رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان.
ڕۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سوودانی پێشوازی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ژمارەیەک لە ئەندامانی فراکسیۆنەکە ئامادەبوون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا تاوتوێی بارودۆخی گشتیی وڵات کرا و جەخت لەسەر "گرنگیی پاراستنی هاوئاهەنگی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کرایەوە، بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لە بەرامبەر ئاستەنگە هەنووکەییەکان، بەتایبەت لەژێر رۆشنایی پێشهات و رووداوە خێراکانی ناوچەکەدا."
لە کۆبوونەوەکە، باس لە بارودۆخی سیاسیی نێوخۆی عێراق کرا.
سوودانی و شاندەکەی پارتی جەختیان کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی راوێژ لە نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان بۆ "تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان."
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەردوولا باسیان لە گرنگیی ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کرد، "بۆ ئەوەی هیوا و خواستەکانی رۆڵەکانی گەل لە سەرانسەری وڵاتدا بەدی بهێنرێن."
شاندی پارتی پێکهاتووە لە فازڵ میرانی، فوئاد حوسێن، نەوزاد هادی، ئومێد سەباح، فەوزی ھەریری و فارس عیسا.
ئەم سەردانەی شاندی پارتی لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە. بۆ ئەو پۆستە، پارتی و یەکێتی بە جیا بەربژێریان هەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ