هێرش خۆشناو: لە سەركەوتنەكانمان رازین

01-10-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هێرش خۆشناو
A+ A-
رووداو - هەولێر

سەرۆكی لیستی مافی گەل، لیستەكەی بە دۆڕاوی هەڵبژاردن نازانێت‌و پێیوایە دەستە كاتییەكەی كۆمیسیۆن بێلایەن نەبووە. دەشڵێ بەر لە هەڵبژاردن بیری لە چەند شتێك نەكردووەتەوە. 

هێرش خۆشناو، سەرۆكی لیستی مافی گەل بۆ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئەوەی لیستەكەی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست نەهێناوە، بەڵام خۆی بە دۆڕاوی هەڵبژاردن نازانێت‌و دەڵێ "ئەگەر ئەنجامەكانیشمان بەدڵ نەبێت ناڵێین سەرنەكەوتووین، بەڵكو لە سەركەوتنەكانمان رازین، بەشداریكردنمان لە هەڵبژاردن بەشێكی گرینگی ئەو سەركەوتنە بوو".

هێرش خۆشناو لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی رووداو ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەر لە هەڵبژاردن بیری لە چەند شتێك نەكردووەتەوە‌و گوتی "جەماوەری كوردستان باش ئەوە دەزانێت پارتییەك، یەكێتییەك و گۆڕانێك خزمەتی زیاتری پێدەكرێت، بەڵام پێشووتر بیرم لەوە نەكردبووەوە".
 
خۆشناو ئەنجامی دەنگەكانی خۆی لە لیستەی جیاكردەوە‌و لێی ناڕازییە، گوتی "وەك لیستی مافی گەل من هیچ گلەییەكم لە رێژەی دەنگەكانمان نییە، بەڵام وەك هێرش گلەییم هەیە". لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد، كە 500 تا 600 هەزار دۆلاری بۆ قوتابخانەیەك كردووەتە دیاری، بەڵام تەنیا 15 دەنگی تێدا هێناوەو دەپرسێ "ئەوە مەعقولە؟".

لیستی مافی گەل بەپێی 95%ی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 2005 دەنگیان بەدەستهێناوە، سەرۆكی لیستەكەش لەو بارەیەوە دەڵێ "لەو ئەنجامەوە كە بەدەستمان هێنا لەوە تێگەیشتم كە كاری خێرخوازی زۆر جیاوازە لە كاری یاسادانان، بە نیازی ئەوە بووم رێژەی ئەو خێرخوازییەی خۆم لەرێگەی هەندێك یاساوە بكەمە سەدا 50، بەڵام دیارە خەڵكی كوردستان متمانەی ئەوەیان پێنەكردین".

هێرش خۆشناو رەخنەی لە سەرۆكایەتی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نییەو پێیوایە بێلایەن بووە، بەڵام دەڵێ "ئەو دەستە كاتییەی كە سەرپەرشتی پڕۆسەكەی دەكرد لایەندار بوون، لەمەوە یەكێك لە هەڵەكانی ئێمە ئەوە بوو كە چاودێرمان بۆسەر سندووقەكان دیاری نەكرد".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە