رووداو دیجیتاڵ
سکاڵاکارانی دژ بە نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان داوایان کردووە دۆسیەکەی لە دووبزەوە بگوازرێتەوە بۆ دادگایەکی کەرکووک، دانیشتنی دادگەش بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا.
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، دەیەمین دانیشتنی دادگەی دووبز لەبارەی دوو سکاڵاوە کرا، کە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک و سەربازێکی سوپای عێراق بە جیا لە دژی محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان تۆماریان کردبوو.
محەممەد ئەمین بە رووداوی گوت: "هەردوو سکاڵاکارەکە داوایان کردووە کە دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگەی کەتنی کەرکووک و دادوەری دادگەی دووبز پێیگوتین داواکەیان بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوە بەرز کراوەتەوە."
جووتیارە کوردەکە پێیوایە: "ئەو داوایەی گواستنەوەیە تەنیا بۆ دواخستن و پەکخستنی دادگاییکردنەکەیە، کە دەبوو بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدرێت."
سکاڵایەکیان لەلایەن کەڕار شاکر، سەربازی سوپای عێراق و ئەوی دیکەیان لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی ئەو جووتیارە تۆمارکراوە کە تایبەتن بە رووداوەکانی 17ی شوباتی 2025 کاتێک جووتیارە کوردەکە لە کاتی کێڵانی زەوییەکەی لەگەڵیاندا تووشی دەمەقاڵێ بوو.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتى: "دادبینی ئەو دۆسیەیە بۆ 22ی شوبات دواخرا و دادوەر پێیڕاگەیاندین، رۆژێک بەر لەوە پەیوەندییان پێوە بکەین تاوەکو بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوەمان پێ رابگەیەنن کە دۆسیەکە دەگوازرێتەوە یان لە دادگەی دووبز دەمێنێتەوە."
ئەو تۆمەتەی ئاراستەی جووتیارە کوردەکەی کەرکووک کراوە ئەوەیە گوایە قسەی نەشیاوی بە سوپا و سەربازەکە گوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ