رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە بەغدا کردووە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن، بەڵام رەتیان کردووەتەوە.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج رایگەیاند: "بۆ سێ یەکەمەکان بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی دارایی عێراق کرد کە چۆن بە هەزارانی خۆتان دامەزراندووە، ئەو 773 یەکەمی ئێمەش دابمەزرێنن، بەڵام داواکارییەکەیان رەتکردینەوە."
وەک وەزیری دارایی و ئابووری دەڵێت، "لە ئەنجوومەنی وەزیران لێکۆڵینەوە بۆ ئەوە دەکەین کە ئایا داهاتی ناوخۆ دەتوانێت بەرپرسیاریەتی سێ یەکەمەکان هەڵبگرێت؟ کە 100٪ دەتوانن ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرین؟ چونکە دەستمان پێکردووە یەک دوو ساڵیشمان لێ دەمەزراند، بەڵام ئەو شتانەی کە تازە هاتوونەتە پێشەوە؛ رۆژێک بە قەرز مووچەمان بۆ دەنێرن رۆژێک لێمان دەبڕن بۆیە وەستا."
بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، "لە ئێستاوە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گفتوگۆی یاسای بودجەی ساڵی 2026، ئەوکاتە سێیەمەکان پێشینەی گفتگۆکە دەبن."
لەبارەی مامۆستایانی گرێبەست کە دەکرێن بە هەمیشەیی یان نا؟ وەزیری دارایی و ئابووری گوتی، "ئێمە ئێستا کێشەی مووچەکانیانمان چارەسەرکردووە، هەر بڕیارێکیش ئەنجوومەنی وەزیران بیدات جێبەجێ دەکرێت."
8ـی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (8538) داوای لە گشت زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، لە ماوەی پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لە دەرچووانی (2017-2018) تاوەکو (2022-2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
سێ یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017-2018 تاوەکو 2023-2024، ژمارەیان زیاتر لە 10 ھەزار دەرچووە و بەشێکی دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ