رووداو دیجیتاڵ
نرخی بوتڵێک گازی ماڵانی بازرگانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ لە کاتێکدا لە هەولێر نرخەکەی گەیشتووەتە 32 هەزار دینار، لە پارێزگای کەرکووک هیچ قەیرانێک نییە و نرخەکەی بە 7 هەزار دینار جێگیرە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە رێگەی بەرپرسانی کارگێڕیی پارێزگاکانەوە کردوویەتی، جیاوازییەکی زۆر لە نرخی گازی بازرگانی (ئەهلی) لەنێوان پارێزگاکاندا دروستبووە و زۆرترین بەرزبوونەوە لە هەولێر تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نرخی لیتری گازی بازرگانی گەیشتووەتە 1,450 دینار، بەوەش بوتڵێک گاز لە نێوان 31 بۆ 32 هەزار دینار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا گازی حکومی بە 8,500 دینارە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی، پێشتر رۆژانە 18 تەنکەر گاز دەگەیشتە هەولێر، بەڵام ئێستا تەنیا سێ بۆ چوار تەنکەر دەگات، ئەوەش وایکردووە بڕی گاز لە بازاڕدا 80% کەمببێتەوە.
بەهمەن قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گازی حکومی بە 8,500 دینار جێگیرە، بەڵام نرخی بوتڵێک گازی بازرگانی لە نێوان 20 بۆ 25 هەزار دیناردایە.
سەبارەت بە دهۆکیش، بریندار حەیدەر، قایمقامی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە رۆژانە پێنج بۆ شەش هەزار بوتڵە گازی حکومی دابەش دەکەن، بەڵام گازی بازرگانی گەیشتووەتە نزیکەی 25 هەزار دینار.
لە هەڵەبجەش بۆ رێگریکردن لە قەیران، دابەشکردنی گاز بەستراوەتەوە بە پسووڵەی خۆراکەوە. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "گازی حکومی بە 8,500 دینارە، بەڵام گازی بازرگانی کە پێشتر 10 هەزار بوو، ئێستا بووەتە 25 هەزار دینار."
بەپێچەوانەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کەرکووک هیچ قەیرانێکی گاز نییە. ئەحمەد کەرکووکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "لە کەرکووک نرخەکان وەک خۆیانن و گازی حکومی و ئەهلی هەر بە 7 هەزار دینارە."
گرافیک: نرخی گازی ماڵان لە پارێزگاکانی باشووری کوردستان
هەولێر
گازی حکومی: 8500 دینار
گازی بازرگانی: 32000 دینار
سلێمانی
گازی حکومی: 8500 دینار
گازی بازرگانی: 20000 - 25000 دینار
دهۆک:
گازی حکومی: 8500 دینار
گازی بازرگانی: 25000 دینار
هەڵەبجە:
گازی حکومی: 8500 دینار
گازی بازرگانی: 25000 دینار
کەرکووک:
گازی حکومی و بازرگانی: 7000 دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ