ئاوی ژێر زەوی چۆن دروستدەبێت؟

03-07-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
دروستبوونی ئاوی ژێر زەوی
دروستبوونی ئاوی ژێر زەوی
نیشانەکردن ئاوی ژێر زەوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زۆربەی ئاوی خواردنەوەمان لە ژێر زەوییەوە دێت. بارانبارین ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات. رووی زەویش ئاوەکە دەخواتەوە و شۆڕیدەکاتەوە بۆ نێوی.
 
دوای رۆیشتنی بەنێو چینی خاکدا، ئاوەکە بەنێو بەرد و نیشتووەکاندا دەرباز دەبێت، کە دەشگاتە ئەو چینەی کونیلەی تێدا نییە، لە شوێنە بەتاڵەکاندا کۆدەبێتەوە؛ ئەم چینە تێرئاوە، پێی دەگوترێت چینی ئاوهەڵگر.
 
سنووری چینی ئاوی ژێرزەوی لەوێوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە زەویی وشکی بێ ئاو. لەژێرەوەی چینی ئاوی ژێر زەوی، ئاوەکە دەوروبەری نیشتووەکان و کەلێنی بەردەکان پڕدەکاتەوە.
 
ئەو چینە ئاوانەی لەڕووی زەوییەوە نزیکن، یاخود چینی ئاوی ژێر زەوی، کونیلەدارن و ئاوەکەیان بەنێودا دەرباز دەبێت، تاوەکو دەگاتە چینێکی پتەو کە چیدیکە ئاوی لێ شۆڕ نابێتە خوارەوە.
 
هەندێک کەلێنی پڕ لە ئاویش هەن، کە دەکەونە نێوان دوو چینی پتەوی بێ کونیلە و ئاویان تێدا دەمێنێتەوە. ئەو کەلێنانە لە هەندێک شوێندا دەکەونە قووڵایی زیاتر لە هەزار مەتر.
 
گەورەتین شوێنە ئاوهەڵگرەکان ئەو حەوزانەن کە نیشتووەکان پێکیدەهێنن و بەردەکانیان کونیلەدارن، وەکو کڵس، خۆڵ و تەباشیر، بەڵام ئەو شوێنە ئاوهەڵگرانەی لەنێوان بەردی کریستاڵی و گڕکانیدا دروستدەبن، بچووکترن.
 
کاتێک ئاو بە نێو چینەکانی خاکدا دەڕواتە خوارەوە، پڕکانزاتر دەبێت. خێرایی تێپەڕبوونی ئاوەکە بەندە بە جۆری بەردەکان. هەندێ جار ئاو سەدان کیلۆمەتر بەرەو ناخی زەوی دەبڕێت و چەندین سەدە دەخایێنێت تا دەگاتە شوێنێک و دەوەستێت.
 
جۆگەلەکانی ئاوی ژێرزەوی دەچنەوە سەر رووبار، زۆنگاو و تەنانەت دەریاش. لە وەرزەکانی بەهار و هاوین، ئاوی ژێرزەوی رووبارەکان دەوڵەمەند دەکات. لە وەرزی پاییز و زستانیشدا دوای بارانبارین، رووبارەکان ئاوی ژێرزەوی دەوڵەمەند دەکەنەوە.
 
بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی، خەڵک بیر لێدەدەن. لەبەرئەوەی ئاوەکە لە ژێر پەستاندایە، خۆکارانە لە بیرەکە دەردەپەڕێتە دەرەوە. ئەمە پێی دەگوترێت بیری ئیرتیوازی.
 
بۆ ئەوەی کوالێتیی ئاوەکە باش بێت، پێویستە ئەو شوێنەی ئاوەکەی لێ دەردەهێنرێت، لە ئاستێکی دیاریکراودا بێت و لە شوێنێک نەبێت کە هۆکارەکانی سەر زەوی یان ژێرزەوی پیسی بکەن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە