رووداو دیجیتاڵ
دوای تۆمەتبارکردنی حکومەت بۆ دەستوەردان لە دۆسیەی پەرلەمانتار غالب محەممەد لەلایەن هاوسەرۆکی یەکێتییەوە، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سەرۆکی حکومەت داوادەکات هیچ کەیسێک پشتگوێ نەخرێت، لەوانە کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هیچ کەیسێک پشتگوێ ناخرێت "لەوانە کەیسی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی".
هاوکات، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان "داواش لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان".
ئەمڕۆ لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەبارەی دۆسیەی هێرشكردنەسەر غالب محەممەد و ئەو کەسانەی لە هێرشەکە تێوەگلاون لە تویتێکدا رایگەیاند: "دەستیان داوەتە كاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ كەسە ئازاد بكرێن و كەیسەكە دیزە بە دەرخونە بكرێت".
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 11-04-2020، مستەفا سەلیمی، یەکێک لە زیندانییە هەڵاتووەکانی زیندانی سەقز، دوای دەستگیرکردنەوەی لەسێدارەدرا.
دوای لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاگایان لە رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران نەبووە و بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکدەهێندرێت.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی کەیسی مستەفا سەلیمی رایگەیاند "هیچ داتایەک بەناوی مستەفا سەلیمی لەناو تۆماری بەردەست ئاسایشی سلێمانی و نشینگە و دەروازە سنوورییەکان بەردەست نییە و ئێمە هیچ کەسێک بەو ناوە ناناسین".
هەروەها شەوی 16ی تشرینی یەکەمی 2019 تەرمی ئامانج بابانی، هاوژین و منداڵەکەی لە نزیک تێرمیناڵی شارەزوور لە سلێمانی دۆزرایەوە کە تاوەکو ئێستا چۆنیەتی کوژرانەکەیان یەکلایی نەکراوەتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە:
ڕاگەیێندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆکی حکومەت پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ دادگاکانی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سەربەخۆییانە و دوور لە ئەجێندا و بەرژەوەندی هیچ لایەک و دوور لە فشاری تاک و لایەنە سیاسیەکان، بڕیار لە سەر هەموو کەیسەکان بدات و هیچ کەیسێکیش پشتگوێ نەخرێت، لەوانە کەیسی ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و تیرۆرکردنی ئامانج بابانی و هاوژین و منداڵەکەی. داواش لە هەموو لایەک دەکات، خۆیان نەکەنە جێگرەوەی دادگاکان.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/3



