بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ئامێر و قەڵەمی نوێ بەکاردەهێنرێت

02-08-2017
گۆڤەند مستەفا
نەبەرد حوسێن، پەیامنێری رووداو لە هەولێر زانیاری زیاتر دەدات
نەبەرد حوسێن، پەیامنێری رووداو لە هەولێر زانیاری زیاتر دەدات
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-

رووداو - هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامێرێکی نوێی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکات. بەگوتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆن ئامێرەکە لەماوەی 30 خولەک بۆ کاژێرێک ئەنجامی دەنگەکان ئاشکرا دەکات و رێگە لە ساختەکاریش دەگرێت.

رۆژی چوارشەممە 2-8-2017 لە هەولێر، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنفرانسێکی بۆ خستنەڕووی ئەو ئامێرە نوێیەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو ئەنجامدا.

هاوڕێ تۆفیق، بەرپرسی لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت "بۆ یەکەمجار لە عێراقدا هاوشێوەی وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەڵبژاردندا دەکرێت، ئەویش بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنییە بۆ جیاکردنەوەی دەنگدان".

هاوڕێ تۆفیق دەڵێت "لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو لەڕێگەی دەستەوە دەنگی نێو سندووقەکان جیا دەکرانەوە، بەڵام ئەم سندووقەی ئێستا هاتووە، دوای کاتی دەنگدان لەڕێگەی تەنها دوگمەیەکەوە لەماوەی یەک چرکە بە راپۆرتێک ئەنجام و جیاکردنەوەی دەنگەکانت پێدەدات، جیا لەوەش ئەو سندووقە ئەلیکترۆنییە بە ئینتەرنێت لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە دەبەسترێتەوە، وەکو چۆن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی تورکیا کەناڵەکان لەسەر شاشەکانیان چرکە بە چرکە رێژەی دەنگەکانیان پێدەگەیشت".

بەرپرسی لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند "گرنگییەکی دیکەی ئەو ئامێرە ئەوەیە لەماوەی 30 خولەک بۆ کاژێرێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ماوەی مانگێکی پێویست دەبوو".

بەگوتەی هاوڕێ تۆفیق "دەنگدانەکە لەڕێگەی قەڵەمی ئاسایی نابێت بەڵکو لەڕێگەی مۆرێکی ئەلیکترۆنی لە شێوەی قەڵەم دەبێت، ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو رێگایانە کە گونجاوترین رێگایە بۆ دادپەروەری و پاکی هەڵبژاردن".

بەپێی زانیارییەکانی بەرپرسانی کۆمیسیۆن، 59 هەزار 800 ئامێری لەو شێوەیە بە بەهای زیاتر لە 90 ملیۆن دۆلار بەپێی گرێببەستێک لەگەڵ وڵاتی کۆریای باشوور کڕدراون.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە