گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی 1ی ئایار وەکو رۆژی جیهانیی کرێکاران دیاریکراوە، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران لەو رۆژەشدا لەپێناو دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان پشوویان نەدا و چوونەوە سەر کارەکانیان.
 
محەممەد ئیبراهیم، کرێکار لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 1ی ئایاردا لەم وڵاتەی ئێمە لەبری کرێکار فەرمانبەر و کاربەدەستەکان بەناوی ئێمەوە پشوو وەردەگرن، ئێمەی کرێکار لە هەموو شتێک مافمان کەمترە، یاخود نیمانە، چونکە ئەگەر مافێکی سەرەتاییمان هەبووایە، دەبوو ئێستا من لە پشوودا بووبام و ئەمڕۆشمان بۆ هەژمار بکرایە. ساڵی جارێک بەناوی ئێمەی کرێکارەوە چەندین چالاکی دەکرێن و پارە خەرجدەکرێت بەبێ ئەوەی یەکێک لەمانە رۆژێک کرێکارییان کردبێت. من نەک ئەمڕۆ تەنانەت رۆژانی هەینیش دەچمە سەر کار."
 
ئەو وێنانەی لەم فۆتۆستۆرییەدا خراونەتەڕوو، وێنەی بەشێک لەو کرێکارانەیە کە لە رۆژی 1ی ئایاردا لەسەر چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێ بوون لە هەولێر کار دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە لە گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام کرێکاران لە کارکردندان.
 
بەگوێرەی یاسای کار، کرێکاران دەتوانن دەستەبەری خۆیان بکەن کە 17%ـی کرێی کارەکەیانە و دەبێت 12%ـی خاوەن کار بیدات، کرێکار کاتێک دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەبوو، لەکاتی پێویستیی تەندروستی و برینداربوونیدا دەتوانێت سوودی لێ ببینێت.
 
بەپێی داتاكانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، زۆرترین كرێكار لە ساڵی 2019 ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کراوە، كە 12 هەزار و 339 كرێكار بوون.
 
لە ساڵی 2018دا 7604 كرێكار دەستەبەر كراون، لە بەرامبەردا 5516 كرێكار بەهۆی بێكاربوونیان ناویان لە لیستی کرێکارانی دەستەبەرکراو رەشکراوەتەوە؛ واتە لەو ساڵەدا 2088 كرێكار لە تۆماری دەستەبەری كۆمەڵایەتی زیادبوون. بەڵام لە ساڵی 2019دا 12339 كرێكار دەستەبەر کراون و 6922 کەس بەهۆی بێکاربوونەوە ناویان سڕاوەتەوە. لەو ساڵە 5417 كرێكار لە تۆماری دەستەبەری زیادبوون، واتە ژمارەی كرێكارانی دەستەبەركراو لە ساڵی 2019 بەراورد بە ساڵی 2018 بە رێژەی 61.4% زیادبووە.