تەنیا 20 سانتیمەتری ماوە بەنداوی دهۆک سەرڕێژ ببێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی چەند رۆژی رابردوو رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ بەڕێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگاکەش دەڵێت، تەنیا 20 سانتیمەتری ماوە بۆ ئەوەی سەرڕێژ ببێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 02ـی نیسانی 2026، فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای دهۆک دەگرێتەوە؛ ئەگەر 300 هەزار مەتر سێجا ئاو بچێتە نێو بەنداوەکەوە، پێشبینی دەکەین ئەمشەو سەرڕێژ ببێت."
 
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەمشەویش سەرڕێژ نەبێت، ئەگەر باران ببارێت بە ئەگەری زۆرەوە بەیانی سەرڕێژ دەبێت.
 
بەنداوی دهۆک 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت. فەرهاد محەممەد گوتی: "ئێستا 51 ملیۆن و 700 هەزار مەتری سێجا ئاوی تێدایە."
 
جگە لە بەنداوە گەورەکەی دهۆک، سێ بەنداوی دیکەی مامناوەند لە سنووری پارێزگاکەدا هەن کە بەهۆی بارانەکەوە ئاستی ئاویان گەیشتووەتە ئەوپەڕی و سەرڕێژ بوون، ئەوانیش بەنداوەکانی (خنس، بێدۆهی و کەشکان)ـن.
 
دوێنێ کەشناسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی سبەی شەپۆلێکی بارانبارین دەستپێدەکات؛ سەرەتا لە پارێزگای دهۆک نمەباران و بارانی مامناوەند دەبێت، دواتر شەپۆلەکە درێژدەبێتەوە بۆ پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە.
 
کەشناسی پێشبینی دەکات رێژەی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک زیاتر بێت بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە