خێزانه‌ گه‌وره‌كه‌ی خالیدی خوله‌سوور بۆ رووداو ده‌دوێت

01-04-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن خالیدی خولە سوور
A+ A-

رووداو - سلێمانی


لە ماوەی 35 ساڵی ژیانی هاوسەریدا 6 ژنی بەسەر هێناوە، بەڵام دوای نەمانیشی تاقە گلەییەكی لە دەم نایەتە دەرەوە. ژنی گەورەی خالیدی خولە سوور دەڵێ “هەموو ئەو ژنانەی كە خالید هێناونی خۆم چوومەتە داوایان”.


گوڵە عەلی، 58 ساڵ، كە لە خالیدی خولەسوور نۆ منداڵی هەیە، باسی لە پەیوەندی خۆی و مێردەكەی كرد و گوتی “هیچ كێشەیەكم لەگەڵ خالید نەبووە، پیاوێكی زۆر باش بوو، هەمیشە لەگەڵیدا بووم لە شاخ و لە بەندیخانەش، پیاوێكی راستبوو لەگەڵ منداڵ و ژنەكانیدا”.



ژنە گەورەكەی خالیدی خولەسوور كوشتنی مێردەكەی بە كارەساتێكی گەورە ناودەبات و دەڵێ “ئەوەی ئێمەی سەرسام كردووە ئەوەبوو، كە مێردەكەم دوژمندار نەبوو، ناشزانین بۆچی كوژرا، چاوەڕێین بكوژی مێردەكەم بە زووترین كات بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێ”.

خالیدی خولەسوور، كە سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە بوو، رۆژی 23/2/2013 لەلایەن كەسێكی نەناسراوەوە لە نزیك ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی تەقەی لێكرا و كوژرا.

  خالیدی خولەسوور حەوت ژنی هێناوە، لەو حەوت ژنە 40 كوڕ و 20 كچی هەبوو كە هەر هەموویان لە یەك خانوودا دەژین.


خالیدی خولە سوور، كە پێشتر لە شاخ بوو، دواتر تەسلیمی رژێمی بەعس بووەوە و پاشان بووە بەرپرسی مەفرەزەی تایبەت، كە لە سەردەمی رژێمی بەعس هەبوو. لەگەڵ دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش چووە پاڵ ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام كەسوكارەكەی دەڵێن كوشتنەكەی هیچ پەیوەندی بە كاری سیاسییەوە نەبووە.

گوڵە عەلی دەڵێ بەهۆی ئەوەی مێردەكەی سەرۆك عەشیرەتی غەوارە بووە، زۆر كەس رقیان لێی بووە “بۆیە هەمیشە ترسمان هەبوو، بەردەوامیش پێمدەگوت ئاگاداری خۆت بە، بەڵام هەرگیز نەیدەهێشت كێشەكانی دەرەوە كاریگەری لەسەر خێزانەكەی دروستبكات و شیرازەی تێكبدات”. 

شاهۆ خالید، 32 ساڵ، كە دوای كوژرانی باوكی لەلایەن ریشسپیان و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەكەیەوە بە سەرۆكی عەشیرەتی غەوارە دەستنیشانكرا، بە (رووداو)ی گوت “بە متمانەوە كارەكانی باوكم لە دوای خۆی تەواو دەكەم و هەوڵیش دەدەم لەو باشتر بكەم”. 

شاهۆ لە تەمەنی 12 ساڵیدا ژنی هێناوە و خاوەنی 5 منداڵە. كوڕە گەورەكەی خالیدی خولەسوور لە هێزە ئەمنییەكان رازییە، كە تا ئێستاش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لەبارەی كوژرانی باوكی. شاهۆ گوتی “رازیم لە لێكۆڵینەوەكان و تا ئێستاش بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەكەن، بەڵام تا ئێستا كەس بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیر نەكراوە”.





شاهۆ باس لە پەیوەندی باوكی دەكات لەگەڵ حیزبەكانی كوردستان و دەڵێت “باوكم ئەندامی هیچ حیزبێك نەبوو، پارەی لە هیچ حیزبێكیش وەرنەگرتووە، بەڵام لەگەڵ نەوشیروان مستەفا پەیوەندی زۆر باشبوو”.

خالیدی خولەسوور حەوت ژنی هێناوە، لەو حەوت ژنە 40 كوڕ و 20 كچی هەبوو كە هەر هەموویان لە یەك خانوودا دەژین.

بە چاوی پڕ لە گریانەوە باسی ناسینی خالیدی خولە سوور دەكات و دەڵێ ”لەگەڵ خالید خاڵۆزا و پورزاین، هاتنە داوای من بۆ برایەكی خالید، بەڵام پێش ئەوەی مارەم بكات كوژرا، دواتر شووم كرد بە خالید”. 

ئاڵتون ئەحمەد، ژنی چوارەمی خالیدی خولەسوورەو 15 ساڵە شووی پێكردووە، ئاڵتون 7 منداڵی لە خالید هەیە. هەرچەندە خالید سێ ژنی دیكەی بەسەر هێناوە، بەڵام زۆر لە ژیانی خۆی رازییە و دەڵێت “هەموومان لە یەك خانوودا دەژین، هەر ژنێكیشمان كارێكی لە ئەستۆیە”. 

ئەو كاتەی مێردەكەیان كوشتووە لە بازاڕ بووە، ئاڵتون دەڵێ “كاتێك هەواڵی كوشتنی خالیدم بیست، تووشی شۆك بووم، كەس نازانێت بۆ كوشتیان، هەموو شتەكان خێرا روویاندا”.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە