رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگای سنە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکادا چەند شوێنێک لە سنووری بانەی سەر بە پارێزگای سنە کرانە ئامانج.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 عەلی ئەکبەر وەرمەقانی، جێگری پارێزگای سنە بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، بۆ دووەمین شەوی لەسەریەک دەوروبەری شاری بانە لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی کرایە سەر، لێکۆڵینەوەش لەبارەی زیانەکانی هێرشەکە دەستیپێکردووە.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، هێرشەکە نزیک کاژێر 04:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ کراوەتە سەر چەند خاڵێک لە سنووری شاری بانە.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە قەبارەی زیانە گیانی و مادییەکان بڵاونەکراونەتەوە.
هەر لە 11ەیەم شەوی بۆردوومانەکانی ئەمریکادا هێرش کرایە سەر چەندین ناوچەی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانەش شاری کەنگەوەر لە پارێزگای کرماشان، شارەکانی چەوار و ئاودانان لە پارێزگای ئیلام.
هەروەها بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، لە شارەکانی ورمێ و مهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سیستمی بەرگریی ئاسمانی چالاک کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیاری و وردەکارییەک لەبارەی هێرشکردنە سەر ئەو دوو شارە نییە و بەرپرسانی پارێزگای ورمێش لێدوانیان لەوبارەیەوە نەداوە.

