رۆژنامەفرۆشانی هەولێر دەڵێن شوێنەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و دەخرێتە زیادکردنی ئاشکرا

26-09-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەفرۆشانی نێو شاری هەولێر دەڵێن سەرۆکایەتیی شارەوانی بەنیازە شوێنەکانیان لێوەربگرێتەوە، کە زیاتر لە 30 ساڵ دەبێت کاری تێدا دەکەن. 
 
شارەوانی بەنیازە ئەو شوێنانە بە زیادکردنی ئاشکرا بە کرێ بدات، یەکێک لە رۆژنامەفرۆشانیش دەڵێت "رۆژی 1-10-2023 زیادکردنەکە دەکرێت." سەرۆکی شارەوانی یەکیش دەڵێت هیچ کەسێک لە شوێنی خۆی دەرناکرێت و شوێنەکانیان بەکرێ پێدەدرێتەوە، بەڵام هێشتا رێوشوێنەکانی ماون."
 
رۆژی سێشەممە، 26-9-2023، رۆژنامەفرۆشانی شاری هەولێر راگەیێندراوێکیان لەبارەی وەرگرتنەوەی کۆشکەکانیان و بەکرێدانەوەیان بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێن "زیاتر لە 30 ساڵە لە شاری قەڵا و منارەی پایتەختدا خزمەت دەکەین، خزمەتکردنی ئەو شارەمان لە رووی (رۆژنامە و گۆڤار و کتێب) لە ئەستۆ گرتووە. ئێستا شارەوانی ئەو ئەرکەمان پێ رەوا نابینێت و دەیەوێت ئەو کۆشکانەمان لێوەرگرێتەوە و شوێنەکانمان بەکرێ بدات."
 
لەو راگەیێندراوەدا کە ئاراستەی وەزیری شارەوانییان کردووە، داوای لێدەکەن بێتە سەرهێڵ و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکات و، قسە و هەڵوێستی راشکاوانەی لەسەر ئەو بابەتە هەبێت.
 
لەنێو بازاڕی شاری هەولێر هەشت کۆشکی فرۆشتنی رۆژنامە و کتێب و بڵاوکراوەکان هەن، پێشتر ئەو شوێنانە شوێنی لەبارنەبوون، بەڵام دواتر کران بە کۆشک، مانگانە بڕی 100 دۆلاریان وەکو کرێ لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە لێ وەردەگیرێت، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا پێیان راگەیێندراوە کاری ئەوان دەکەوێتە لای شارەوانی.
 
ئاشتی شێرکۆ، خاوەنی یەکێک لە کۆشکەکانی رۆژنامەفرۆشی لە شاری هەولێر، رۆژی سێشەممە، 26-9-2023، بەتۆڕی میدیای رووداوی گوت:"ئێمە نووسراوەکەمان لەلایەن کە لەلایەن سەرۆکی شارەوانیی هەولێرەوە واژۆکراوە و زیادکردنی ئاشکراکە رۆژی 1-10-2023 دەکرێت."
 
بەپێی نووسراوێکی شارەوانیی هەولێر، کە لەلایەن سەرۆکی شارەوانییەوە لە رۆژی 29ـی ئابی 2023 واژۆکراوە، تێیدا هاتووە "لیژنەی یەکەمی فرۆشتن و بەکرێدانی سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر هەڵدەستێت بە بەکرێدانی ئەو شوێنانەی لە خشتەی خوارەوە هاتووە لە رێگەی زیادکردنی ئاشکرا و بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2021."، لە پەراوێزدا رۆژی یەکشەممە بۆ زیادکردنەکە دیاریکردووە کە دەکاتە رۆژی 1-10-2023.  
 
ئەو شوێنانەی لە خشتەکەدا دیاریکراون چەند شوێنێکن، لەوانە کۆشکی رۆژنامەفرۆشانی نێو شاری هەولێر، کابینەکانی خانووبەرە لە گەڕەکی هەڤاڵان، لەگەڵ ژمارەیەک دووکان، موڵک و زەوی کە بەکرێدانیان بۆ ماوەی چوار ساڵ دەبێت.
 
تریفە نەجات، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک لە شاری هەولێر کە کۆشکەکان دەکەونە سنووری شارەوانییەکەی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-9-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو بابەتە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردن و رێوشوێنی ماوە، بەڵام ئەو رۆژنامەفرۆشانە لە شوێنی خۆیان دەرناکرێن، بەڵکو لە چوارچێوەی رێکخستنی نێو شار، رێکدەخرێنەوە."
 
بڕیارە ئەمڕۆ نوێنەرانی رۆژنامەفرۆشانی شاری هەولێر بۆ ئەو مەبەستە سەردانی شارەوانیی هەولێر بکەن و لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی کۆببنەوە و داوایان لێبکەن لەو رێوشوێنانە دەربهێندرێن و لە شوێنەکانیان دەرنەکرێن.

 

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەنجێک لە عەلوەی سلێمانی خەریکی کارکردنە

عەلوەی سلێمانی: بەهۆی گرانیی کارەباوە رۆژانە 3 بۆ 4 تۆن سەوزە و میوە فڕێ دەدەین

بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی گرانیی نرخی کارەباوە ناتوانن ساردکەرەوەکان کارپێبکەن، بەو هۆیەشەوە رۆژانە سێ بۆ چوار تۆن سەوزە و میوەیان خراپ دەبێت و فڕێی دەدەن