گالەری


رووداو دیجیتاڵ

بەھۆی هاتنی وەرزی سەرما و بارینی بەفرەوە، ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری زستانە لە رێگەی تەلەفریکەوە دەچنە چیای کۆڕەک و بەشێکیشیان شەوانە لە ڤێلا و کابینە گەشتیارییەکانی پڕۆژە گەشتیارییەکانی چیای کۆڕەک دەمێننەوە.
 
رۆژی هەینی، 03-02-2023، هەزاران گەشتیار چوونە چیای کۆڕەک، ئەوەش قەرەباڵخییەکی زۆری لەو پڕۆژە گەشتیارییە دروستکرد. بەشی زۆری گەشتیاران لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتبوون و بەشێکیشیان هاونیشتمانیی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
 
ئیسرا محەممەد، خوێندکاری زانکۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە گرووپێکی خوێندکارین و لە موسڵەوە هاتووین، کەشوهەوای ئێرە زۆر خۆشە و بە نیازین هەر لێرە بمێنینەوە."
 
بەشێک لە گەشتیاران شەوی رابردوو گەڕانەوە نێو شاری هەولێر، ئەوەش قەرەباڵخییەکی زۆری لە شەقامەکان دروستکرد.
 
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، نزیکەی 15٪ـی گەشتیارانی هەرێمی کوردستان، گەشتیاری زستانەن و ئاماژە بەوەش دەکات کە بەراورد بە رابردوو، پەرە بە پڕۆژە گەشتیارییەکانی زستانە دراوە.
 
روژی، 03-02-2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.