دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر مووچەی 5 مانگ رەتدەکەنەوە

02-01-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە مانگی شەشەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، بەڵام لە هەفتەی رابردوو مووچەی 5 مانگیان پێکەوە وەرگرتووە، جگە لە جەلال پەرێشان و رێباز بێرکۆتی.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، گەنجینەی هەولێر مووچەی 5 مانگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، لە مانگی 6 تاوەکو مانگی 11ی پێکەوە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر خەرجکردووە، کە بۆ هەر مانگێک بڕی 2 ملیۆن و 825 هەزار دینار بووە. 

رووداو زانیاری دەستکەوت کە جەلال پەرێشان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئەو مووچەیەی رەتکردووەتەوە. لەبارەیەوە پەرێشان گوتی "من بەڵێنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنم بەجێهێناوەو موزایەدەم نەکردووە".

پەرێشان راشیگەیاند کە رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش مووچەکەی رەتکردووەتەوە. گوتیشی "ئێمە ئەو چەند مانگە تەنیا چا و شیرینیمان لە ئەنجوومەن خواردووە ئیتر لەپای چی مووچە وەربگرین".

جەلال پەرێشان وەک خۆی دەڵێ پێش ئەوەی لە 24-12-2014 لە بانکەوە ئاگاداری بکەنەوە بۆ وەرگرتنی مووچەکەی، لە 9-11 بەنووسراوی فەرمی داواکاریی ئەوەی کردووە کە ئەو مووچە وەرناگرێت و دەبێت مووچەکەی بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە