زڕدایک و باوکی سێ منداڵە ئەشکەنجەدراوەکەی ئاخجەلەر بە 12 ساڵ زیندانیکردن حوکمدران

01-11-2018
گۆڤەند مستەفا
مێرمنداڵەکان بەخراپترین شێوە ئەشکەنجەدرابوون
مێرمنداڵەکان بەخراپترین شێوە ئەشکەنجەدرابوون
نیشانەکردن مێرمنداڵ زیندانی ئاخجەلەر
A+ A-

رووداو - سلێمانی

زڕدایک و باوکێک لە پارێزگای سلێمانی دوای دووساڵ لە دەستبەسەرکردنیان بەهۆی ئەشکەنجەدانی سێ‌ مێرمنداڵیان، لەلایەن دادگاوە بڕیاری 12 ساڵ زیندانیکردنیان بۆ دەرچوو. 

سێ مێرمنداڵەکە لە شارۆچکەی ئاخجەلەری سەر بە پارێزگای سلێمانی لەلایەن باوك و زڕدایكەكەیانەوە بەتووندترین شێوە ئەشكەنجەدرابوون، دوای ئاشكرابوونیان لە 1-12-2016 دەستگیركران، دوای دووساڵیش بەسەر رووداوە حوکمدران.

رائید هێمن عەلی رەسوول، لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لقی چەمچەماڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "باوک و زڕدایکی ئەو سێ منداڵە دوای ئەوەی بابەتەکە لە میدیا بڵاوبووە و کاری لەسەرکرا لە رێککەوتی 1-12-2016، دەستبەجێ تیمەکانمان دەستگیریانکردن".

لێپرسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان لقی چەمچەماڵ دەڵێ "دوای ئەو ماوە دوورودرێژە، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی یاسای 412 لە یاسای سزادانی عێراقی، زڕدایک و باوکی ئەو سێ منداڵە بۆ ماوەی 12 ساڵ زیندانی حکومدران".

رائید هێمن عەلی هەروەها دەڵێ "ئێستا بارودۆخی ئەو سێ منداڵە باشە و لەلایەن مامیانەوە بەخێودەکرێن".

دوای بڵاوبوونەوەی كەیسی ئەو منداڵانە لە بەرنامەی هۆت لاین-ی تەلەڤیزیۆنی رووداو پێش دووساڵ، محەممەد مەحموود، کە پزیشکە ئامادەیی خۆی دەربڕی، نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵانە بكات کە بەگوتەی بێستوونی مامی ئەو سێ مێرمنداڵە "بەهۆی ئەشکەنجەدانیان نزیكەی 25 نەشتەرگەرییان پێویستە".

تەواوی بەرنامەی هۆتلاین لە 1-12-2016 کە تایبەت بوو بەو کەیسە

 

 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە