رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، پێویستە سەرجەم لایەنەکان و هەردوو حکومەت هەوڵی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان بدەن، ''حکومەت پلانێکی درێژخایەنی بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان هەیە.''
ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-05-2024، سێیەمین لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە دەستپێکی لووتکەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەرکێكی گەورە لەسەر شانمانە بۆ چاککردنی تەندروستیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق.''
لەتیف رەشید باسی لە گرنگیی لووتکەی تەندروستیی سلێمانی کرد و گوتی، ''هەر لە سبەیەوە'' بۆ باشترکردنی دۆخی تەندروستیی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
بەگوتەی سەرۆککۆماری عێراق، زۆربەی نەخۆشییەکانی ئەمڕۆ، بەهۆی کاریگەریی ژینگەوە دەردەکەون، '' کاتێک ژینگەیەکی تەندروست نەبوو خەڵکیش ناتوانێت بە تەندروستییەوە بژیت.''
د. لەتیف رەشید ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا حکومەت جەخت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و بەردەوام هەوڵی ئەوە دەدەین کە هێمنی و ئاسایشی عێراق پارێزراو بێت.''
سەرۆککۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەت پلانێکی درێژخایەنی بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان و چاککردنەوەی ئەو شتانە هەیە کە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە زەرەرمەند بوون.''
د. لەتیف رەشید گوتیشی، ''ماوەیەکە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبینرێت، هیوادارین کە ئەم دۆخە بەردەوام بێت و لە هەموو لایەکەوە، هەوڵی پاراستنی بدەین.''
لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی لەنێو کامپی نوێی زانکۆکە بە بەشداریی پسپۆڕانی 38 وڵات و 14 رێکخراوی نێودەوڵەتی و 25 زانکۆی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایێنێت.
لە لووتکەکەدا تەندروستیی گشتیی و گۆڕانەکانەکانی کەشوهەوا گەنگەشە دەکرێن و کەرتی تەندروستی و کەرتی خوێندنی باڵا بەشداری لووتکەی تەندروستی دەکەن، هەروەها بایەخی رۆڵی پەرستاری لە کەرتی تەندروستی مژارێکی لووتکەی تەندروستیی کوردستانە، پاشانیش پێشنیازەکانی نێو لووتکەکە کۆدەکرێنەوە و دەدرێنە لایەنی پەیوەندیدار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ