رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر دووکانداران و کاسبکاران بە شێوەیەکی جیاواز پێشوازی لە مانگی رەمەزان دەکەن و گرنگییەکەی زۆر بە رووناککردنەوە و دیزاینی دووکانەکانیان دەدەن.
فورات خەلیل ئاکرەیی، زیاتر لە 17 ساڵە کاری دیزاین دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەشی زۆری هێما، رووناکی و دیزاینەکانی تایبەت بە مانگی رەمەزان لە هەولێر ئەو دەیکات. دەشڵێت، لە مانگی رەمەزاندا خاوەن رێستۆرانت و دووکاندارەکان زۆر گرنگی بە رووناککردنەوە و رازاندنەوەی دووکانەکانیان دەدەن.
وەک هەمیشە دانیشتووانی هەولێر بە گەرموگوڕییەوە پێشوازی لە بۆنە ئایینییەکان دەدەن، بە تایبەتیش مانگی رەمەزان و مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ).
بە گوتەی ئەو دووکاندارەی شاری هەولێر، لە سەرەتای مانگی رەمەزانەوە بەشێکی بەرچاو لە دووکانداران و کاسبکاران روو لە کڕینی کەرەستەکانی جوانکاریی تایبەت بەو مانگە دەکەن. دەشڵێت، ساڵ بۆ ساڵ تابلۆ و کەرەستەکانی جوانکاری گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و ئەمساڵ شتی جیاوازتریان بۆ کڕیاران هێناوە.