رووداو - هەولێر
قادری حاجی عەلی، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لەمەودوا بەشێک لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی و كۆنفراسەكانیان دەبەنە شاری هەولێر. دەشڵێت "هەولێر تەنیا مەركەزی ئیداری نییە، بەڵكو دەبێت ناوەندێكی ئابووریی و كولتووری بەهێز بێت".
ئەو قسانەی قادری حاجی عەلی لە میانەی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی بزووتنەوەکە لە شاری هەولێر هات، کە ئەمڕۆ دووشەممە 2-4-2018 ئەنجامیدا.
ئەو هەڵسوڕاوە دیارەی گۆڕان باسی لەوەشكردووە، دوای نەوشیروان مستەفا هەندێ كەس و لایەن گرەویان لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان دەكرد، بەڵام "گۆڕان توانیوویەتی خۆی رێكبخاتەوە".
قادر حاجی عەلی دەشڵێت "پارتی و یەكێتی بە تەنیا خۆیان ململانێ لەگەڵ گۆڕان ناكەن بەڵكو ئێستا شاگردیشیان لە دژ دروستكردووین".
قادر حاجی عەلی روونیکردووەتەوە "بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر چەند بنەمایەک دروستبووە؛ بۆ دروستبوونی دیموکراسی، دادپەروەریی، ماف و ئازادییەکان و، بە سەربەرزانە لەسەری سوورین و ئەوەی لە ساڵی 2009 داوامانکردووە ئێستاش هەمان داواکارییمان هەیە".
بۆ ئامادەكاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ماوەیەكە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان لە شار و شارۆچكەكان لەگەڵ ئۆرگانە جیاوازەكانی ئەو بزووتنەوەیە كۆدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ