رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باس لە مردن و دانانی پرسەی یەکێک لە بەرپرسەکانی دەسەڵاتی بەعس لە هەولێر دەکەن و دەڵێ: "پرسەی ئەو بەرپرسە لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەش ناچێت."
لە راگەیێندراوێکدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێ: "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند کەناڵ و پەیجێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، کە گوایە بەرپرسێکی رژیمی پێشوو (تاهیر جەلیل حەبووش، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی عێراق) لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و سێ رۆژیش پرسەی بۆ دادەنرێت، بە هەموو شێوەیەک ئەم هەواڵە بێبنەمایە رەت دەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستی و هیچ بنەمایەکیان نییە، پرسەی ئەو بەرپرسەش لە هەولێر بەڕێوە نەچووە و بەڕێوەش ناچێت.
ئومێد خۆشناو لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "بەداخەوە چەند کەناڵێک هەولێریان بە ئامانج گرتووە و چەند کەسێکی بەرپرسی نائاگاش لێدوانیان لەسەر ئەو بابەتە داوە؛" هەروەها جەخت دەکاتەوە کە "بە مافی خۆمانی دەزانین رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر هەر کەس و میدیایەک بگرینەبەر کە ئەم جۆرە هەواڵە ناڕاستانە بڵاودەکەنەوە."
ئەم راگەیێندراوەی پارێزگاری هەولێر دوای ئەوە هات کە لە چەند پەیج و دەزگایەکی راگەیاندندا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە گوایە فەریق تاهیر حەبووش، بەڕێوەبەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە.
لە دەنگۆکاندا وا بڵاوکرایەوە کە بۆ سێ رۆژ لە مزگەوتی "جەلیل خەیات" لە هەولێر پرسەی بۆ دادەنرێ.
تاهیر جەلیل حەبووش، لە ساڵی 1950 لە شاری تکریت لەدایکبووە، لە ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی بەعس کاری کردووە و لە ساڵی 1997 تاوەکو 2003 پۆستی سەرۆکایەتی دەزگای هەواڵگریی عێراقی وەرگرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ