لە تەقتەق 15 کەس بەهۆی خواردنی دۆمبەڵان ژەهراویی بوون

03-03-2019
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن تەقتەق دۆمبەڵان
A+ A-

رووداو - تەقتەق 

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی تەقتەق بە رووداوی راگەیاند ''لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، بەهۆی خواردنی دۆمبەڵان 15 کەس ژەهراوی بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەریان وەرگرتووە".


کارێز نامیق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی تەقتەق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە رۆژی 1-3-2019 تاوەکو ئەمڕۆ (یەکشەممە 3-3-2019)، 15 کەس بەهۆی خواردنی دۆمبەڵان ژەهراویی بوون، بەشێکیان تووشی رشانەوە ببوون و بەشێکی دیکەشیان تووشی سکچوون هاتوون".

کارێز نامیق گوتی: ''ئەوانەی بەهۆی دۆمبەڵانەوە ژەهراوی بوون ماوەی دوو تاوەکو پێنج کاژێر لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و چارەسەریان وەرگرتووە، پاشان لە نەخۆشخانە دەرچوون''.

بەگوتەی کارێز نامیق، ئەوان بەدواداچوونیان کردووە لەبارەی ئەو دۆمبەڵانەی کە ئەم هاونیشتمانییانە خواردوویانە دەڵێت ''لەنێو بازاڕی تەقتەق کەسێک بە پیکئاب بڕێکی زۆر دۆمبەڵانی بە نرخێکی هەرزان فرۆشتووە و جۆرەکەی خراپ بووە، لەبەرئەوەش بووە کە ئەو هاونیشتمانییانە ژەهراویی بوون". 
 
دۆمبەڵان، ئەو خۆراکە سرووشتییەیە لە کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار لەژێر زەوی دەردەکەوێت، بەهای خۆراکی زۆرە، بۆیە هاووڵاتیان روودەکەنە دەشت و دەر بۆ کردنەوەی ئەو خۆراکە سرووشتییە و نرخیشی لە بازاڕەکان بەرزە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە