رووداو - هەولێر
لە شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و چەندین بەرپرسی دیکەی حیزبی و حکومی یادی 13 ساڵەی تەقینەوەکانی هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی لە شاری هەولێر کرایەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا تاجە گوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوبات لەنێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان داندرا، لە تەقینەوەکانی یەکی شوباتدا 101 کەس شەهیدبوون و 246 کەسی دیکەش برینداربوون.
لەو رۆژەدا وەک نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی، دانیشتووانی شاری هەولێر بەمەبەستی پیرۆزبایکردن سەردانی ئەو بارەگایە حیزبیانەیان دەکرد، خۆکوژەکانیش سوودیان لەو دەرفەتەوە وەرگرتبوو، هاوشانی خەڵکەکە توانیبوویان بچنە ژوورەوە و خۆیان تەقاندەوە.
لە ساڵڕۆژی ئەو رووداوەدا لەنێو پارکی سامی عەبدولڕەحمان و لەبەردەم مۆنۆمێنتی شەهیدانی یەکی شوباتدا کەسوکاری قوربانیان و بەرپرسانی سیاسی و نوێنەری بەشێک لە کونسوڵخانەکانی جیهان لە هەولێر، تاجە گوڵینەیان لەسەر گۆڕی شەهیدان دانا.
یادەکەی ئەمساڵ لەلایەن وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستانەوە رێکخرابوو، بەگوتەی بەرپرسێکی ئەو وەزارەتەش ئەمساڵ ویستویانە یادەکە بە شێوازێکی جیاواز بکەنەوە.
شەهیدانی یەکی شوبات ئەندام و لایەنگری یەکێتی و پارتی بوون، بەرپرسانی ئەو دوو حیزبەش دەڵێن، وەک چۆن خۆیان بە خاوەنی شەهیدەکان دەزانن، بەهەمانشێوەش خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر بە سەلامەتی و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش.
فازیل میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی یەکی شوبات دادەنوێنین، ئێمە لەگەڵ یەکێتی بەیەکەوە هاتووین بۆ ئێرە، چونکە پارتی و یەکێتی هەست بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر شەهیدەکانیان دەکەن".
دایکی یەکێک لە شەهیدەکانی یەکی شوبات دەڵێت، پارتی و یەکێتی هەر یەکن و قسەی خەڵکی دیکە لەسەر پەیوەندی نیوان ئەو دوو حیزبە بایەخی نییە.
یادکردنەوەی ئەمساڵی تەقینەوەکانی یەکی شوبات لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکی هەیە لە شەڕی جیهانی لە دژی داعش و گرووپە تووندڕەوەکانی دیکە و تواندراوە مەترسی داعش بە رادەیەکی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان دووربخریتەوە، بەڵام مەترسییەکانی ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشی لەو جۆرە هێشتا بەتەواوی بنبڕنەبووە.
داڕشتنەوە: راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ