چارەنووسی مووچەکانی داهاتووی هەرێمی کوردستان لە دوو کۆبوونەوەی بەغدا یەکلایی دەکرێنەوە

02-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو کۆبوونەوەی جیاواز لە بەغدا، کە یەکێکیان تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوت و ئەوەی دیکەشیان داهاتی نانەوتی، چارەنووسی مووچەی مانگی تەممووز و مانگەکانی دواتری هەرێمی کوردستان یەکلا دەکەنەوە.
 
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەیانەوێت گەرەنتی دەستکەوتنی 16 دۆلاری بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و بڕە پارەیەکی دیکە بکەن، کە تێچووی گەیاندنی نەوتە لە کێڵگەوە بۆ بۆریی هەناردەکردن.
 
ئەوەی پەیوەندیدارە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی، هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەسەر رێژەکەی دەکەن کە لەنێوان 50% بۆ 100% رێککەوتنەکەیان پەک کەوتووە.
 
رووداو لەگەڵ دوو سەرچاوە لە بەغدا و سەرچاوەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە کە ئاگاداری وردەکاریی دانوستاندنەکانی نێوانیانن.
 
گەرەنتی و تێچووی دیکەی نەوت
 
دانوستاندنی ئەمجارەی کۆمپانیاکانی نەوت بە بەشداریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ. دانوستاندنەکە بۆ لادانی بەربەستەکانی بەردەم رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت دەیانەوێت گەرەنتییەکیان لە بەغداوە پێ بدرێت بۆ خەرجکردنی 16 دۆلاری تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەکی بەردەوام.
 
بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق، بڕی 16 دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری نرخی راستەقینەی تێچووی نەوتی هەر کێڵگەیەک بەجیا دیاری دەکات.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو هەموارەی یاسایەی بودجەی وەک گەرەنتی خستووەتە بەردەم کۆمپانیاکانی نەوت بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە، بەڵام کۆمپانیاکان گەرەنتی دیکەی نووسراویان دەوێت.
 
یەکێک لە بەربەستەکانی دیکەی بەردەم هەندێک لە کۆمپانیاکانی نەوت تێچووی گواستنەوەی نەوتە لە کێڵگەکانیانەوە بۆ بۆریی هەناردەکردن کە چۆن پابەندى دانى ئەو پارەیە یەکلادەکرێتەوە.
 
بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە (رووداو)ـی گوت: "تێچووی ئەو گواستنەوەیە لەنێوان یەک بۆ سێ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک."
 
وەزارەتی نەوتی ئەو بڕە پارەیە بە زۆر دەزانێت و تاوەکو ئێستا نەچووەتە ژێر باری خەرجکردنی و ئەو پرسە یەکێکە لە دۆسیەکانی کۆبوونەوەی نێوان کۆمپانیاکان و وەزارەتی نەوت.
 
داهاتی نانەوتی
 
تیمی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە بەشداری نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆکانیان لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراو دەستپێدەکەنەوە.
 
ناکۆکییەکانیان لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراوە. بەغدا داوای تەواوی داهاتی رسوومات، 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان رسوومات بە پشکی خۆی دەزانێت و 50%ـی داهاتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان بە پشکی بەغدا دەزانێت لەگەڵ 50%ـی بەشێک لە باجەکان.
 
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئەو دانوستاندنانە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت: "لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانى عێراق و بە بەشداریی نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیرانى فیدڕاڵ بەشدار دەبن لەو کۆبوونەوانە یان سەرپەرشتی دەکەن، ئەگەر تیمەکانی هەولێر و بەغدا رێککەوتن، راپۆرتێک لەبارەی جیاوازییەکانیان لە ماوەی یەک هەفتەدا دەدەنە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت."
 
زیادکردنى ئەو تیمە یاساییەى سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەى 26ى ئابى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیارى لێدرا بۆ ئەوەیە هەولێر و بەغدا بگەیێنێتە رێککەوتن لەبارەى داهاتى نانەوتى.
 
سەرچاوەیەکى دیکەى ئاگادار لە بەغدا بە رووداوى گوت: "تاوەکو ئێستا بڕیارى حکومەتى فیدراڵى وایە کە ئەگەر لە بارەى داهاتى نانەوتى و رادەستکردنى نەوت رێککەوتن نەکرێت، بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى تەممووز نادرێت".    
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)

جەنگیز چاندار: ئەوەی بە ناوی دیداری ئۆجەلانەوە بڵاوکرایەوە دەبێت فڕێبدرێتە زبڵدان

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە ئامەد رەخنەی تووند لەو "دەقە پوختکراوە" دەگرێت کە لەبارەی دیدارەکەی ئیمراڵی بەسەر ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دابەشکراوە و دەڵێت: "هیچ بەهایەکی نییە."