کرێکارانی کوردستان لە نەبوونی بیمە و زۆربوونی کرێکاری بیانی ناڕازین

01-05-2019
رووداو @Rudawkurdish
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کرێکارانە
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کرێکارانە
نیشانەکردن رۆژی کرێکاران
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کرێکارانە. کرێکارانی باشووری کوردستان لەم رۆژەدا گلەییان هەیە و باس لە بیمە و سنووردارکردنی کارکردنی کرێکارانی بیانی دەکەن. 

 دیار شێرزاد، کرێکارە و رۆژانە هەشت کاژێر لە کارگەیەک کاردەکات. پەیامنێری رووداو لێی دەپرسێت "ئاگاداری کار و چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی کرێکارانی لە کوردستان". لە وەڵامدا دەڵێ نە دڵی بە پشووەکان خۆشە و نە بڕوای بەو بۆنانە هەیە.

دیار شێرزاد، کرێکار لە کوردستان لە رێگەی رووداو باس لە زەحمەتییەکانی ژیانی کرێکاریی خۆی دەکات و دەڵێ "رەوشی کرێکار لە کوردستان زۆر خراپە. ئێمە، هیچ پشوومان نییە. لە وڵاتانی دیکە زۆر رێزیان لێ دەگیرێت، بەڵام ئێستا کە رۆژی کرێکارە، ئێمە کاری ئاسایی خۆمان دەکەین".

رەمەزان کەریم ، کرێکارێکی دیکەیە و دەڵێ "ئێمە، داوادەکەین کرێکاری بیانی نەمێنێت. ئێمە ماندوودەبین و خوێنمان دەڕژێت، کەچی کرێکاری بیانی دەیخوات".

ئەحمەد سلێمان، کرێکارێکی دیکەیە لە هەولێر و هەمان گلەیی هەیە، باس لەوە دەکات "رەوشمان لەوپەری خراپیدایە. کرێکاری بیانی لە وڵاتانەوە دێت و لێرە کاردەکات، کرێکاری خۆشمان یاری لەگەڵ بالیف دەکات".

 

 
ژمارەیەک کرێکار و سەندیکای کرێکارانی هەولێر، حیزبی شیوعی و زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراسیی کوردستان رێپێوانێکیان رێکخست و لەبەردەم باغی شار بەیاننامەیەک دەخوێننەوە.


 

عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت "ئەگەر لە شوێنێک کاری کرێکاری خۆماڵی لێ نەبێت، کۆمپانیاکان بۆیان هەیە کرێکاری بیانی بهێنن، بەڵام دەبێت کۆمپانیاکان داوا لە سەندیکا بکەن بۆ ئەو کارە کەسی شیاوی ناوخۆیی هەیە یان نا، ئەوکاتە کرێکاری بیانی دەتوانێت لەو شوێنە کار بکات".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 11%ـەیە. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 80 هەزار کرێکار لە حاڵەتی کارکردندان کە نزیکەی شەش هەزاریان کرێکاری بیانین.

لە هەڵەبجە رێز لە چەند کرێکارێک دەگیرێت 

ئەمەل ناجی، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە رایگەیاند "شارەوانیی هەڵەبجە ئەمساڵیش وەکو ساڵانی رابردوو مەراسیمێکی بۆ رێزگرتن و بەخشینی دیاری رێکخستووە بەو کرێکارانەی شەقامەکان پاکدەکەنەوە.

  

لە رۆژئاوای کوردستان کرێکاران دەچنە سەیران 

ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند: راستە لە وڵاتانی جیهان لەمڕۆژەدا کرێکاران خۆپیشاندان دەکەن و داوای مافەکانیان دەکەن، بەڵام لە رۆژئاوای کوردستان خۆپیشاندان ئەنجامنادرێت و کرێکاران ئەو رۆژە وەکو دەرفەتێک دەبینن بۆ ئەوەی بچنە سەیران و پشوویەک بدەن.


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە