رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارێزگای سەلاحەددین، داوای پۆستی جێگری پارێزگاری سەلاحەددین و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی ئەو پارێزگایە دەکات.
رۆژی پێنجشەممە،01ـی شوباتی 2024، یاسین محەممەد عەلی جومعە، تاکە نوێنەری کورد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی رێککەوتنی لەگەڵ لیستی پارتی جەماوەریی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد جبووری "ئەبو مازن" هەیە، کۆمەڵێک داواکاریی پێشکێشکردووە. رێککەوتنەکەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کوردی پارێزگاکەیە و بۆ وەرگرتنی شایستەی خۆیانە.
نوێنەرەکەی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین دەڵێت، لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان گفتوگۆی سەرەتایی هەیە و لە دانوستاندن داوای پۆستی ئیداریان کردووە لە حکومەتی سەلاحەددین، مافی خۆیانە پۆستی جێگری یەکەم، یان دووەمی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتییان هەبێت.
یاسین محەممەدعەلی گوتی، "ئەگەر پۆستی جێگری پارێزگاریش نەبێت، ئەوا دوو بۆ سێ پۆستی بەڕێوەری گشتی هەن لە سەلاحەددین گرنگن وەک وەبەرهێنان، پەروەردە و تەندروستی، ئەمانە خزمەتگوزاریی بە دانیشتووان دەگەیێنێت، بەرژەوەندی گشتییە و سوودی بۆ کورد دەبێت لەگەڵ ژمارەیەک پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی".
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەددین لە 15 ئەندام پێکهاتووە، تەنیا یەک ئەندامی کوردە ئەویش یاسین محەممەد عەلی جومعەیە و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ