رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی گاز، پرۆسەی دابەشکردنی گازی ماڵان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گرفت بووەتەوە، لە هەولێر بڕی گازەکە 80% کەمیکردووە و لە سلێمانی و هەڵەبجەش شێوازی دابەشکردن گۆڕدرا بۆ "پسوولەی خۆراک".
لە 28ـی شوباتی ئەم ساڵەوە، بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکە و هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە، ناردنی گازی حکومی کەمی کردووە و ئەوەش نرخی بتڵێک گازی لە بازاڕەکاندا بۆ زیاتر لە 25 هەزار دینار بەرزکردووەتەوە.
لە هەولێر دابەشکردن جێگیر نییە
رۆژی چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "دوێنێ 35 هەزار بتڵ دابەشکرا، بەڵام ئەمڕۆ گازمان بۆ نەهاتووە و ئەگەری هەیە رۆژی شەممە دووبارە دەست بە دابەشکردن بکەینەوە."
سەبارەت بە بڕی گازی گەیشتوو، سالار محەممەد گوتی: "پێشتر رۆژانە 18 تەنکەرمان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا تەنیا سێ بۆ چوار تەنکەر دەگات، ئەمەش وایکردووە 80٪ـی گازی ماڵان کەم بکات و دۆخەکە جێگیر نەبێت." گوتیشی، کە دابەشکردن لە هەولێر بە کارتی ئەلکترۆنییە و نرخی هەر بتڵێک 8500 دینارە، لەکاتێکدا لە بازاڕدا تاوەکو 30 هەزار دینار دەڕوات.
لە دهۆک دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت
بە پێچەوانەی هەولێر، لە پارێزگای دهۆک نیشانەکانی باشتربوونی دۆخەکە دەرکەوتوون. بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "دوێنێ نزیکەی 6 هەزار بتڵ و ئەمڕۆش هەمان بڕمان دابەشکردووە، دۆخەکە هێواش هێواش بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومیش ئاسایی دەبێتەوە.
سلێمانی و هەڵەبجە؛ دابەشکردن بە پسوولەی خۆراکە
لە سلێمانی و هەڵەبجە، سیستەمی دابەشکردنی گاز گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە بۆ ئەوەی رێگری لە قۆرخکاری بکرێت.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت بە رووداوی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە شێوازی دابەشکردن گۆڕاوە و لە رێگەی پسوولەی خۆراکەوە دەبێت، هەر کەسێک بەپێی پسوولەکە بەشی خۆی وەردەگرێت و دابەشکردن بەردەوامە."
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "رۆژانە لە کەرکووکەوە گازمان بۆ دێت، 80٪ـی بۆ هاووڵاتییانە و 20٪ـی بۆ بازاڕ دەبێت." گوتیشی کە چەند رۆژێکە لە هەڵەبجەش دابەشکردن کراوەتە پسوولەی خۆراک و تەنیا دوێنێ زیاتر لە هەزار بتڵ دابەشکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییە، پرۆسەی ناردنی گاز بۆ چەند ناوچەیەک تووشی گرفت بووە، ئەوەش کاریگەریی کردووەتە سەر دابینکردنی گازی ماڵان و کارەبای نیشتمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ