رووداو دیجیتاڵ
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە رووداوی گوت، داهاتی ناوخۆ نابێتە کێشە و مووچە خەرج دەکرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی داهاتی ناوخۆ، بەنگین رێکانی گوتی، مووچەی مانگی چوار خەرج دەکرێت و داهات نابێتە کێشە. مەبەستی ئەوەیە ئەگەر کەمتر لە 120 ملیارەکەش درایە بەغدا، مووچە خەرج دەکرێت.
پێشتر سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداو رایگەیاندبوو، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی نیساندا تەواو بووە و بە مەبەستی واژۆکردن کراوەتە یاداشتێک و بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نێردراوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، یەکێک لە رێکارە ماوەکان ئەوەیە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە ناردنی نەوت و کێشەی نییە؛ ئەو رێکارەش لە لایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی عێراق چەند مەرجێکی هەیە، کە بریتین لە: ناردنی لیستی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پابەندیی هەرێمی کوردستان بە هەناردەی نەوت، لەگەڵ رادەستکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی.
مانگی رابردوو و لە رۆژی 9ـی نیسانی 2026ـدا، پارەی مانگی ئاداری مووچەخۆران کە بڕەکەی 957 ملیار و 122 ملیۆن دینار بوو خرایە سەر هەژماری بانکی ناوەندی و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی هەموو مووچەخۆران دابەشکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ