ئاسایشی سلێمانی: تاوانە ئەلیکترۆنییەکان روویان لە بانکەکان کردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئارێز خالید
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "زۆربەی تاوانکارانی ئەلیکترۆنی لە رەگەزی نێرن".
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "زۆربەی تاوانکارانی ئەلیکترۆنی لە رەگەزی نێرن".
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی زیادبوونی گرووپ چات و ئەکاونتی فەیک و بوونی چەندین کەیسی هەڕەشە و هەڵخەڵەتاندن، تیمێکی رووداو سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی کرد تاوەکو بزانێت ئەم تاوانە ئەلیکترۆنییانە بۆچی و لەپای چی ئەنجام دەدرێن و کێیان لەپشتە؟
 
سەرەتای بەدواداچوونەکەمان بەوە دەستیپێکرد ئایا لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا جیاوازەکان، رێژەی تاوانی ئەلیکترۆنی زیادیکردووە؟ کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەرچەندە هێشتا سەرەتای ساڵی 2026ـە و ئامارەکان بەردەست نین، بەڵام لە ساڵی 2025دا بەراورد بە ساڵی 2024، رێژەی تاوانی ئەلیکترۆنی بە رێژەی %50 کەمی کردووە و زۆربەی تاوانکارانیش لە رەگەزی نێرن".
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە، توانای دەزگای ئاسایش گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، وەک گوتەبێژەکەیان دەڵێت: "کەسانی تاوانکار هەر جۆرە ئامێرێک و بە هەر شێوازێک بەکاریبهێنن، دەدۆزرێنەوە و دەستگیر دەکرێن".
 
لە نێو ئاسایشی سلێمانیدا بەشێک هەیە بەناوی "بەشی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان"، هەرچەندە زۆربەی تاوانەکان بەرامبەر رەگەزی مێ دەکرێن، بەڵام بەرپرسی بەشەکە ئافرەتە. عەقید ئەڵوەن محەممەد، بەرپرسی ئەو بەشەیە و ئاگاداری ورد و درشتی رووداوەکانە.
 
ئەو چیرۆکی کوڕێکی گێڕایەوە کە بۆ خۆنزیککردنەوە لە کچە یاریدەدەرێکی پزیشکی، رۆژانە وەک نەخۆش سەردانی کردووە و داوای لێکردووە کانیولای بۆ دابنێت؛ هاوکات ئەکاونتێکی فەیکی بەناوی کچەکەوە لە تیکتۆک دروست کردووە و دواتر بە کچەکەی گوتووە: "ئەکاونتیان بەناوتەوە دروست کردووە، ئەگەر دەتەوێت بۆت دەسووتێنم بە بڕێک پارە".
 
کچەکە دوای ئاگادارکردنەوەی دەستگیرانەکەی، پەنایان بۆ ئاسایش بردووە و دوای بەدواداچوون، دەرکەوتووە کوڕەکە خۆیەتی و دەستگیر کراوە.
 
لە درێژەی بەدواداچوونەکەدا دەرکەوت، ئێستا تاوانەکان روویان لە بانکەکانیش کردووە. ئەندازیارێکی ئایتی لە دەزگا ئەمنییەکان، بە مەرجی دەرنەکەوتنی رووخساری، بە رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی مووچە بووەتە ئەلیکترۆنی، هێرش و تاوانەکان بۆ سەر بانکەکان و هەوڵدان بۆ فریودانی خەڵک لە رێگەی ئەکاونتی بانکییەوە، زیاترە لە تاوانی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ".
 
بەرپرسانی ئەمنیی سلێمانی هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "ئەگەر بەوریاییەوە مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانمان بەکارنەهێنین، وەک ئەوە وایە بۆمبێکی تەوقیتکراومان لە گیرفانمان دانابێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند عومرەکارێک تەواف بە دەوری کەعبەدا دەکەن

نرخی گەشتی عومرە دوو هێندە بەرز دەبێتەوە

نرخی گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە بۆ مانگی رەمەزان بەرزبووەوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت، لە رەمەزاندا لە سعودیەش نرخی هۆتێل و خواردن بەرز دەبێتەوە.