پێشبینیی بەفربارین دەکرێت؛ کەشناسی: شەپۆلێکی باران دەستپێدەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق  و دوو شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکەن، شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین روو لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان بکات. کەشەکە لە کۆتایی هەفتەدا ئاسایی دەبێتەوە.
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژی سێشەممە، 3-2-2026،بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی لە هەرێمی کوردستان بارانە، مەودای بینین لە کاتی بارانباریندا بۆ 5 تاوەکو 7 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە؛ هەروەها پێنجشەممە هەور و لە هەندێ ناوچە باران دەبێت."
 
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سبەی چوارشەممە پلەی گەرما 1 بۆ 2 پلە نزم دەبێتەوە و خێرایی با لەنێوان 5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت."
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی ناسەقامگیریی کەشی دەریای نێوەڕاست، پێشبینی دەکرێ سبەی چوارشەممە باران لە هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین و بەشێکی دهۆک ببارێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "بارانەکە لە ئێوارەی سبەیەوە زۆرتر دەبێت و شەو بەردەوام دەبێت."
 
بەگوێرەی پێشبینیی ئەو شارەزایەی کەشناسی، "لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە، بەڵام لە گەرمیان و کەرکووک ئەگەری بارانبارین کەمە و ئاسمان زیاتر لەنێوان هەور و هەتاو دەبێت."
 
سەبارەت بە کەشوهەوای کۆتایی هەفتە، محەممەد کەمال رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێ رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئاسمان لەنێوان هەور و نیمچەهەوردا بێت و هەندێک کات خۆر دەردەکەوێ، پلەی گەرما 3 بۆ 4 پلە بەرز دەبێتەوە و خێرایی با ئاسایی دەبێتەوە. کەشوهەواکە بۆ سەیران گونجاو دەبێت و هاونیشتمانییان دەتوانن بچنە دەرەوە."
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی "باش" لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 7-2-2026ـەوە دەستپێدەکات و چەند رۆژێک بەردەوام دەبێ.
 
هەر ئەمڕۆ، شارەزایەکی دیکەی کەشناسی ئاسۆ کەمال، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای سپیی نێوەڕاست و گوتیشی: "لە ئەمشەوەوە باران زیاد دەکات و سبەی هەور و بارانی زیاتر دەبێ. لەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان لە سەرووی 1300 مەترە، بەفر دەبارێ."
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی بە پلەی سیلیزی:
 
هەولێر؛ 15
سلێمانی؛ 11
دهۆک؛ 13
هەڵەبجە؛ 13
سۆران؛ 13
پیرمام؛ 11
ئاکرێ؛ 14
زاخۆ؛ 13
چەمچەماڵ؛ 13
حاجی ئۆمەران؛ 4
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە