەر سیاسەت کەم بکەمەوە، بەڵام ئەمڕۆ تۆ ناچارت کردم و من بەم ناچارییە خۆشحاڵم، خەمت نەبێت.
 
رووداو: بەڕاستی، ئێمەش کوردانی رۆژاوای کوردستان خۆشحاڵین، شانازی دەکەین کە دۆستێکی وەک تۆمان هەیە، زۆر سوپاس بۆ ئەکتەری سینەما و کەسایەتی ناوداری سووری، جەمال سلێمان کە میوانی من بوو، بینەرانی بەڕێز، ماڵتان ئاوا بێت کە سەیرتان کرد، تا جارێکی تر، لە خۆشیدا بمێنن، بە خوای ئەسپاردن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە