رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 04:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 01-05-2021 لە رووداوێکی تەقەکردندا لەبەردەم شوقەکانی MRF کواترۆ لە هەولێر، کەسێک کوڕە خەزوورەکەی خۆی بریندارکرد و کەمێک پێش ئێستاش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (رابەر نوورەدین)ـە و بەگوتەی کەسوکارەکەی کە لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە قسەیان بۆ رووداو کردووە "ئێستا تەرمی رابەر لە دادپزیشکی هەولێرەوە و توێکاری بۆ دەکرێت."
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و گوتی، کە "رابەر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە."
تاوەکو ئێستا بکوژی رابەر نوورەدین دەستگیرنەکراوە و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە لێکۆڵینەوەدان. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاندبوو کە "زانراوە تۆمەتبارانی رووداوەکە کێن و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی دیکە لە هەوڵی دەستگیرکردنیاندان."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو ئەو گەنجەی کوژراوە تەمەنی 31 ساڵە و خێزاندار نییە و خوشك و برایەکی دیکەی هەن. بەگوتەی کەسوکاری گەنجەکە کە قسەیان بۆ رووداو کردووە "بکوژی سەرەکی رووداوەکە کە زاواکەیانە هەڵاتووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە."


.png&w=3840&q=75)
