رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا، زنجیرەیەک رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگای کەرکووک روویانداوە کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی نزیکەی 50 کەس. پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک 75٪ـی هۆکاری رووداوەکان بۆ نەبوونی کامێرای تیژڕۆیی دەگێڕێتەوە.
بەپێی دوایین ئامار کە سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک رۆژی شەممە، 02ـی نیسانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لە سێ رۆژی هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 50 کەس بوونەتە قوربانی.
بە گوتەی سامان یابە، زۆرترین قوربانی لە رووداوەکەی رۆژی 26ی نیسان لەسەر رێگەی کەرکووک - سلێمانی، کاتێک بارهەڵگرێک خۆی بە 35 ئۆتۆمبێلدا کێشا و لە ئەنجامدا 7 کەس گیانیان لەدەستدا و 26ی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک باسی لەوەشکرد، زنجیرە رووداوەکان لە رۆژانی دواتریش بەردەوام بوون؛ رۆژی چوارشەممە 6 کەس بەهۆی رووداوێکی دیکەوە (4 ئافرەت و 2 پیاو) بریندار بوون. هەروەها دوێنێ هەینی، 1ـی ئایار، دووبارە بەهۆی رووداوێکی دیکەی هاتووچۆ 8 کەسی بریندار بوون، یەکێکیان منداڵێکی لەدایکبووی ساڵی 2022 بووە و 7 کەسەکەی دیکەش پیاو بوون.
هاتووچۆی کەرکووک: پێویستە کامێرای تیژڕۆیی لە پارێزگەکە دابنرێت
لەبارەی هۆکاری زۆربوونی رووداوەکان، عەمیدی مافپەروەر عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک بە رووداوی گوت: "75٪ـی هۆکاری رووداوەکانی هاتووچۆ بۆ نەبوونی کامێرای تیژڕۆیی لە کەرکووک دەگەڕێتەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆ رایگەیاند، نەبوونی کامێرا وایکردووە شۆفێران پابەندی خێرایی دیاریکراو نەبن، پشتێنی سەلامەتی نەبەستن و مۆبایل بەکاربهێنن. عامر نەریمان وەک چارەسەرێکی سەرەکی داوای دانانی کامێرای تیژڕۆیی لە هەموو پارێزگاکە دەکات و دەڵێت: "دڵنیایی دەدەم ئەگەر کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچییەکان دابنرێت، 90٪ـی رووداوەکانی هاتووچۆ کەم دەبنەوە."
لەبارەی سەرەتای ئەم هەفتەیە سامان یابە گوتی: "ئەمڕۆش دوو قوتابی دیکە بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ