رووداو دیجتاڵ
لە هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێراندا هەشت کورسییەکەی پارێزگای کرماشان بەسەر حەوت بازنەی دەنگداندا دابەشکرابوون؛ دوو کورسی لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری کرماشان یەکلایی نەبوونەوە و کەوتنە گەڕی دووەم. ئەوانەی دەرچوون هەموویان کوردن.
لە بازنەی هەورامان کە شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، روانسەر و سەلاسی باوەجان لەخۆدەگرێت، رەستگار یوسفی بە 25 هەزار و 717 دەنگ کە دەکاتە 44٪ـی کۆی دەنگەکان، بووە پەرلەمانتار.
لە بازنەی هەڵبژاردنی قەسری شیرین، سەرپێڵی زەهاو و گەیڵانغەرب 76 هەزار و 802 کەس دەنگیان داوە و فەتحوڵڵا حوسێنی بە بردنەوەی 38 هەزار و 434 دەنگ بوو بە نوێنەری ئەو سێ شارە لە خولی 12ـەیەمی پەرلەمانی ئێران.
لە بازنەی داڵاهۆ و ئیسلامئابادی رۆژئاوا، 76 هەزار و 325 کەس دەنگیان داوە و لەو ژمارەیە سوجتەبا بەخشیپوور 30 هەزار و 737 دەنگی بەدەستهێنا و بووە پەرلەمانتار.
لە بازنەی هەڵبژاردنی سەحنە، هەرسین و کەنگاوەر، 91 هەزار و 101 دەنگ دەنگیان داوە و وەحید ئەحمەدی 32 هەزار و 576 دەنگی بەدەستهێنا و بوو بە نوێنەری هەر سێ شارەکە لە خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران.
لە بازنەی هەڵبژاردنی سونقور و کەلیایی 45 هەزار و 431 کەس دەنگیان داوە و سەیید جەواد حوسێنیکیا بە بەدەستهێنانی 11 هەزار و 12 دەنگ بوو بە نوێنەری ئەو بازنەیە لە پەرلەمانی ئێران.
بەڵام لە بازنەی هەڵبژاردنی شاری کرماشان کە رکابەری لەسەر دوو کورسیی پەرلەمان تێیدا بەهێز بوو، هیچ یەک لە بەربژێرەکان نەیتوانی رێژەی 20٪ـی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و چارەنووسی ئەو دوو کورسییە کەوتە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی خولی 12ـەیەمی پەرلەمان.
لە پارێزگای کرماشان یەک ملیۆن و 641 هەزار و 423 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو و 208 کەس خۆیان بۆ بەدەستهێنانی هەشت کورسی پەرلەمان لە حەوت بازنەی هەڵبژاردندا بەربژێر کردبوو.
