ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کۆنفرانسێکی بەڕێوەبرد کە تێیدا باس لە داینامیکەکانی چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا کرا.
کۆنفرانسەکە ناوی "ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا" بوو.
هۆکاری هەڵبژاردنی یەکی ئەیلوول بۆ کۆنفرانسەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەندێک لایەنی تورکیا ئەم رۆژە بە رۆژی ئاشتی دادەنێن. چەندین کەسایەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانتاران و نوێنەرانی لایەنەکانی تورکیا و کەسایەتییە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بوون.
پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆنفرانسەکەدا خوێندرایەوە؛ تێیدا پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کرد بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسەکە و لەبارەی ئاشتییەوە گوتی، "ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام."
میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی یەکێک بوو لە بەشداربووان و لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی چارەسەری تورکیا رایگەیاند، زۆر لایەن رۆڵی ئەرێنی و کاریگەریان لە پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیادا هەیە، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئاشتیی پرۆسەیەکی زۆر سەختە و پێویستی بە وزە، کات و هەوڵی بەردەوامە.