رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ دەڵێت، وەزارەتی دارایی پارەیان بۆ پرۆژی ئاوی چەمچەماڵ- گۆپتەپە دابینکردووە و سبەی کارکردن تیاییدا دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025، زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی خەرجنەکردنی بودجەوە، کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ- گۆپتەپە راگیرابوو، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارییەوە پێشەکییەک بە کۆمپانیاکە دراوە، بۆیە سبەی کارکردن تیاییدا دەستپێدەکاتەوە."
پڕۆژەکە تاوەکو راگرتنی، تەنیا 6%ـی کارەکانی تەواو کرابوو. بەڕێوەبەری ئاوی قەزای چەمچەماڵ گوتی، "بڕیارە مانگانە پێش کاتی خۆی پێشەکییەک بدرێت بە پڕۆژەکە تاوەکو دووچاری کێشە نەبنەوە و کۆمپانیاکە نەوەستێت لە کارەکانی."
29ـی ئایاری 2025، لەبارەی دۆخی ئاوی ئەو قەزایە، شیروان جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری پارێزگای سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئێستا هەشت بۆ نۆ رۆژ جارێك ئاو دەدرێتە ماڵان لە چەمچەماڵ".
بڕیاربوو بە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ- گۆپتەپە کە 30ـی حوزەیرانی پار دەستکرا بە جێبەجێکردنی، کێشەی چەندین ساڵەی کەمئاویی لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کۆتایی بێت، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی بودجەوە، کارکردن لە پڕۆژەکە نێوەڕاستی ئەم مانگە راگیرا.
ساڵی رابردووش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا کێشەی کەمئاوی لە سنووری چەمچەماڵ دروستبوو، 10 بۆ 12 رۆژ جارێک ئاو دەدرایە ماڵان و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ساڵ هەمان کێشە دووبارە ببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ