رووداو دیجیتاڵ
وشکەساڵی و کەمبارانی هەڕەشە لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، لەنێویاندا بەنداوی دهۆک، بەجۆرێک ئاوەکەی کەمیکردووە کە زەویی ژێرەوەی دەریاچەی بەنداوەکە دەرکەوتووە.
بەشێکی زۆری کەناراوەکان وشک بوون، تەنانەت هاونیشتمانییان دەتوانن بە پیادە هاتووچۆی تێدا بکەن. بەپێی زانیارییەکان، لە هەندێک ناوچەدا قوڵایی ئاو بۆ کەمتر لە 30 سانتیمەتر دابەزیوە و لە زۆر شوێنی دیکەشدا ناگاتە یەک مەتر.
ی.پ. د. زێرەڤان عارف، سەرۆکی بەشی خاک و ئاودێری لە زانکۆی دهۆک دەڵێت: "ئەگەر گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەگەری هەیە ئاستی ئاوەکە زیاتریش دابەزێت. بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ تاک، ئەوەیە کە دەست بە ئاوەوە بگرێت، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکات."
بە گوتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆی دهۆک: "گۆڕانی کەشوهەوا هەیە و وشکەساڵی لە دەسەڵاتی کەسدا نییە، بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێت پلانی بەکارهێنانی ئاودێریی کشتوکاڵیمان هەبێت و هاونیشتمانییان هۆشیار بکرێنەوە لە بەهەدەردانی ئاو، چونکە ئاو سەرچاوەیەکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە هەموو تاکێکەوە هەیە."
"بەنداوی دهۆک بەنداوێکی تۆکمە و بە پلانێکی ستراتیژی دروستکراوە، بۆیە باوەڕ ناکەم مەترسیی وشکبوونی لەسەر بێت و لەوانەیە بەرگەی ئەم مەترسییە بگرێت." زێرەڤان عارف، سەرۆکی بەشی خاک و ئاودێری لە زانکۆی دهۆک وای گوت.
عەلی مەهدی، جووتیارێکی نزیک بەنداوەکە، بە رووداوی گوت: "کەمبوونەوەی ئاوەکە یەکەم کاریگەریی دەبێت لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، ئەم ساڵ کەمبارانی زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە."
بەنداوی دهۆک دەکەوێتە باکووری ناوەندی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان. لە ساڵی 1988 تەواو بووە و مەبەستی سەرەکیی دابینکردنی ئاوە بۆ کشتوکاڵی ناوچەکە. بەرزییەکەی 60 مەترە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.