رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک لە شاری کەرکووک راگەیاند، کە دوو رۆژ پێشتر تەرمەکەی بە سەربڕدراوی دۆزرایەوە.
عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ پێنچ شەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، تیمەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی کەرکووک دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد، کە ژنێکیان لە شوقەکانی گەڕەکی حوسێن کوشتبوو، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لە ماوەی 48 کاژێردا بوو."
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکە، عەقید عامر شوانی گوتی، "بکوژەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ماتۆرسکیل رۆشتوونە بۆ ماڵی قوربانییەکە و خۆی تاوانەکەی ئەنجامداوە و ژنەکەی سەربڕیوە و گوتوویەتی، "پێشتر پەیوەندیی لەگەڵ کوژراوەکە هەبووە و بەهۆی ئەوەی بەردەوام داوای پارەی لێکردووە، هەستاوە بە کوشتنی."
عەقید عامر گوتی، پێشتریش تاوانبارەکە هەوڵی کوشتنی ژنەکەی دابوو، تێزابی کردبوو بەسەر قوربانییەکەدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، ژنە کوژراوەکە ناوی (ئیمان عەبدولکەریم محەممەد)ـە، خەڵکی موسڵە و دایکی پێنج منداڵە، بکوژ و کوژراوەکە دراوسێی یەکدی بوون لە گەڕەکی حوسێنی نزیک قەسابخانە لە کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ