رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی لەنێوبردنی مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر زیاتر لە 120 کیلۆگرام حەب و مادەی هۆشبەری لەنێوبرد. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەڵێ، لە ساڵی 2023ـوە زیاتر لە 1.7 تۆن مادەی هۆشبەر بە ''شێوەیەکی تەندروست'' سووتێنراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026، لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندی لەنێوبردنی مادە هۆشبەرەکان کە بەپێی مادەی 40 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2020 پێکهێنراوە، بڕی 120 کیلۆگرام و 464 گرام مادە و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر لە هەولێر لەنێوبران.
بەگوێرەی راگەیێندراوی لیژنەکە، مادە هۆشبەرەکان پێکهاتوون لە کریستاڵ، هیرۆیین، تریاک، حەشیش، ماریجوانا، گراس، تۆپێک قوماش و دوو پاڵتۆ و دوو کڵاو کە بە مادەی هۆشبەر داپۆشرابوون.
هاوکات 38 جگەرەی هۆشبەر، 8 دەرزیی هۆشبەر، 22 خواردنەوەی هۆشبەری (شرووب) و 898 کەلوپەلی بەکارهێنانی مادەکەش لەلایەن لیژنەکەوە سووتێنران.
نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) کە راگەیێندراوی لیژنەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا خوێندەوە گوتی، ''لە ساڵانی 2023 تاوەکو 2025، دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوو هەزار و 113 دۆسیەی تایبەت بە مادەی هۆشبەری رەوانەی دادگە تایبەتمەندەکانی کەتن و تاوان کردووە و یەکلایی کراونەتەوە''.
بە گوتەی ئەرکان بیبانی، ئەو لیژنەیەی بەپێی مادەی 40 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2020 (یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەری عەقڵی) پێکهێنراوە، لە سەرەتای ساڵی 2023ـوە، ''بڕی هەزار و 747 کیلۆ و 500 گرام مادەی هۆشبەر، 147 هەزار شریت حەبی هۆشبەر، هەزار و 959 دەنکە حەبی فەلە (هەڵڕژاو)، شەش هەزار و 633 دەرزی و خواردنەوەی هۆشبەر، دوو هەزار و 866 کەلوپەلی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری بە چەند قۆناخ لەنێوبردووە.''
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر) کە 31ـی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە، پار دەست بەسەر 922 کیلۆ و 963 گرام مادەی هۆشبەر و 12 هەزار و 194 شریت حەبدا گیراوە.
هەر بەگوێرەی ئامارەکە لە ساڵی 2025ـدا، هەزار و 708 تۆمەتبار دەستگیرکراون کە هەزار و 34ـیان کڕین و فرۆشتنیان بە مادەی هۆشبەر کردووە و 674ـیان بەکارهێنەری مادەکە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ